لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر رۆژە و بابەتێک پەیوەست بە مانگی رەمەزان و رۆژوو باسدەکەین، ئەمڕۆش باس لەوەدەکەین باشترین خواردنەکان بۆ رۆژوو شکاندن چین.

بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"

ئایا لە مانگی ڕەمەزاندا شیرینی زۆر دەخۆیت؟ ئایا تێبینی ئەوە دەکەیت کە ئارەزووی خواردنت زیاد دەکات کاتێک شیرینی دەیخۆیت؟ رەنگە ئەم دوو پرسیارە و ئەوانی تر لە مێشکتدا بن، بەتایبەتی کاتێک کاتی رۆژوو شکاندن نزیک دەبێتەوە. 

زۆرێک لە رۆژووانەکان لە مانگی رەمەزاندا حەزدەکەن شیرینی "زۆر بخۆن"، پسپۆڕێکی خۆراکیش ئاماژەی بەوەدەکات کێشەکە لە شێوازی خواردنی خۆراکدایە. بۆ نموونە کاتێک کەسێکی بەڕۆژوو لە سەرەتای ئیفتارەکەیدا بڕێکی زۆر خورما دەخوات، کە بریتیە لە (شەکرە سادەکان)، ، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی و زیادکردنی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا، ئەمەش وادەکات پێویستی و خواست لەسەر خواردن بە شێوەیەکی گشتی هەبێت".

پسپۆڕێکی خۆراک رایگەیانووە، ئەو هەڵەیەی کە زۆربەی رۆژووانەکان ئەنجامی دەدەن ئەوەیە کە ژەمە ئیفتارەکەیان بە خواردنی نێوان 3-5 خورما دەست پێدەکەن، دواتر شەربەت دەخۆنەوە، بەتایبەت ئەو شەربەتە ئامادەکراوانەی لەبازارەکان دەفرۆشرێت و بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە، ئەمەش وادەکات پەنکریاس بەردەوام ئەنسۆلین دەربدات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی لەش.

ئەو پسپۆڕە هۆکاری زۆر خواردنی شیرینی لەلایەن هەندێک کەسەوە لە مانگی رەمەزاندا گەڕاندەوە بۆ پێویستیی بە شەکر وەک کاردانەوەی لەش دوای ئەوەی ئاستی شەکر کەم دەبێت بە درێژایی ماوەی رۆژووگرتن.

ئەو پسپۆڕی خۆراکە دەشڵێت: باشترە رۆژووگر بە یەک خورما رۆژووەکەی بشکێنێت و لەگەڵ خواردنی ماددەیەکدا بێت کە پرۆتینی تێدایە، وەک خواردنی مریشک، ماسی، گۆشت، یان تەنانەت پەرداخێک شیر، چونکە تێکەڵکردنی شەکرە سادەکان و پرۆتین نابێتە هۆی زیادبوونی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا و هەستکردن بە تێربوون زیاد دەکات ئارەزوو بۆ شیرینیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.