جیهان

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دژی کۆمپانیا و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی چەکی ئێران، لیستێکی نوێی سزاکانی راگەیاند. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ بەرتەسککردنەوەی توانای سەربازی تاران و رێگریکردن لە گەیاندنی چەک بۆ گروپە تیرۆریستییەکان و روسیا دێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، سزای سەپاندووە بەسەر شەش کۆمپانیا و دوو کەسایەتی کە تۆمەتبارن بە دابینکردنی پارچەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای پێویست بۆ بەرنامەی درۆن و مووشەکی ئێران.

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "گواستنەوەی درۆن و مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، مەترسییەکی جددی لەسەر خەڵکی مەدەنی و کارمەندانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان دروست کردووە."

بێسنت جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەی "لە بە ئامانجگرتنی ئەو کۆمپانیا و پیشەسازییە سەربازییانەی کە هاوکاری ئێران دەکەن و مووشەک و درۆن و چەکی دیکە دابین دەکەن، بەردەوام دەبێت."

بەپێی وردەکارییەکانی راگەیەندراوەکە، دوو کەس لەوانەی سزادراون هاوڵاتی ئێرانین، یەک کۆمپانیا سەر بە وڵاتی چینە و چوار کۆمپانیای دیکەش لە ئیمارات چالاکی دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سزای چوار ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای پاریسەوە بەسەر سەرکردەی راستڕەوی فەرەنسادا سەپێندرا و هەلی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2027ـی لەدەست دا.

مارین لوپان، سەرکردەی پارتی "گردبوونەوەی نیشتمانی" فەرەنسا، کە بە توندترین نەیاری ئیمانوێل ماکرۆن ناسراوە، دوێنێ دووشەممە بە تۆمەتی "گەندەڵیکردن و خراپبەکارهێنانی سامانی گشتیی وڵات" لەلایەن دادگای پاریسەوە سزا درا.

بەپێی بڕیاری دادگا، لوپان بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە کە نیوەی ئەو سزایە جێبەجێ دەکرێت، واتە لوپان دوو ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

بەشێکی گرنگی بڕیارەکەی دادگا، قەدەغەکردنی خۆکاندیدکردنی لوپانە بۆ هەر پۆستێکی حکومی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو، کە بەو پێیە ناتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2027دا بەشداری بکات.

شایانی باسە، هەشت پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا کە سەر بە پارتەکەی لوپانن، لە هەمان دانیشتنی دادگادا بە هەمان تۆمەت بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو.

مارین لوپان کە یەکێکە لە دیارترین رابەرانی راستڕەوە توندڕەوەکانی فەرەنسا، سەرکردایەتی گەورەترین پارتی ناو پەرلەمانی فەرەنسا دەکات. پارتەکەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا توانیبووی میشێل بارنیێ سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا لە پۆستەکەی لاببات و فشاری دەخستە سەر ماکرۆن بۆ دەستلەکارکێشانەوە.

بەپێی راپرسییەکان، پێش بڕیارەکەی دادگا، لوپان پێشەنگی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2027بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم بڕیارە دادوەرییەوە چانسی بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەدا لەدەست داوە.

بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسا کاردانەوەی لێکەوتەوە و دۆناڵد ترەمپ سەرەرای ئیدانەکردنی بڕیارەکە وتیشی؛ 

"سزای مارین لوپان،  هاوشێوەی ئەو لێپێچینەوانەیە کە من لە ئەمریکا روبەروی بوومەتەوە،".
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆشكی سپی وەڵامی هەڕەشەكانی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند، ترەمپ پێشوازی لە هەرەشە سەربازییەكانی تاران ناكات و پێی باشترە كەناڵی دیپلۆماسی راستەوخۆی لەگەڵ تاران هەبێت.

جیمس هیویت، بەرێوبەری پەیوەندییەكانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی راشیگەیاند، ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی بۆ دەستكەوتنی چەكی ئەتۆمی ، ئەوا روبەروی سزای توند دەبێتەوە .

لەلایەكی تریشەوە ، لە وەڵامی ئەو هەرەشانەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاراستەی ئێرانی كردبوو، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ، سكاڵای دژی هەرەشەكانی ترەمپ تۆماركردوە كە هەرەشەی بۆردومانكردنی ئێرانی كردبوو ئەگەر بێتو پێشنیازەكەی واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی دانوستان پەسەند نەكات .


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پلانیدایە سەردانی چەند وڵاتێکی عەرەبی بکات و باس لەوەش دەکات کە دەیەوێت بۆ جاری سێهەم دژی ئۆباما خۆی بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کاندید بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژانامەنوساندا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پێم خۆشە بۆ خولی سێهەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی باراک ئۆباما.

ئاماژەی بەوەشداوە: پێم وایە سەرۆکی روسیا و ئۆکرانیا بەڵێنەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن جێبەجێ دەکەن، بەڵام گەر بزانم پوتنی سەرۆکی روسیا ئەو کارانە ئەنجام نادات کە دەبێت ئەنجامی بدات، ئەوا سزا بەسەر روسیادا دەسەپێنم، چونکە ئێمە دەمانەوێت رێککەوتن بکرێت و جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا کۆتایی پێبێت.

ترەمپ باسی لەوەشکردووە کە لە پلانیدایە سەردانی سعودیە و ئیمارات و قەتەر بکات، بەپێی زانیارییەکان ترەمپ لە پلانیدا نییە سەردانی ئیسرائیل بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، هێرشی سەر حوسییەكان بەردەوام دەبێت و لەمەودوا ئازاری راستەقینە چاوەڕێی ئەو گروپە و ئێران دەكات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، حوسییەكان ماوەی دوو هەفتەیە بۆردومان دەكرێن و چەندین ئەندام و سەركردەیان لەناوبراون.

دەشڵێت، بە شەو و رۆژ بۆردومانیان دەكەن و تواناكانیان بۆ هێرشكردنەسەر كەشتییەكان و ناوچەكە لاوازكراوە و هێرشەكانی ئەمریكاش بۆ سەر حوسییەكان بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی رێڕەوەكانی بازرگانی هەڕەشەیان لەسەر نامێنێت.

ترەمپ وتیشی، بژاردەی بەردەم حوسییەكان زۆر رونە، ئەگەر هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییەكانی ئەمریكا رابگرن، واشنتۆنیش هێرشەكان رادەگرێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بن، لەمەودوا ئازاری راستەقینە چاوەڕێی حوسییەكان و ئێران دەكات.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای فەڕەنسا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانیكردن بۆ ماوەی چوار ساڵ بەسەر مارین لوپان سەرۆكی باڵی راستڕەوەكان بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی.

دادگای فەڕەنسا لە دانیشتنێكدا دادگایی مریان لوپان سەرۆكی باڵی راستڕەوەكانی وڵاتەكەی كرد بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و دوای ساغبوونەوەی تۆمەتەكانیشی سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵی بەسەردا سەپاند.

راشیگەیاند، لوپان و حزبی گردبوونەوەی نیشتمانی لە ساڵانی 2004 بۆ 2016 ملیۆنان یۆرۆیان لە سامانی گشتی خەرج كردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریانهێناوە و پارەی یاریدەدەرانی پەرلەمانی ئەوروپاشیان گلداوەتەوە.

دادگاكە باسی لەوەشكردووە، لەو چوار ساڵ زیندانیكردنە، مارین لوپان دوو ساڵی كۆتایی لە ماڵەكەیدا دەبێت و بازنەیەكی ئەلیكترۆنی بە قاچیەوە دەبەسترێتەوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵیش بۆی نییە بۆ هیچ پۆستێك خۆی كاندید بكات و ناتوانێت چالاكی سیاسیش ئەنجام بدات، لە بەرامبەریشدا مارین لوپان رایگەیاند، تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەدات و داوای خۆپیشاندان دەكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەركردەیەكی حەماس داوا لە فەلەستینییەكان دەكات لە دژی پلانی ئەمریكا بۆ راگواستنی دانیشتووانی غەززە، چەك هەڵبگرن.

سامی ئەبو زوهری سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بنیامین ناتا‌نیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای دانانی چەك و بە جێهێشتنی كەرتی غەززەی لە سەركردەكانی حەماس كردووە، ئەو لێدوانانەش بەو مانایەن كە ئامانجی شەڕەكە جێبەجێكردنی پلانی ئاوارەكردنی دانیشتووانی غەززەیە.

وتیشی، لە بەرامبەر ئەو پیلانە شەیتانییەدا، هەركەسێك توانای هەیە پێویستە چەك هەڵبگرێت یان بەهەر شێوازێكی تر بێت لە دژی بووەستێتەوە.

ماڵپەری ئەكسیۆسی ئەمریكیش بڵاویكردوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە هەوڵی دۆزینەوەی وڵاتێكدایە بۆ وەرگرتنی دانیشتوانی كەرتی غەززە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت ئەمریكایان ئاگاداركردوەتەوە لە هەر هێرشێك بكرێتەسەر تاران و زۆر بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.

عیسا كاملی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری ئەمریكا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە لە بارەی كارەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكە و كوژرانی هاووڵاتیان، باڵیۆزی سویسرای لە تاران بانگهێشتكردووە و یاداشتێكی ناڕەزایی رادەست كردووە.

وتیشی، لە یاداشتەكەدا زۆر بە روونی ئاماژە بەوەكراوە هەر هەڕەشەیەك یاخود هێرشێك بكرێتە سەر ئێران، بە توندی و بێ دواكەوتن وەڵامی دەدەنەوە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری ئەمریكا راشیگەیاند، بە باڵیۆزی سویسرایان وتووە بە زووترین كات ئەو پەیامە بە ئەمریكا بگەیەنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان برازای و عەلی كۆنار و پۆڵات یەڵدرم و سەبیحە ئاكتاش، سەردانی زیندانی ئیمراڵییان كرد بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاریان.

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی "پەكەكە"و حەمیلی یەڵدرم، عومەر حەیری كۆنار و وەیسی ئەكتاش، كە لە زیندانی ئیمراڵی ئەمنیی باڵای جۆری "ئێف" زیندانیكراون، لەگەڵ خانەوادەكانیان كۆبوونەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە ماوەیەكی زۆرە دیدار و چاوپێكەوتنی ئەو زیندانیانە لەگەڵ كەسوكار و پارێزەرەكانیان قەدەغەكراوە، لە ساڵی 2014شەوە تەنها حەوت جار رێگە بەبینینی كەسوكاریان دراوە، دوا دیداریش لە 23ی تشرینی یەكەمی 2024 ئەنجامدرا، دوای 44 مانگ رێگە بە عومەر ئۆجەلانی برازای دراوە چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان بكەوێت.

خانەوادەی یەڵدریم و كۆنار و ئاكتاشیش لە مانگی ئاداری 2015ەوە تەنها چوار جار رێگەیان پێداون چاویان بە زیندانییەكان بكەوێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەریتانیا سی ملیۆن پاوەند بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا دابیندەکات، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت؛ وەک تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ قاچاخچییەکان دەکەین

کەی ستامەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ لە لوتکەی ئاسایشی سنووری و بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی رایگەیاند لەدوای دەستبەکار بوونی وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، توانیویانە 24 هەزار پەنابەر بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.

وتیشی، ئەوانەی دیپۆرت کراونەتەوە هیچ مافێکیان نییە لێرەبن و ئەوە بەرزترین رێژەی دیپۆرتە لەماوەی هەشت ساڵدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وڵاتانی جیهان پێکەوە کۆببنەوە و قاچاخچییەکانی مرۆڤ هەڕەشەیەکی ئەمنی جیهانی هاوشێوەی تیرۆرە و دەبێت وەکو تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاند، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکان بانگهێشتێکی کراوە بووە بۆ قاچاخچییەکانی مرۆڤ و ناردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا.

کۆبوونەوەی لوتکەی ئاسایشی سنووری بە بەشداری نوێنەری زیاتر لە 40 وڵات کە لەناویاندا وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە، لە لانکاستەر هاوس کۆشکی سانت جەیمس لەناوەڕاستی لەندەن بەڕێوەدەچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری توند دەداتە ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین، لە ئەگەری پاشگەزبوونەوە لە رێككەوتنی كانزان.

ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر زیلینسكی پاشگەز ببێتەوە لە ئەنجامدانی رێككەوتنی كانزا دەگمەنەكان روبەڕووی كێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە. پێشتریش وتبووی لە سەرۆكی ڕوسیا توڕەیە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای دەكرد.

هاوكات رۆژنامەی "ئزڤیستیا"ی روسی بڵاویكردەوە، مۆسكۆ و واشنتۆن دانوستانیان دەستپێكردووە سەبارەت بەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە كانزا دەگمەكانەوە لە روسیا.

بەپێی وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەكانی روسیا، تێكڕای یەدەگی كانزا دەگمەنەكان لە روسیا دەگاتە نزیكەی 658 ملیۆن تۆن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ باس لە سێبارە بوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا دەکات لە داهاتوودا و دەڵێت: گاڵتە ناکەم.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خواستی هەیە بۆئەوەی بۆ جاری سێیەمیش ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا و بە تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی وتووە، "گاڵتە ناکەم لەبارەی خۆکاندیدکردنەوەم".

ئەگەرچی سێبارە خۆکاندیدکردنەوەی سەرۆکی ئەمریکا پێچەوانەی دەستووری وڵاتەکەیە، بەڵام ترەمپ لەرێگەی پارێزەرەکانییەوە لە هەوڵدایە بۆئەوەی ئەوە چارەسەر بکات.

لەبارەی ئەو پرسەوە هەفتەی رابردوو رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئەوەی ئاشکرا کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە قۆستنەوەی کەلێنێک لە دەستووردا مافی ئەوەی دەبێت کە تاوەکو ساڵی 2037 لە سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردبوو، ترەمپ نەک تەنها بۆ ویلایەتی سێیەم، بەڵکو دەتوانێت بۆ ویلایەتی چوارەمیش خۆی کاندید بکات، کە تاوەکو 2037 تەمەنی دەبێتە 90 ساڵ.

ترەمپ چەند رێگایەکی دەبێت بۆ جارێکی دیکە خۆهەڵبژاردنەوە، کە گۆڕینی دەستوور یان فێڵکردنە، یانیش راستەوخۆ سەرپێچیکردنی دەستوورە.

دۆناڵد ترەمپ ساڵی رابردوو بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا و لە مانگی 1ی ئەمساڵیشدا دەستبەکار بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دوو پەرستار کە لەکاتی بومەلەرزە بەهێزەکەی میانماردا هەوڵی رزگارکردنی چەند منداڵێکی تازەلەدایکبوو دەدەن کاردانەوەی بەرچاوی لێکەوتەوە و خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "دوو پەرستارە ئازاکە" ناویان دەبەن.

کامێرای چاودێری ژووری منداڵانی تازەلەدایکبوو لە نەخۆشخانەیەکدا دیمەنەکەی تۆمارکردووە، لەساتی دەستپێکردنی بومەلەرزەکەوە تاوەکو ساتی تەواوبوونی بومەلەرزەکە، پەرستارێکیان منداڵێکی بە باوەشەوەیە و ئەوەی دیکەشیان جێگای خەوتنی دوو منداڵی دیکەی گرتووە و دەیەوێت بەهۆی جوڵانی باڵەخانەکەوە منداڵەکان لەسەر جێگای خەوەکەیان نەکەونە خوارەوە.

ئەگەرچی بومەلەرزەکە زۆربەهێزە و باڵەخانەکە وەک جۆلانە دەبات بەملاولادا، بەهۆی ئەوەشەوە ئاوی سەر یەکێک لە ئامێرەکان دەڕژێت و زەوییەکە خلیسک دەبێت، پەرستارێکیان لەسەری هەڵدەخلیسکێت، بەڵام ئامادە نییە دەست لە منداڵەکە بەربدات و توند لەباوەشی گرتووە.

ئەو دیمەنانە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەکارهێنەرانی تۆڕەکان ئەو رەفتارەیان بە ئازایەتی و چاونەترسی ناو دەبەن.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی میانمارەوە گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار کەس و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون. تەندروستیی جیهانیش دۆخی فریاکەوتنی پلەباڵای راگەیاندووە.

دوای ئەوەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر میانماری هەژاند، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە.

بومەلەرزەکە ناوەڕاستی دووەم گەورەترین شاری میانماری هەژاند و لە تایلەندیش ئەوەندە بەهێزبوو، کە گوڕەکەی گەیشتە 6.9 پلە. ئەوە جگە لەوەی لە هەریەک لە هیندستان و کازاخستان و چین و وڵاتانی دیکەی چواردەوری میانمار هەستی پێکرا.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ئێستادا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە هەزار و 700 کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون.

بەهۆی بومەلەرزەکەوە بە دەیان هەزار کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون و حکومەت لە ئێستادا شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکات.

لەئێستادا کاری تیمە فریاگوزارییەکان بەردەوامن بۆ گەڕان لەژێر پاشماوەی داروبەردی باڵيخانە رووخاوەکاندا و ئێوارەی دوێنێ دوای 30 سەعات ژنێک بە زیندوویی لەژێر داروبەردی باڵەخانەیەکی رووخاودا دەرهێنرا.

بەپێی وتەی تیمەکانی بەرگری شارستانی میانمار، هێشتا 300 کەس بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە، رێکخراویی تەندروستیی جیهانیش دۆخی فریاکەوتنی پلەباڵای راگەیاندووە.

بومەلەرزەکە بەدەر لە زیانی گیانی زیانی ماددی زۆریشی لێکەوتووەتەوە و چەندین شوێنەواریی مێژوویی بەهۆیەوە رووخاون و تێکشکاون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە، نەوەی داهاتوو لەبەردەم مەترسی گەورەی ژینگەییدان، تەنانەت لە بارێکدا ئەگەر کۆنتڕۆڵی دەردانی کاربۆنیش بکرێت.

توێژینەوەیەکی نوێ کە زانایانی زانکۆی بوتسدامی ئەڵمانی بۆ توێژینەوە لە کەشوهەوا ئەنجامیان داوە ئاماژەی بەوەکردووە، تێکڕای پلەی گەرمی زەوی تاوەکو 175 ساڵی دیکە، واتە ساڵی 2200، حەوت پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەردانی کاربۆن لە ئاستێکی مامناوەندیشدا بمێنێتەوە.

ئەوەش هاتووە، ئەو بەرزبوونەوەیەی تێکڕای پلەی گەرمییە دەبێتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ زەوی و مرۆڤەکان، لەبەر ئەوەی بۆ ژینگە قورس دەبێت بتوانێت لەگەڵ ئەو پلەی گەرمایەدا خۆی بگونجێنێت، ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی خۆراک.

بەپێی توێژینەوەکە، ئەو گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمی زەویدا کارەساتی ژینگەیی زیاد دەکات، بە جۆرێک شەپۆلی باران و زریان زیاد دەبێت لە هەندێک ناوچە کە دەبێتە هۆی لافاو و زریانی بەهێز، یان شەپۆلی بەفر و تەرزە و سەرمای وشک و سەخت، بەپێچەوانەشەوە لە هەندێک ناوچەی دیکە توانەوەی بەستەڵەکەکان و بەبیابانبوون و کەمی بەفر و باران، شەپۆلی سەختی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی لەدوا دەبێت.

زانایان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما دەگەنە ئاستێک، کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندەوەران دروست بکات.

لەوبارەیەشەوە کریستین کاوفۆڵد نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، توێژینەوەکە ئەوەمان پێدەڵێت، کە پێویستە چی زووە کار لەسەر کەمکردنەوەئ دەردانی کاربۆن و نەهێشتنی کاربۆن بدرێت لە بەرگەهەوادا.

دەردانی گازە ژەهراوییەکان بەدەر لە هۆکارەکانی وەک تەقینەوەی گڕکانەکان و هەناسەی ئاژەڵەکانەوە، بە پلەی یەکەم لە سوتانی خەڵوز و گازەوە دەچنە بەرگەهەواوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چین ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد لە باركردنی باڵێكی تۆڕباینی هەوا و گواستنەوەی بە ئاودا، كە بۆ یەكەمجارە تۆڕباینێكی 133 مەتری بخرێتە سەر پشتی كەشتییەكی بارهەڵگر.

پرۆسەكە ئاسان نەبووە، بەڵام سەركەوتنیشی جارێكی تر چینی وەك پێشەنگی بەرهەمهێنانی وزەی با بیری جیهان خستەوە.

چین وەك پێشەنگی بەرهەمهێنانی وزە لە رێگەی هەواوە، توانی ژمارەیەكی پێوانەیی لەو بوارەدا تۆمار بكات، ئەویش باركردنی درێژترین باڵی تۆڕباینی هەوا بوو لەسەر پشتی كەشتییەك و گواستنەوەی بە رووباری یانگتسیی چینەوە.

ئەو باڵە تۆڕباینەی هەوا كە خراپە سەر پشتی كەشتی گوێزەرەوە، درێژییەكەی 133 مەتر بوو، كێشەكەشی 67 تۆن بوو.

بە سەركەوتوویی خرایە سە پشتی كەشتی و ئەوەش وەك ژمارەیەكی پێوانەیی هەژمار كرا لە باركردنی درێژترین باڵی تۆڕباینی هەوا و گواستنەوەی بە ئاودا، كە لە بەندەری یانگتسیی چین باركرا.

پرۆسەكە ئاسان نەبوو، بەڵكو دوو گەورەترین كرێن بەكارهێنران بۆ بەرزكردنەوەی باڵەكان و دواتر باركردنیان، ئەوەش بە یەكەم چالاكی لەو جۆرە هەژمار دەكرێت.

بەهۆی هەستیاری پرۆسەكەوە، سەرجەم قۆناغەكانی بە گواستنەوەشییەوە، لە رێگەی هەستەوەرە و كامێراوە چاودێری بەردەوام كرا.

بەرزی ئەو تۆڕباینەی كە ئەو باڵانەی بۆ دەبەسترێت، 185 مەتر دەبێت، بە جۆرێك دروست كراوە، كە لەنێو دەریادا جێگیر بكرێت و بەرگەی زیاتری رەشەبا و زریانەكان بگرێت، لە مانگی كانونی یەكەمی 2024، ئەمجۆرە لە تۆرباین لەلایەن چینەوە راگەیەنرا، كە بە بەهێزترین تۆڕباینی هەوا دادەندرێت بۆ بەرگەگرتنی رەشەبا و زریانەكان.

تۆڕی نێودەوڵەتی تەلەفزیۆنی چین ڤیدیۆكانی بڵاوكردوونەتەوە و رایگەیاندووە، بەندەری یانگتسیی چینی بووە بە بەندەرێكی گرنگی باركردن و گواستنەوە.

ئەو تۆڕباینە لەلایەن گروپی چاینا ئیسترێن ئەلیكتریكەوە بەرهەم هاتووە و بە قۆناغێكی گرنگ دادەندرێت بۆ گەشەپێدانی زیاتری كەرتی بەرهەمهێنانی وزە لە رێگەی هەواوە كە لە جیهاندا چین بە پێشەنگی ئەو كەرتە دادەندرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...478