ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەماوەی  دوو رۆژی بۆردومانەکانی تورکیادا ١٤ کەس شەھیدبوون و ٤٠ کەسی تریش برینداربوون. 


ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا راگەیەنراوێکی سەبارەت بە ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە ھێرشدەکاتە سەر  باکور و رۆژھەڵاتی سوریا و بەو ھێرشانە دەیەوێت کێشە ناوخۆییەکانی بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.


راشیگەیاندوە، بەھۆی بۆردومانەکانەوە لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە ١٤ کەس شەھید بوون و ٤٠ کەسی تریش برینداربوون، لەو دوو رۆژەشدا تورکیا ١٧ جار ھێرشی کردوەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی نزیک کێڵگەی ئودێ و وێستگەکانی کارەبا و وزەی بۆردومان کردووە.


ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئەنجامی ھێرشەکانی سەر کۆبانێ و ترپەسپی و عامودا، زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار خێزان بێ کارەبابوون، زیانێکی زۆریش بە کەرتی خزمەتگوزاری و کشتوکاڵ گەیشتووە.