حزبوڵای لوبنان کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای راگەیاند
رەوەز
١ی نیسانی ٢٠٢٥
بەپێی راگەیاندراوێکی فەرمی لەلایەن حزبوڵڵاوە، لە ئاکامی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری بەیروتی پایتەختی لوبنان، سەرکردەیەکی حزبوڵڵا بەناوی "عەلی حەسەن بەدیر" و کوڕەکەی "حەسەن عەلی بەدیر" کوژراون.
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل و دەزگای شاباک (ئاسایشی گشتی ئیسرائیل) لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا ئەنجامدانی هێرشەکەیان پشتڕاست کردەوە.
راگەیاندراوە هاوبەشەکەی ئیسرائیل ئەوەی خستووەتە روو کە "عەلی حەسەن بەدیر" دەستی هەبووە لە پلانڕێژی هێرشێکی گەورە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل و هاوکات هاوکاری حەماسی کردووە.
سەرچاوە نزیکەکان ئاشکرایان کردووە کە حەسەن بەدیر یاریدەدەری بەرپرسی دۆسیەی فەڵەستین بووە لە حزبوڵڵا و یەکێک بووە لە سەرکردە کاریگەرەکانی ئەم گرووپە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەدیر برای بەرپرسی راگەیاندنی شەڕ لە حزبوڵڵا بووە و لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی کراوەتە ئامانج.
جێی باسە، بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکەدا جگە لە بەدیر و کوڕەکەی، چوار کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسیش برینداربوون.