لە روداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای کرمانی ئێران، 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
رەزا فەلاح بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سوری ئێران رایگەیاند، لە پارێزگای کرمان بەهۆی وەگەڕانی پاسێکەوە کە ٤٣ سەرنشینی هەڵگرتبوو، 14 کەس لە شوێنی روداوەکەدا گیانیان لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت تیم راستەوخۆ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
وتیشی، برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە، هەوڵی رزگارکردنیشیان کاتی خایاندووە، بەڵام لەئێستادا کارەکان تەواو بوون و تیمەکانیش لە شوێنی روداوەکە نەماون.
توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە، نەوەی داهاتوو لەبەردەم مەترسی گەورەی ژینگەییدان، تەنانەت لە بارێکدا ئەگەر کۆنتڕۆڵی دەردانی کاربۆنیش بکرێت.
توێژینەوەیەکی نوێ کە زانایانی زانکۆی بوتسدامی ئەڵمانی بۆ توێژینەوە لە کەشوهەوا ئەنجامیان داوە ئاماژەی بەوەکردووە، تێکڕای پلەی گەرمی زەوی تاوەکو 175 ساڵی دیکە، واتە ساڵی 2200، حەوت پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەردانی کاربۆن لە ئاستێکی مامناوەندیشدا بمێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە، ئەو بەرزبوونەوەیەی تێکڕای پلەی گەرمییە دەبێتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ زەوی و مرۆڤەکان، لەبەر ئەوەی بۆ ژینگە قورس دەبێت بتوانێت لەگەڵ ئەو پلەی گەرمایەدا خۆی بگونجێنێت، ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی خۆراک.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمی زەویدا کارەساتی ژینگەیی زیاد دەکات، بە جۆرێک شەپۆلی باران و زریان زیاد دەبێت لە هەندێک ناوچە کە دەبێتە هۆی لافاو و زریانی بەهێز، یان شەپۆلی بەفر و تەرزە و سەرمای وشک و سەخت، بەپێچەوانەشەوە لە هەندێک ناوچەی دیکە توانەوەی بەستەڵەکەکان و بەبیابانبوون و کەمی بەفر و باران، شەپۆلی سەختی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی لەدوا دەبێت.
زانایان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما دەگەنە ئاستێک، کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندەوەران دروست بکات.
لەوبارەیەشەوە کریستین کاوفۆڵد نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، توێژینەوەکە ئەوەمان پێدەڵێت، کە پێویستە چی زووە کار لەسەر کەمکردنەوەئ دەردانی کاربۆن و نەهێشتنی کاربۆن بدرێت لە بەرگەهەوادا.
دەردانی گازە ژەهراوییەکان بەدەر لە هۆکارەکانی وەک تەقینەوەی گڕکانەکان و هەناسەی ئاژەڵەکانەوە، بە پلەی یەکەم لە سوتانی خەڵوز و گازەوە دەچنە بەرگەهەواوە.
بەشێکی رۆژووەوانان بەهۆی مانەوەیان تاوەکو درەنگ لە شەوانی مانگی رەمەزاندا، راهاتوون بەوەی درەنگ بخەون، بەڵام بێگومان درەنگ خەوتن زیان بە جەست ەدەگەیەنێت، بۆیە پێویستە سیستمی خەو رێکبخرێتەوە.
خەوتنی ناڕێک و کەمخەوی کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە و سیستمی بەرگری جێدەهێڵیت، جەستە بۆئەوەی کارەکانی بە رێکی بەڕێوەببات و ئەندامەکانی بپارێزێت، پێویستی بە سیستمێکی گونجاو لە خەو و خۆراک و جوڵە هەیە.
پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا پێویستە بۆ رێککردنەوەی سیستمی خەو بەیانیان زوو لە خەو هەڵبستیت، ئەگەرچی رەنگە لە سەرەتادا شەکەت و ماندوو و بێزار بی، بەڵام دەبێت بەرگەی ئەو دۆخە بگری تاوەکو جەستەت لەگەڵ زوو هەستان لە خەودا رادێت.
هەروەها گرنگیدان بە وەرزش لە بەیانیاندا پزیشکەکان بە هۆکارێکی باشی دادەنێن تاوەکو هاوکاری جەستە بکەن لە تەندروست مانەوەی و رێککردنەوەی کاری هۆڕمۆنەکان، بۆئەوەی لەکاتی گونجاوی خۆیاندا دەربدرێن، بەتایبەت هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە پەیوەستە بە رێکخستنی خەوەوە.
پزیشکەکان ئاماژەیان بە چەند چالاکییەکیش داوە بۆئەوەی لە شەواندا ئەنجامی بدەیت تاوەکو وا لە مێشک و جەستەت بکەیت زووتر خەوی بێت، لەناویشیاندا خوێندنەوە بە هەڵبژاردنێکی باش دادەنێن.
هەروەها گرنگە شەوان چەند کاتژمێرێک بەر لە خەوتن لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دووربکەویتەوە، بۆئەوەی ئەو تیشکانەی لەو ئامێرانەوە دەردەچن کاریگەریت لەسەر دروست نەکەن و خەوت بزڕێنن.