خامنەیی داوادەکات ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورە نەکرێت و ناتەنیاھۆش دەڵێت، لە ھێرشەکەدا زیانی گەورەیان بە توانای بەرگری و بەرھەمھێنانی مووشەکی ئێرانیان گەیاندووە.
عەلی خامنەیی، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رایگەیاند، نابێت ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورەبکرێت و بە پێچەوانەشەوە، ھاوکات پێویستە ھەڵەکانی حکومڕانی ئیسرائیل راست بکرێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئیسرائیل لە ھێز و ئیرادەی گەلی ئێران تێبگات و دانبنێت بە تواناکانیاندا دژی ئەو وڵاتە.
ھاوکات، بنیامین ناتەنیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەدوایین ھێرشیان بۆ سەر ئێران، زیانی گەورەیان بە توانای بەرگری و بەرھەمھێنانی مووشەکی ئەو گەیاندووە، ھێرشەکەش تەواوی ئامانجەکانی پێکاوە، وتیشی، لەناوبردنی یەحیا سەنواری سەرۆکی حەماس، دەرفەتێکی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ناو غەززە رەخساندووە و و نابێت لە دەستی بدەن.
وەزیری بەرگری ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئێران لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل و پشتگیری واشنتۆنیش بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتدەكاتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، لوید ئۆستن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ یوئاف گالانت ئەنجامداوە و تێیدا هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تاوتوێكراوە. ئۆستن پابەندبونی ئەمریكای بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دواپاتكردوەتەوە و رایگەیاندوە تەلئەبیب مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بكات، هەروەها
هۆشداری داوەتە ئێران لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل و رایگەیاندووە، نابێت تاران هەڵەی وەڵامدانەوەی هێرشەكە ئەنجام بدات.
حزبوڵای لوبنان داوا لە دانیشتوانی زیاتر لە 20 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل دەكات دەستبەجێ ماڵەكانیان چۆڵ بكەن.
حزبوڵا لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، ئەو ناوچانە لە نیشتەجێبونەوە گۆڕاون بۆ ناوچەی سەربازی و جێگیربوونی هێزەكانی ئیسرائیل كە لێیانەوە هێرش دەكرێتە سەر لوبنان.
جەخت لەوەشدەكاتەوە، ئەو ناوچانە دەبنە ئامانجی هێزی ئاسمانی و مووشەكی حزبوڵا بۆ لەمەودوا.
ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژانە سوپای ئیسرائیل دانیشتوانی باشوری لوبنان ئاگاداردەكاتەوە بۆ چۆڵكردنی شوێنەكانیان پێش ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەكان بۆسەریان، حزبوڵاش بەردەوامە لە بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكانی ئیسرائیل.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەكاونتێك بە زمانی عیبری بۆ ئیسرائیلییەكان دروستدەكات و یەكەم پەیامیشی تێدا بڵاوكردەوە.
دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی، عەلی خامنەیی لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس ئەكاونتێكی بە زمانی عیبری داناو لە یەكەم پەیامیدا بە زمانی عیبری نوسی، بە ناوی خودای میهرەبان.
ڕێبەری باڵای ئێران خاوەنی كۆمەڵێك ئەكاونتی فەرمییە لەسەر ئێكس بە زمانە جیاوازەكان، لەوانەش فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و پێشتریش بە زمانی عیبری تویتێكی كردبوو و پەیامی ئاراستەی ئیسرائیل كردبوو.
پەیامەكەی خامنەیی هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەكانی هەردوو وڵات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری یەكتر بەتایبەت دوای شەڕی حزبوڵا و ئیسرائیل و هێرشەكەی تەلئەبیب بۆسەر تاران و چەند شارێكی ئێران لە شەوی ٢٦ی ئەم مانگەدا.
کۆریای باکوور دروستبوونی ھەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە نیمچەدوورگەی کۆریا بەھۆی مانۆڕە سەربازییەکانەوە دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، بەردەوامی مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە کۆریای باشوور پێشھاتێکی مەترسیدارە و لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بەتایبەتی کە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشداری لەو مانۆڕانەدا دەکەن و چەند جارێکیش سنوری ئاسمانیی کۆریای باکووریان بەزاندووە.
کۆریای باکوور ھۆشداریشی داوەتە ئەمریکا و دەڵێت، دروستبوونی ھەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە نیمچەدوورگەی کۆریا بەھۆی مانۆڕە سەربازییەکانەوە کە لە کۆنترۆَل دەربچێت لە ئەستۆی ئەمریکایە.
گرووپی حەوت لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا ٥٠ ملیار دۆلار بە قەرز دەداتە ئۆکراین پوتنیش دەڵێت ئەوە دزیکردنێکی ئاشکرایە و بێوەڵام نابێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی کە حکومەتی ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، سەرکردەکانی گرووپی حەوت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە پارە بلۆککراوەوکانی روسیا تا کۆتایی ئەمساڵ ٥٠ ملیار دۆلار بە قەرز بدەنە ئۆکراین بە مەبەستی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بەکارھێنان بە بوارە داریی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو ٥٠ ملیار دۆلارە، ئەمریکا ٢٠ ملیار و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا و کەنەدا و ژاپۆنیش ٣٠ ملیار دۆلارەکەی تر بۆ ئۆکراین دابین دەکەن کە کۆی ئەو بڕە لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا دەردەھێنرێت.
لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیاش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی گرووپی حەوت دزیکردنێکی ئاشکرایە لە سەروەت و سامانی روسیا و ھەر دەستبردنێکیش بۆ پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی بێوەڵام نابێت و سزای توندی دەبێت.
بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەک تورکیا ناوچە جیاجیاکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات، بۆدومانەکانیش قوربانی لێکەتوەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قامیشلۆ و دێرک دوو بینایان کردوەتە ئامانج، لە شاری دێرک دووجار کارگەیەکی ماست و پەنیریان بە ناوی زۆزان لەبۆردومان کردوە، لە ئەنجامدا ٣ ژن برینداربوون، کە یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە.
ھەروەھا سوپای تورکیا دەروازەی داداتیان لە نێوان مەنبەج و جەرابلوس تۆپبارانکردوە، لە ئەنجامدا ٢ منداڵ برینداربوون، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
سوپای تورکیا سێ رۆژە بەردەوام باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بۆردوومان دەکات، لە ئەنجامدا بێجگە لە زیانی ماددی، بۆردومانەکان ژمارەیەک شەھید و برینداری لێکەوتەوەتەوە.
وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەشداری ھێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران نەکردووە و داواش دەکات ھێرشی راستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەریەکتر بوەستێت.
جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی ئەمریکا کەمکردنەوەی گرژیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە بە رێگەی دیبلۆماسی و دەیانەوێت بازنەی ئاڵۆزیەکان فراوانتر نەبێت.
داواشی لە ئێران کرد وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل نەداتەوە بۆ ئەوەی ھێرشی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی بێت و دۆخەکە ھێمن ببێتەوە. رەتیشیکردەوە ئەمریکا بەشداری ھێرشەکەی سەر ئێرانی کردبێت.
ھاوکات شۆن ساڤێت وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل بەرگری لە خۆی کردووە و وەڵامی ھێرشە موشەکییەکەی سەرەتای ئەم مانگەی داوەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ھەر ھاووڵاتیەکی ئێران وێنە و زانیاری لە بارەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ میدیای بیانی بنێرێت لەنێوان یەک بۆ ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.
سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ھاووڵاتیانی ئێران ئاگادار دەکاتەوە کە ناردنی زانیاری و وێنە بۆ میدیای بیانی سەربارەت بە ھێرشەکەی ئیسرائیل بە تاوان ئەژمار دەکرێت بەپێی ماددەی ٦ و ٨ی یاسای رووبەڕووبوونەوەی کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل و دژایەتیکردنی ئاسایش و ئاشتی.
دەشڵێت، بەپێی ماددەی ٥٠٨ی یاسای سزادان ھەر کەسێک یان گروپێک ھاوکاری دوژمن بکات دژی ئێران بۆ ماوەی یەک تا ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەماوەی دوو رۆژی بۆردومانەکانی تورکیادا ١٤ کەس شەھیدبوون و ٤٠ کەسی تریش برینداربوون.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا راگەیەنراوێکی سەبارەت بە ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە ھێرشدەکاتە سەر باکور و رۆژھەڵاتی سوریا و بەو ھێرشانە دەیەوێت کێشە ناوخۆییەکانی بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.
راشیگەیاندوە، بەھۆی بۆردومانەکانەوە لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە ١٤ کەس شەھید بوون و ٤٠ کەسی تریش برینداربوون، لەو دوو رۆژەشدا تورکیا ١٧ جار ھێرشی کردوەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی نزیک کێڵگەی ئودێ و وێستگەکانی کارەبا و وزەی بۆردومان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئەنجامی ھێرشەکانی سەر کۆبانێ و ترپەسپی و عامودا، زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار خێزان بێ کارەبابوون، زیانێکی زۆریش بە کەرتی خزمەتگوزاری و کشتوکاڵ گەیشتووە.
عیراق و سعودیە ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئیدانە دەکەن و دەڵێن ئەو ھێرشە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەریتانیاش داوا لە ئێران دەکات وەڵامی ئیسرائیل نەداتەوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند، پێشتر بەغداد ھۆشداریداوە لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان، کە دواین پێشێلکاری ھێرشکردنە سەر ئێران بوو لەلایەن ئیسرائلیەوە و داواش دەکەن بە ھەوڵی ھەرێمی و نێودەوڵەتی شەڕ لە لوبنان و کەرتی غەززە رابگیرێت لە پێناو سەقامگیری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە.
حکومەتی سعودیەش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران پێشھاتێکی مەترسیدارە و پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئاسمانی ئێرانە و پێچەوانەی سەرجەم یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانیشە، راشیگەیاندووە، ھەڵوێستی ریاز لەبارەی رەوشی ناوچەکە جێگیر و نەگۆڕە و ھەوڵ دەدات رێگری بکات لە زیاتر فراوانبوونی و ھەمووانیش ھان دەدات دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان بکەن.
لای خۆیەوە، کیێر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای لە ئێران کرد وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل نەداتەوە تا دۆخەکە ھێوربێتەوە.
توێژینەوەیەک دەریخستووە بەریتانیا بەھۆی جیابونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە ٤٤ ملیار پاوەن زیانی بەرکەوتووە.
ناوەندی توێژینەوەی پەیمانگەی بەریتانیا توێژینەوەیەکی لەسەر دۆخی ئەو وڵاتە دوای جیابونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا بڵاوکردوەتەوە و دەرکەوتوە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامی سەرمایەی بەریتانیا کەمیکردووە.
ھەروەھا توێژینەوەکە باس لەوەدەکات، سەرمایەی بەریتانیا لە ماوەی ٧ ساڵی جیابونەوەیدا لە ئەوروپا بە بەردەوامی کەمیکردوە و بە گشتی لەو ماوەیە ٤٤ ملیار پاوەن لە سەرمایەی وڵاتەکە کەمبوەتەوە ئەوەش بە زیانی ئابوریی گەورە بۆ بەریتانیا دادەنرێت.
وێرنر ھاوێر بەڕێوبەری پێشوی بانکی سەرمایەی ئەوروپا باس لەوەدەکات، بەریتانیا تا ٢٠٢٨ ناتوانێت قەرەبوی زیانە ئابورییەکانی دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا بکاتەوە.
بە پێی نوێترین ئامار گەشەی ئابوریی بەریتانیا بەھۆی چونەدەرەوەی لە یەکێتی ئەوروپا کە بە برێکزت ناو دەھێنرێت ١٤٠ ملیار پاوەن کەمیکردووە.
ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە ئاستی چاوەڕوانیەكانیاندا بێت ئەوا لە یەك یان دوو هەفتەی داهاتودا كۆتایی بە هێرشە زەمینییەكان لە لوبنان دەهێنن.
ناوەندی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل بڵاویكردەوە؛ ئەگەر گۆڕانكارییە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە باشوری لوبنان لە ئاستی سەربازیی و سیاسی لە ئاستی چاوەڕوانكراوی تەلئەبیبدا بێت ئەوا كۆتایی بە هێرشە زەمینیەكانیان لەو ناوچانە دەهێنن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، سوپای ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنی زەمینیدا لە باشوری لوبنان دەستكەوتی گەورەی تۆمار كردوە و توانیویەتی هێڵە سنورییەكان بەدەست بێنێت و دوای كوژرانی زۆربەی سەركردەكانی حزبوڵاش چاوەڕوانی كشانەوەی خێرای سوپا لەو ناوچانە دەكرێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەی ئێف ١٦ی ھێزی ئاسمانی لە ئەڵمانیاوە گەیشتوەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو فڕۆکانە لە سەروبەندی ھێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەوانەی ناوچەکە کراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە ھەفتەی رابردوو، ھێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەی بەرپرسیارێتی خۆیاندا ئەنجامداوە.
ھێزی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە یونیفێل دوای ئەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کران لە باشوری لوبنان کشایەوە.
ھێزی یونیفێل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەربازانی ئاشتی پارێز لە کاتی بەجێھێنانی ئەرکەکانیاندا لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون، بەڵام پابەندن بە زامنکردنی ئاشتی.
دەشڵێت، دۆخی باشوری لوبنان ئاڵنگاری زۆری لەبەردەمە و مانەوە لە بەشێک لە ناوچەکاندا سەختە بۆیان و ناچارن پاشەکشە بکەن.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایان کرد رێز لە سەربازانی یونیفێل بگرێت و نیگەران بوون لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ھێزە.
یونیفێل ساڵی ١٩٧٨ پێکھات بۆ دڵنیابوونەوە لە پاشەکشە پێکردنی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە.
کۆمپانیای بریتیش ئێروەی بەریتانی رایگەیاند، ھەڵپەساردنی گەشتەکانی لە بەریتانیاوە بۆ ئیسرائیل تا کۆتایی مانگی ئاداری داھاتوو درێژکردەوە.
کۆمپانیای بریتیش ئێروەی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی گرژی و ئاڵۆزی دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بڕیاردراوە گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل تا کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ درێژ بکەنەوە.
دەشڵێت، ئەم بڕیارە لە پێناو سەلامەتی گەشتیاران و دەستەی فرۆکەوانییە و بەردەوام چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن و ئەوانەشی تکتی گەشتکردنی ئەو وڵاتەیان بڕیوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
لە مانگی نیسان و ئەیلولی ئەمساڵەوە بەھۆی ئاڵۆزی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت ھێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و دۆخی غەززە و لوبنان زۆربەی کۆمپانیا جیھانیەکان گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە ھەڵپەساردووە.