توێژینەوەیەکی نوێ زیانەکانی زۆرخەوتنی ئاشکرا کردووە و باس لەوە دەکات، زۆر مانەوە لە جێگادا و خەوتن تاوەکو کاتێکی زۆر، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبوون بە خەمۆکی.
توێژینەوەکە لەسەر 546 خوێندکاری زانکۆ ئەنجام دراوە، بۆ دیاریکردنی "جۆری کرۆنۆ"، کە چەمکێکە بۆ دیاریکردنی خواستی کەسەکان لە کاتەکانی خەوتن و لەخەو هەستان بەکاردێت.
لە توێژینەوەکەدا توێژەران ویستوویانە ئەوە دیاری بکەن، کە چۆن شیوازی خەوتن کار لەسەر تەندروستی دەروونی کەسەکان دەکات، بۆئەوەی لەو رێگایەوە چارەسەرێکی گونجاو بخەنە روو بۆ بەرەوباشتر بردنی ژیانی ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر لە جێگادا دەمێننەوە.
باڵندەکانی شەو
لە توێژینەوەکەدا ئەو کەسانەی کە ئارەزوو دەکەن بە رۆژدا زیاتر لە جێگادا بمێننەوە بە باڵندەکانی شەو ناوهێنراون، توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، زیاتر گەنجەکان ئارەزووی ئەوە دەکەن، بەتایبەت لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی هەرزەکاریدا، کە دواتر بەشێوەیەکی گشتی شێوەی ژیانیان دەگۆڕێت لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی تەمەن.
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، کە درەنگ مانەوە لە جێگادا بۆماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسانە شەوانەش درەنگ بخەون، ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی لەو کەسانەدا، هەروەها وایان لێدەکات بیرکردنەوەکانیان زیاتر نەرێنی بێت.
لە توێژینەوەکەشدا چارەسەری گونجاو بەو چەند هەنگاوێک دانراوە، کە یەکێکیان ئەوەیە، ئەو کەسانە بۆ رێککردنەوەی شێوە و کاتی خەوتنیان، پێویستە زیاتر گرنگی بدەن بە هۆشیارکردنەوەی خۆیان و ئاشنابوونیان بە زیانەکان، بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەواو خۆیان بگەنە ئەو بڕیارەی ئەو کارە هەڵەیە، کە ئەوەش وایان لێدەکات بەبێ هیچ پاڵنەرێک هەوڵی گۆڕانکاریی بدەن و نەچنەوە سەر شێوازە کۆنەکە.
هەروەها باشتر کردنی سیستمی خواردن و ئەنجمدانی وەرزش و تێڕامان، بە چارەسەرێکی گونجاو دانراوە بۆ ئەوەی لەرووی بایۆلۆجییەوە هاوکاری جەستە بکەن لە وازهێنان لەو خووە و رێککردنەوەی کاری هۆرمۆنەکان بۆ خەوتن لەکاتی گونجاودا.
توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە، نەوەی داهاتوو لەبەردەم مەترسی گەورەی ژینگەییدان، تەنانەت لە بارێکدا ئەگەر کۆنتڕۆڵی دەردانی کاربۆنیش بکرێت.
توێژینەوەیەکی نوێ کە زانایانی زانکۆی بوتسدامی ئەڵمانی بۆ توێژینەوە لە کەشوهەوا ئەنجامیان داوە ئاماژەی بەوەکردووە، تێکڕای پلەی گەرمی زەوی تاوەکو 175 ساڵی دیکە، واتە ساڵی 2200، حەوت پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەردانی کاربۆن لە ئاستێکی مامناوەندیشدا بمێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە، ئەو بەرزبوونەوەیەی تێکڕای پلەی گەرمییە دەبێتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ زەوی و مرۆڤەکان، لەبەر ئەوەی بۆ ژینگە قورس دەبێت بتوانێت لەگەڵ ئەو پلەی گەرمایەدا خۆی بگونجێنێت، ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی خۆراک.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمی زەویدا کارەساتی ژینگەیی زیاد دەکات، بە جۆرێک شەپۆلی باران و زریان زیاد دەبێت لە هەندێک ناوچە کە دەبێتە هۆی لافاو و زریانی بەهێز، یان شەپۆلی بەفر و تەرزە و سەرمای وشک و سەخت، بەپێچەوانەشەوە لە هەندێک ناوچەی دیکە توانەوەی بەستەڵەکەکان و بەبیابانبوون و کەمی بەفر و باران، شەپۆلی سەختی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی لەدوا دەبێت.
زانایان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما دەگەنە ئاستێک، کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندەوەران دروست بکات.
لەوبارەیەشەوە کریستین کاوفۆڵد نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، توێژینەوەکە ئەوەمان پێدەڵێت، کە پێویستە چی زووە کار لەسەر کەمکردنەوەئ دەردانی کاربۆن و نەهێشتنی کاربۆن بدرێت لە بەرگەهەوادا.
دەردانی گازە ژەهراوییەکان بەدەر لە هۆکارەکانی وەک تەقینەوەی گڕکانەکان و هەناسەی ئاژەڵەکانەوە، بە پلەی یەکەم لە سوتانی خەڵوز و گازەوە دەچنە بەرگەهەواوە.
بەشێکی رۆژووەوانان بەهۆی مانەوەیان تاوەکو درەنگ لە شەوانی مانگی رەمەزاندا، راهاتوون بەوەی درەنگ بخەون، بەڵام بێگومان درەنگ خەوتن زیان بە جەست ەدەگەیەنێت، بۆیە پێویستە سیستمی خەو رێکبخرێتەوە.
خەوتنی ناڕێک و کەمخەوی کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە و سیستمی بەرگری جێدەهێڵیت، جەستە بۆئەوەی کارەکانی بە رێکی بەڕێوەببات و ئەندامەکانی بپارێزێت، پێویستی بە سیستمێکی گونجاو لە خەو و خۆراک و جوڵە هەیە.
پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەتا پێویستە بۆ رێککردنەوەی سیستمی خەو بەیانیان زوو لە خەو هەڵبستیت، ئەگەرچی رەنگە لە سەرەتادا شەکەت و ماندوو و بێزار بی، بەڵام دەبێت بەرگەی ئەو دۆخە بگری تاوەکو جەستەت لەگەڵ زوو هەستان لە خەودا رادێت.
هەروەها گرنگیدان بە وەرزش لە بەیانیاندا پزیشکەکان بە هۆکارێکی باشی دادەنێن تاوەکو هاوکاری جەستە بکەن لە تەندروست مانەوەی و رێککردنەوەی کاری هۆڕمۆنەکان، بۆئەوەی لەکاتی گونجاوی خۆیاندا دەربدرێن، بەتایبەت هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە پەیوەستە بە رێکخستنی خەوەوە.
پزیشکەکان ئاماژەیان بە چەند چالاکییەکیش داوە بۆئەوەی لە شەواندا ئەنجامی بدەیت تاوەکو وا لە مێشک و جەستەت بکەیت زووتر خەوی بێت، لەناویشیاندا خوێندنەوە بە هەڵبژاردنێکی باش دادەنێن.
هەروەها گرنگە شەوان چەند کاتژمێرێک بەر لە خەوتن لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دووربکەویتەوە، بۆئەوەی ئەو تیشکانەی لەو ئامێرانەوە دەردەچن کاریگەریت لەسەر دروست نەکەن و خەوت بزڕێنن.
ناوەندی ئەمریکیی بۆ توێژینەوە لە تەندروستیی گشتی رایگەیاندووە، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، دوای دوو ساڵ لە جەنگی سودان کە بەهۆیەوە نزیکەی 150 هەزار کەس مردوون، زۆرینەیان بەهۆی توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەناویشیاندا شۆک بوون یان توشبوون بە دڵەڕاوکێی توند و بێئومێدی.
ناوەندی ئەمریکیی بۆ توێژینەوە لە تەندروستیی گشتی توێژینەوەیەکی لەبارەی دۆخی ئەو کەسانە ئەنجام داوە کە لە سودان بەرکەوتەی جەنگن و ئاماژەی بەوە کردووە، رێژەی 62٪ی ئەو کەسانەی کە ماوەی زیاتر لە 30 رۆژ لەو ناوچانەی سوداندا ماونەتەوە کە جەنگی تێدایە، رووبەڕووی گرفت و نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە، کە هەریەکێکیان جۆری گرفت یان نەخۆشییەکەی و رێژەکەی جیاوازە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەیان توشی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ترس، کەمخەوی و ئالودەبوون بوون.
توێژینەوەکە دەشڵێت، لەماوەی دوو ساڵی جەنگی سوداندا نزیکەی 150 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە رێژەی زۆرینەی گیانلەدەستدانەکان پەیوەست بوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە، لەناویشیاندا دڵەڕاوکێی توند و وەسوەسە و نائومێدی. ئەوە جگە لەو هستریا گشتییەی لە وڵاتەکەدا هەیە.
توێژینەوەکە باس لەوەش دەکات، جگە لەوەی خەڵکێکی زۆر بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن، توانای بەرگەگرتنی کەسەکانیش بۆ ئەو نەخۆشییانە جیاوازە، بە جۆرێک نەخۆشەکان بەرێژەیەکی زیاتر ژن و منداڵ و خوێندکارانی زانکۆن.
ڤیتامین D یەکێکە لە ڤیتامینە بنچینەییەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و گەشەی ئێسکەکان، هاوکات رۆڵێکی گرنگیشی لە رێکخستنی کاروفرمانی کۆئەندامی دەمار و سیستمی بەرگریدا هەیە.
رێگەکانی دەستکەوتنی ڤیتامین D خۆیان دەبیننەوە تیشکی خۆر، خوارد و تەواوکەرە خۆراکییەکان، ئەو خۆراکانەی بەگشتی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی، بریتین لە ماسی، زەردێنەی هێلکە، شیر و قارچک.
کەمی ڤیتامین دی دەکرێت چەندی لێکەوتەی نەرێنی هەبێت، بەجۆرێک وا دەکات ئاستی مژینی کالیسیۆم لە ریخۆڵەدا کەمببێتەوە، کە دەبێتەهۆی ئەوەی ئاستی کالیسیۆم داببەزێت و گرفتی لاوازیی ماسولکەکان و خەمۆکی بێتەئاراوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەشێت لێکەوتە ماوەدرێژەکانی ئەم حاڵەتە بریتی بێت لە تووشبوون بە فشەڵبوونی ئێسک لە کەسانی پێگەیشتوودا و لە منداڵانیشدا ببێتەهۆی ئێسکە نەرمە.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر جارەو بابەتێکی پەیوەست بە رۆژوو و مانگی رەمەزان باس دەکەین، ئەمڕۆش باس لەو هۆکارانە دەکەین وادەکات لە مانگی رەمەزاندا کێشت زیاد بکات.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
هەندێک کەس سەرەڕای ئەوەی بەرۆژوو دەبن و ماوەیەکی درێژ هیچ خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆنەوە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا کێشیان زیاد دەکات.
دکتۆر کامهران رسوڵ ژاژڵهیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە، قەڵەوبوون و زیادبوونی کێش لە رەمەزاندا ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە بابەتێکی بەربڵاو و ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1.کهمی جوڵه و سستی و وهرزشنهکردن لهنێوان بهربانگ و پارشێو، هەروەها دانیشتن بۆ ماوهیهکی زۆر به دیار تهلهفزێون مۆبایڵ و کۆمپیوتهرهوه لە شەواندا.
2.خواردنی بڕێکی زۆر خۆراکی دهوڵهمهند به وزه، وەک برنج و شله و گۆشت و ناوساجی و خواردنی سوورکراوه و شیرینی.
3.خواردنهوه باوهکانی مانگی رهمهزان: وهک شهربهتی مێوژ ههموو رۆژێک.
4.نهخواردنهوهی بڕی پێویست له ئاو و وشکبوونهوهی لهش.
5.نهخواردن یان کەمخواردنی سهوزه و میوه.
6.زۆر خواردنی خورما و میوەی و شکراوە .
7.پارشێونهکردن یان خواردنی چهور و شیرینی و برنج و شله له پارشێودا.
8.نهخواردنی زهڵاته و سهوزه و شۆربا له سهرهتای بهربانگکردنهوه.
9.شهونخوونی و نهخهوتن تاوەکو پارشێو.
لە بڕکەی لە رەمەزاندا هەرجارە و بابەتێکی پەیوەست بە رۆژوو و مانگی رەمەزان باس دەکەین، ئەمڕۆش باس لە باشترین جۆرەکانی شەربەت دەکەین کە لەگەڵ رۆژانی رۆژوودا سود بە جەستە دەگەیەنێت.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
رۆژووەوانان بەهۆی بەرۆژووبوونەوە ماوەی نزیکەی 14 کاتژمێر دوور دەبن لە خواردنەوەکان، کە جەستە بە شێداری دەهێڵنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش باشترە کە لەدویا رۆژووشکاندن ئەو جۆرە خواردنەوانە بخۆنەوە کە سوود بە جەستە دەگەیەنن و بە شێداری دەیهێڵنەوە.
پزیشکەکان باس لەوە دەکەن، باشترین شەربەتەکان ئەوانەن کە بە سروشتی و لە ماڵەوە دروست دەکرێن.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو میوانەی کە تایبەتن بەو وەرزەی مانگی رەمەزانی تێدایە، گونجاوترین هەڵبژاردەن بۆ ئەوەی بکرێن بە شەربەت و بخورێنەوە.
دەشڵێن، بەدەر لە میوەی ئەو وەرزە، باشترین هەڵبژاردن خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵ، شوتی، سێو، کیوی، گێلاس، شیلک و لیمۆیە. چونکە هەریەک لەو میوانە رێژەیەکی باش ئاویان تێدایە و دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکان، بوونی هەروەها تێکەڵکردنی چەند جۆرێکی میوە بەیەکەوە بۆ شەربەت یەکێکی دیکەیە لە هەڵبژاردە گونجاوەکان.
بەدەر لەوانەش دەتوانیت لیمۆ لەگەڵ خەیار، یان نەعنا بهاڕدرێت و بخورێتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی گرفتیان لە گەدەیاندا هەیە، دەبێت ئاگادار بن لە خواردنەوەی ئەم جۆرەیان.
هاوکات، خواردنەوەی ئاوی گوێزی هندیش وزەی تەواو دەدات بە جەستە و پێست و جەستە بە شێداری دەهێڵێتەوە.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەرجارە و بابەتێکی پەیوەست بە رۆژوو و مانگی رەمەزان باس دەکەین، ئەم جارەش باسی ئەوە دەکەین ئایا دەتوانیت لەدوای رۆژووشکاندن قاوە بخۆیتەوە؟ یان بڕی رێگەپێداو چەندە؟
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
بەشێکی زۆری خەڵک رۆژانە وابەستەی خواردنەوەی قاوەن، یەکێک لەو گرفتانەی لە مانگی رەمەزاندا رووبەڕووی دەبنەوە ئەوەیە دەبێت بە درێژایی رۆژەکە خۆیان لە خواردنەوەی قاوە بە دوور بگرن.
قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی رێژەیەکی زۆری کافاینی تێدایە، کە ئەگەر بە بڕێکی گونجاو بخورێتەوە ئەوا سودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت، زیادەڕەویکردن لە خواردنەوەشیدا زیانی هەیە.
پزیشکەکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە بەرۆژوو دەبن، یەک کاتژمێر دوای شکاندنی رۆژوو قاوە بخۆنەوە، بەر لەو کاتە خواردنەوەی قاوە زیان بە جەستە دەگەیەنێت و رێگە لە ریخۆڵەکان دەگرێت کە سود لە خواردنەکان ببین و ڤیتامین و کانزاکانی لێوە هەڵبمژن.
باس لەوەشدەکەن، باشترین بڕی رێگەپێدراو خواردنەوەی تەنها یەک کوپ قاوە، زیاتر لەو بڕە بۆ جەستە زۆرە، چونکە بەشێوەیەکی سروشی جەستە بەشێکی زۆری کاتی رۆژەکە بەوە بەسەر دەبات کە هیچ خواردن و خواردنەوەیەک وەرناگرێت.
مل ئێشە و ئازاری بەشی پشتەوەی سەر، یەكێكە لەو ئازارە باوانەی كە رەنگە زۆربەی كەس بناڵێنێت بەدەستییەوە.
دکتۆر هەڤین کەمال شاهـ پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج باس لەوە دەکات، چونكە بڕبڕەكانی مل پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە و لە حەوت بڕبڕە و كۆمەڵێك بەستەر و ماسولكە و دەمار پێكهاتووە؛ بوونی هەندێك كێشە لە ملدا ئازاری مل و بەشی پشتەوەی سەر دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلێك جار مل ئێشە و ئازاری بەشی پشتەوەی سەر رەنگە كێشەیەكی سادە بێت، بەڵام ئەگەر ئازارەكە باڵ و دەستی گرتەوە، یان نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، یان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.
ئەو پزیشکە گرنگترین هۆکارەکانی دیاریکردووە، کە ئەمانەن:
۱ ـ گرژبوونی (تەشەنوج) ماسولكەكانی مل:
رەنگە بەهۆی جوڵەیەكی كتوپڕ و خێراوە روو بدات كاتێک ماسولكەكان ئامادە نین؛ یان بەهۆی كارەساتی هاتوچۆە (whiplash injury )، یان لەكاتی وەرزشدا.
۲ ـ شێوازی وەستانی هەڵەی جەستە:
ئەگەر رۆژانە ماوەیەكی زۆر بەسەر بەریت بەدیار شاشەی كۆمپیوتەر و لاپتۆپەوە، یان هەر ئامێرێكی تر و سەرت بۆ پێشەوە بچەمێنێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی هیلاكییەكی زۆر بۆ جەستە و بەستەر و جومگەی بڕبڕەكان و ماسولكەكانی مل، دواتر بێ هێزی و رەقبوونی ئەو ماسولكانەی لێدەكەوێتەوە كە ئازار دروستدەكات.
۳ ـ سەوەفان و داخورانی جومگەی نێوان بڕبڕەكانی مل و دروستبوونی ئێسكی زیادە.
٤ ـ نەرمبوونەوەی ئێسك.
٥ ـ ئینزلاقی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی مل.
٦ ـ نەخۆشی شێرپەنجە لە مل دا: لەناو بڕبڕەكان و ماسولكە و دەمارەكان، یان لوكیمیا یان لیمفۆما.
٧- نەخۆشی فایبۆمایەڵجیا و مایۆفەشیاڵ پەین سیندرۆم (myofacial pain syndrom)، كە دوو نەخۆشین تەنیا بە نیشانەكانیاندا دەناسرێنەوە و ئازاری بەردەوام و گرژی لە ماسولكەكان و شانەی دەوری ماسولكەكان دروست دەبێت، نەخۆشەكە بەدەست ئازاری بەردەوامەوە دەناڵێنێت، بەڵام پشكنینەكانی پاكن و هیچیان تیا نییە، زۆرجار نیشانەی نەخۆشی شەقیقەشی لەگەڵدا دەبێت.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەوە دەکەین چ خانمان چ پیاوان چۆن تەندروستی پێستیان بپارێزن، بەتایبەت لەدوای رۆژێکی درێژ لە دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
پزیشکەکان ئامۆژگاری رۆژووەوانان دەکەن، لەگەڵ بەرۆژووبوونیاندا گرنگی بدەن بە تەندروستی پێستیان، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەم رێنماییان ئەوەیە، سیستمێکی خۆراکی تەندروست جێبەجێ بکەن.
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، پێویستە لەدوای شکاندنی رۆژوو گرنگی بە خواردنەوەی ئاو بدەن بە شێوەیەکی رێکخراو و تەندروست.
هەروەها پێویستە گرنگی بە خواردنی سەوزەکان و ئەو میوانە بدرێت کە رێژەی ئاویان زۆرە، بۆئەوەی پێست بە شێداری بهێڵنەوە و ڤیتامینی تەواو بدەن بە پێست.
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، پێویستە گرنگی بە شۆردنی دەموچاو بدرێت و خانمانیش دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ئەو کەرستانەی جوانکاری کە ماددەکانیان لەسەر پێست قورسە.
هاوکات، ئەنجامدانی رۆتینی پێست رۆژانە دووجار خاڵێکی گرنگی پاراستنی پێستە، هەروەها بەکارهێنانی شێدارکەرەوە.
پزیشکەکان داواش لە رۆژووەوانان دەکەن، گوێ نەدەن بەوەی رەمەزان دەکەوێتە چ وەرزێکەوە، پێویستە گرنگی بە بەکارهێنانی دژەخۆر بدەن.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەوەدەکەین باشترین خواردنەکان بۆ رۆژوو شکاندن چین.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
ئایا لە مانگی ڕەمەزاندا شیرینی زۆر دەخۆیت؟ ئایا تێبینی ئەوە دەکەیت کە ئارەزووی خواردنت زیاد دەکات کاتێک شیرینی دەیخۆیت؟ رەنگە ئەم دوو پرسیارە و ئەوانی تر لە مێشکتدا بن، بەتایبەتی کاتێک کاتی رۆژوو شکاندن نزیک دەبێتەوە.
زۆرێک لە رۆژووانەکان لە مانگی رەمەزاندا حەزدەکەن شیرینی "زۆر بخۆن"، پسپۆڕێکی خۆراکیش ئاماژەی بەوەدەکات کێشەکە لە شێوازی خواردنی خۆراکدایە. بۆ نموونە کاتێک کەسێکی بەڕۆژوو لە سەرەتای ئیفتارەکەیدا بڕێکی زۆر خورما دەخوات، کە بریتیە لە (شەکرە سادەکان)، ، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی و زیادکردنی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا، ئەمەش وادەکات پێویستی و خواست لەسەر خواردن بە شێوەیەکی گشتی هەبێت".
پسپۆڕێکی خۆراک رایگەیانووە، ئەو هەڵەیەی کە زۆربەی رۆژووانەکان ئەنجامی دەدەن ئەوەیە کە ژەمە ئیفتارەکەیان بە خواردنی نێوان 3-5 خورما دەست پێدەکەن، دواتر شەربەت دەخۆنەوە، بەتایبەت ئەو شەربەتە ئامادەکراوانەی لەبازارەکان دەفرۆشرێت و بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە، ئەمەش وادەکات پەنکریاس بەردەوام ئەنسۆلین دەربدات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی لەش.
ئەو پسپۆڕە هۆکاری زۆر خواردنی شیرینی لەلایەن هەندێک کەسەوە لە مانگی رەمەزاندا گەڕاندەوە بۆ پێویستیی بە شەکر وەک کاردانەوەی لەش دوای ئەوەی ئاستی شەکر کەم دەبێت بە درێژایی ماوەی رۆژووگرتن.
ئەو پسپۆڕی خۆراکە دەشڵێت: باشترە رۆژووگر بە یەک خورما رۆژووەکەی بشکێنێت و لەگەڵ خواردنی ماددەیەکدا بێت کە پرۆتینی تێدایە، وەک خواردنی مریشک، ماسی، گۆشت، یان تەنانەت پەرداخێک شیر، چونکە تێکەڵکردنی شەکرە سادەکان و پرۆتین نابێتە هۆی زیادبوونی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا و هەستکردن بە تێربوون زیاد دەکات ئارەزوو بۆ شیرینیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەو رێنامییە گرنگانە دەکەین کە بۆ دابەزاندنی کێش لە مانگی رەمەزاندا دەبێت جێبەجێ بکرێن.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
مانگی رەمەزان جگە لە رووە ئایینییەکەی، سودی تەندروستی زۆر بە جەستەش دەگەیەنێت، زۆرن ئەو کەسانەشی دەیانەوێت لەم مانگەدا کێشی جەستەیان داببەزێنن.
دکۆر ئیسرا کەمال شا پزیشکی گشتیی و پسپۆڕی زانستی خۆراک 10 رێنمایی تایبەت بە دابەزاندنی کێش لە رەمەزاندا بڵاوکردووەتەوە.
دەقی رێنماییەکان:
1.پێویستە ئاو خواردنەوە لەبیر نەکرێت و لەدوای بەربانگەوە بە رێژەیەکی گونجاو ئاو بخورێتەوە، کە لەنێوان یەک لیتر و نیو بۆ دوو لیتر و نیودا بێت.
2.دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی شەربەت، بە تایبەت شەربەتە دەستکردەکان. هەروەها دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و ئیشی هەویر و ساردەمەنییەکانی وەک ئایسکرێم.
3.یەک کاتژمێر پێش بەربانگ کاتێکی ئاڵتونییە بۆ وەرزشکردن، چونکە لەو کاتەدا جەستە زۆرترین چەوری دەسووتێنێت، بەڵام پێویستە ئەو وەرزشەی ئەنجام دەدرێت وەرزشێکی قورس و خێرا نەبێت.
4.پێویستە خواردن لەکاتی بەربانگدا قۆناغ بە قۆناغ بێت و هەموو خواردنەکان لە یەک کاتدا نەخرێنە سەر مێزی نانخواردن، گرنگە کاتی نانخواردن یەک کاتژمێری پێ بچێت و بە لەسەرخۆیی نان بخورێت، بۆ نموونە سەرەتا دەنکێک خورما و ئاو رۆژووی پێ بشکێنرێت، دواتر نوێژ بکرێت و شۆربایەک بخورێت، پاشان زەڵاتە و ژەمی سەرەکی، کە گرنگە لە نێوان هەریەک لەو خواردنانەدا ماوەیەک لەنێوانیاندا هەبێت و بەسەر یەکەوە نەخورێن.
5.ئەنجمامدانی چالاکی لەدوای خواردن زۆر گرنگە، پێویستە دوو سەعات دوای بەربانگ چالاکییەک ئەنجام بدرێت، وەک رۆیشتن بە پێ یان راکردن یان وەرزشکردن.
6.دوای بەربانگ تاوەکو کاتی پارشێو نابێت بەردەوام شت بخورێت.
7.ئەگەر زۆر پێویستت بەوە بوو سوکە ژەمێک بخۆی لەنێوان ژەمی ئێوارە تاوەکو پارشێو، وا باشترە تەندروست بێت و بڕێکی دیاری کراو بێت، ئەگەر میوە بێت ئەوا هەر رۆژە و یەک جۆری میوە، لەگەڵیدا کاهوو یان خەیار بخورێت، ئەگەر میوەش نەبوو کەمێک چەرەسات یان بەقەدەر قاپی ماست زەڵاتەی میوە.
8.نەخەوتن تاوەک پارشێو هەڵەیەکی زۆر باوە، پێویستە کەسەکان لەکاتی خۆیدا بخەون و بۆ پارشێو هەڵبستنەوە. ئەگەر ئەو کەسانەشی جۆری جەستەیان بەو شیوەیەیە کە هەست دەکەن بە خواردنی ژەمی پارشێو لە رۆژدا زیاتر برسییان دەبێت، ئەوا تەنها ئاو بخۆنەوە.
9.پێویستە لە پارشێودا خواردنێکی سوک بخورێت، خواردنی قورس و چەور، شیرینی و ئیشی هەویر، خواردنی سوێر و سورکراوە و لە قوتونراو، یان ئەو ژەمەی بۆ بەربانگ ئامادە کراوە، ئەو خواردنانەن زیان بە جەستە دەگەیەنن.
10.باشترین خواردنەکان بریتین لە: پەنیر، هێلکە، زەیتون، ماست بە تۆوی شیا یان کەتان لە هەڵبژاردە باشەکانن. پێویستە ئەو خواردنانە بخورێت کە رێژەی پرۆتین و چەوری سودبەخشیان تێدایە، کە ئەوانە وادەکەن رۆژووەوانان زوو برسییان نەبێتەوە.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەم جارەش باس لە باشترین کات دەکەین کە گونجاوە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا وەرزشی تێدا ئەنجام بدەیت و سوود بە جەستە بگەیەنێت.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، باشترین هەڵبژاردە ئەوەیە پێش بەربانگ وەرزش بکرێت، چونکە لەوکاتەدا جەستە ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ تواندنەوەی چەوری.
سوودەکانی وەرزشکردن پێش بەربانگ زۆرن، لەوانەش، یارمەتی تواندنەوەی چەوری و دابەزاندنی کێش دەدات و جەستە بە چالاکی و پڕ وزەیی دەهێڵێتەوە، هەروەها کرداری هەرس باشتر دەکات و کارەکانی جگەر رێکدەخاتەوە.
وەزرشکردن بەر لە شکاندنی رۆژوو، سوڕی خوێن و گەیاندنی ئۆکسجین بە خانەکانی جەستە چالاکتر دەکات.
دکتۆر هەڤین کەمال شا پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج و شارهزا له چارهسهری فهقهرات و نهخۆشی جومگهکان بێ نهشتهرگهری ئاماژەی بەوەکردووە، رۆشتن بە پێ لە بەیانیان زوودا بۆ ماوەی ٣٥ - ٤٥ خولەک چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت پارێزگاری کێشیان بکەن و پارێزگاری لە جومگە و ماسولکەکان بکەن لە ئازار.
دەشڵێت، ئەنجامدانی وەرزش سەعاتێک پێش بەربانگ، چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، چونکە بەپێی توێژینەوەکان ئەنجامدانی وەرزش لە دوای ھەشت سەعات بەرۆژووبوون چەوری سووتاندن زیاد دەکات.
ئەوەشێ خستووەتە روو، ئەوانەی دەیانەوێت دوای بەربانگ وەرزش بکەن، دەبێت 3 سەعات دوای بەربانگ وەرزش ئەنجام بدەن و دەشتوانن ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بن لە وەرزشکردن، هەروەها پێویستە خواردنی گونجاو و تەواوکەری خۆراکی بخۆن.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەم جارەش باس لەو کەسانە دەکەین کە شەقیقەیان هەیە، کە ئایا دەتوانن بەرۆژوو ببن یان نا، یان ئەگەر بەرۆژوو ببن دەبێت چی بکەن.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
سەرەتا بەوە دەست پێدەکەین کە ئایا ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە دەکرێت بەرۆژوو ببن یان نا؟، لەوبارەیەوە پزیشکەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر کەسێک رێژەی سەرئێشەکەی کەم بێت لە مانگێکدا و سێ بۆ چوار جار توش ببێت، هەروەها تاڕادەیەک هۆکارەکانی توشبوونی کۆنتڕۆڵکراون و لە حاڵەتی دەگمەندا سەرئێشە دەگرێت و زوو کۆنتڕۆڵ دەکرێت، دەتوانن بە رۆژوو ببن.
دکتۆر هەڤین کەمال شا پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج و شارهزا له چارهسهری فهقهرات و نهخۆشی جومگهکان بێ نهشتهرگهری رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە دەجار زیاتر لە مانگێکدا تووشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەکی ناڕێک تووش دەبن، هەروەها سەرئێشەی ھێشوویی (cluster headache)یان لەگەڵدایە، ناتوانن بە رۆژوو ببن.
کە سەرئێشەی هێشوویی لەدوای شەقیقەوە یەکێکە لە بەئازارترین جۆرەکانی سەرئێشە و هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، نیشانەکانی توندن و دەکرێنت لە 15 خولەک بۆ 3 سەعات بخایەنن.
چ کاتێک دەبێت رۆژوو بوەستێنرێت؟
دکتۆر هەڤین باس لەوەدەکات، هەرکاتێک نەخۆشانی شەقیقە نەوبەی سەرئێشەکەیان زیادیکرد، یان جاری توشبوونیان زیادیکرد و بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ نەکرا، هەروەها سەرئێشەکە نیشانەی دیکەی وەک سکچوون و تا و رشانەوەی لەگەڵدا بێت.
ئەو پزیشکە دەڵێت، لە رووی زانستییەوە ئازاری شەقیقە لەکاتی بەرۆژووبووندا زیاد دەکات.
هۆکارەکانی زیادبوونی سەرئێشە لەکاتی بەرۆژووبووندا:
١- وشکبوونەوەی لەش بەھۆی کەمخواردنەوەی ئاو .
٢- بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
٣- کەمخەوی و تێکچوونی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا
٤- دابەزینی رێژەی شەکر لە لەشدا .
٥- گۆڕانکاری لە کاتی خواردنی چارەسەرەکاندا.
ئەو رێنماییانەی پێویستە ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە و دەتوانن بەرۆژوو دەبن، جێبەجێی بکەن:
1.خواردنوەی رێژەیەکی زۆری ئاو دوای بەربانگ بە شێوەیەکی رێکخراو، کە لەنێوان 8 بۆ 12 پەرداخ ئاودا بێت بە لایەنی کەمەوە.
2.دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی کە لەوانەیە سەرئێشەکە دروست بکەن، وەک: ئایس کریم و مۆتا، پەنیر، ساردەمەنیەکان ...ھتد.
3.رێکخستنی کاتی ژەمەکان و رێکخستنی کاتی خەو لە رەمەزاندا.
4.کەمکردنەوەی بەکارھێنانی بەھارات و خوێ و بۆنخۆشکەرەکان بۆناو خۆراک.
5.کەمکردنەوەی شیرینیەکان و ئیشی ھەویر و خواردنە چەورەکان کە رێژەی چەورییان بەرزە.
6.کەمکردنەوەی ئەو خواردن و خواردنەوانەی رێژەیەکی زۆر کافاینیان تیادایە، وەکو خواردنەوە گازییەکان، نەستەلە، چا و قاوە ... ھتد.
7.نەچوونە بەر خۆر و وەرزشکردن لەکاتی رۆژدا، هەروەها وەرزشکردن دوای بەربانگ بەشێوەیەکی رێکخراو.
8.دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و نێرگە لەدوای بەربانگ.
ئەو رێنماییانەی پێویستە لەکاتی پارشێودا جێبەجێی بکەن:
1.خواردنەوەی رێژەیەکی گونجاو لە ئاو.
2.دواخستنی ژەمی پارشێو بۆ نزیک کاتی بانگی بەیانی .
3.ئەو چارەسەرانەی بۆت نووسراوە پێش بانگی بەیانی بیانخۆ.
4.دوور بکەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.
5.دوور بکەوە لەھەر خواردنێک کە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەکەت زیادبکات وەک: پەنیر، مۆز، شوکوڵاتە ...ھتد.
6.دووربکەوە لە خواردنی خێرا و ئامادەکراو و سوورکراوەکان.
7.ئەو خواردنانە بخۆ کە کاربۆھیدراتە ئاڵۆزەکانی تیادایە و ھەستی تێربوون دەبەخشن وەک: دانەوێڵە تەواوەکانی وەکو؛ ئاردی بۆر و برنجی بۆر. ھەندێک سەوزەی وەک: پەتاتە، بەزالیای سەوز، بروکلی، سپێناغ، پیاز و سیر. ھەندێک میوەی وەک: توو، کیوی، ھەنار.
8.ئەو خواردنانە بخۆ کە رێژەیەکی زۆر پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین (بی)یان تیادایە وەک: خورما، چەرەزاتەکان بەتایبەت ناوکە کولەکە و شۆفان ...ھتد .
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەو هەڵانە دەکەین کە نابێت لەدوای بەربانگ ئەنجام بدرێت.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
رۆژووەوانان لەکاتی بەرۆژووبووندا زیاتر لە 13 سەعات هیچ خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆن و ناخۆنەوە، بەو جۆرەش جەستە هەوڵ دەدات خۆی لە ژەهرەکان پاک بکاتەوە، بۆیە گرنگە دوای رۆژووشکاندن چەند هەڵەیەک نەکرێت کە جەستە ئازار بدەن و ئەو سیستمی پاککردنەوەیە تێکبدەن.
نابێت لەکاتی رۆژووشکاندن و دوای بەربانگ ئاو بە رێژەیەکی زۆر بخورێتەوە، ئەو ئاوەشی دەخورێتەوە دەبێت شلەتێن بێت و سارد نەبێت.
پزیشکەکان ئەوە باس دەکەن، باشترین کار ئەوەیە دوای بەربانگ چا نەخورێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی کاری ریخۆڵەکان و کرداری هەرس سست دەکەن، هەروەها رێگە لە ریخۆڵە دەگرن کە ڤیتامینی خواردنەکان هەڵمژن.
لە باشترین کارەکان ئەوەیە دوای بەربانگ شیرینی نەخورێت، جگە لەوەی شکاندنی رۆژوو بە شیرینی خراپە، دوای بەربانگیش زیانی زۆری هەیە و چەوری کەڵەکەبووی جەستە زیاد دەکات.
نابێت دوای رۆژووشکاندن راستەوخۆ وەرزش بکرێت، چونکە جەستە لە سەرەتای هەرسکردنی ژەمێکی سەرەکیدایە دوای 13 سەعات لە نەخواردنی نان، باشترین کات بۆ وەرزشکردن لانیکەم دوو کاتژمێر و نیو دوای بەربانگکردنەوەیە.
هەروەها گرنگە رۆژووەوانان خواردنی ماست و سەوزەکان لەبیر نەکەن، چونکە وزەی پێویست دەدەن بە جەستە و لە وشکبوونەوە دەیپارێزن.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەوەدەکەین باشترین خواردنەکان بۆ رۆژوو شکاندن چین.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
پزیشکەکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە بە رۆژوو دەبن، هەرگیز رۆژووەکانیان بە خواردنی قورس و چەور و شیرینی دەستکرد نەشکێنن.
بەپێی ئامۆژگاریی پزیشکەکان، باشترین رێگا بۆ شکاندنی رۆژوو بۆ ئەو کەسانەی تەندروستیان باشە و هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیان نییە، خواردنی دەنکێک خورمایە.
بەهۆی ئەوەی شەکری ناو خورما شەکرێکی تەندروستە و دەستکرد نییە، دەکرێت لەدوای ئەو کاتە زۆرەی گەدەت بەتاڵ بووە، بە خورما رۆژووەکەت بشکێنیت، بەڵام نابێت لەوەشدا زۆرخۆری بکرێت و یەک دەنگ خورما گونجاوترین بژاردەیە.
لەبارەی شلەمەنییەکانیشەوە، نیو پەرداخ یان یەک پەرداخ ئاوی شلەتێن، یانیش شەربەتێکی فرێش کە لە ماڵەوە دروست کرابێت، بەڵام ئەویش سارد نەبێت و شلەتێن بێت، چونکە ئەگەر ئاو یان شەربەت سارد بێت، توشی ئازاری گەدە و تێکچوونی کرداری هەرست دەکات.
لەدوای خواردنی خورما و ئاو، خواردنی شۆربایەک باشترین بژاردەیە، کە لە ماڵەوە دروستکرابێت و شۆربای ئامادەکراو نەبێت، لەدوای ئەوەش پێویستە رۆژووەوانان نوێژەکانیان بکەن و لانیکەم 15 خولەک چاوەڕێ بکەن، پاشان دەست بکەن بە خواردنی ژەمی سەرەکی.