بەشێکی رۆژووەوانان بەهۆی مانەوەیان تاوەکو درەنگ لە شەوانی مانگی رەمەزاندا، راهاتوون بەوەی درەنگ بخەون، بەڵام بێگومان درەنگ خەوتن زیان بە جەست ەدەگەیەنێت، بۆیە پێویستە سیستمی خەو رێکبخرێتەوە.

خەوتنی ناڕێک و کەمخەوی کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە و سیستمی بەرگری جێدەهێڵیت، جەستە بۆئەوەی کارەکانی بە رێکی بەڕێوەببات و ئەندامەکانی بپارێزێت، پێویستی بە سیستمێکی گونجاو لە خەو و خۆراک و جوڵە هەیە.

پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا پێویستە بۆ رێککردنەوەی سیستمی خەو بەیانیان زوو لە خەو هەڵبستیت، ئەگەرچی رەنگە لە سەرەتادا شەکەت و ماندوو و بێزار بی، بەڵام دەبێت بەرگەی ئەو دۆخە بگری تاوەکو جەستەت لەگەڵ زوو هەستان لە خەودا رادێت.

هەروەها گرنگیدان بە وەرزش لە بەیانیاندا پزیشکەکان بە هۆکارێکی باشی دادەنێن تاوەکو هاوکاری جەستە بکەن لە تەندروست مانەوەی و  رێککردنەوەی کاری هۆڕمۆنەکان، بۆئەوەی لەکاتی گونجاوی خۆیاندا دەربدرێن، بەتایبەت هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە پەیوەستە بە رێکخستنی خەوەوە.

پزیشکەکان ئاماژەیان بە چەند چالاکییەکیش داوە بۆئەوەی لە شەواندا ئەنجامی بدەیت تاوەکو وا لە مێشک و جەستەت بکەیت زووتر خەوی بێت، لەناویشیاندا خوێندنەوە بە هەڵبژاردنێکی باش دادەنێن.

هەروەها گرنگە شەوان چەند کاتژمێرێک بەر لە خەوتن لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دووربکەویتەوە، بۆئەوەی ئەو تیشکانەی لەو ئامێرانەوە دەردەچن کاریگەریت لەسەر دروست نەکەن و خەوت بزڕێنن.