رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئوگور شاھین و ئوزلیم تورچی زانایانی کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانی، کاردەکەن بۆ بەرھەمھێنانی ڤاکسینێک دژی نەخۆشی شێرپەنجە، کە رەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەردەستبێت.
ئەو دوو زانایە رایانگەیاندووە، بەھۆی بەرھەمھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە سەرکەوتوویی کارەکانیان بۆ بەرھەمھێنانی ڤاکسینی شێرپەنجە ئاسانتربووە، چونکە دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا فێریکردن بەشێوەی خێراتر و باشتر ڤاکسین بەرھەمبھێنن لە کۆئەندامی بەرگری لەش کە بە باشی وەڵامدانەوەی بۆ ھەبێت.
ئەو دوو زانایە کە ھاوسەری یەکن، لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەڵمانیا بەشداربوون لە دامەزراندنی کۆمپانیای بایۆنتیک، پێکەوەش کاریانکردووە لەسەر پەرەدان بە چارەسەرەکان دژی نەخۆشی شێرپەنجە بە تەکنیکی "ئێم ئاڕ ئێن ئەی". دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش لە جیھاندا، کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانی و فایزەری ئەمریکی ڤاکسینی کۆرۆنایان بەرھەمھێنا بە بەکارھێنانی ھەمان تەکنیک.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، زۆرترین حاڵەتەکانی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە ئەمریکا تۆمارکراوە کە ٢٦٨٣٤ حاڵەتە، پاشان بەرازیل بە ٨٥٢١ حاڵەت و ئیسپانیا ٧٢٣٩ حاڵەت و فەرەنسا ٤٠٦٤ حاڵەت.
رونیشیکردەوە، لەکۆی حاڵەتەکانی توشبوون ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.
پێشتریش سەرۆکی ئاژانسی فیدڕاڵی پزیشکی و بایۆلۆژی، ئاشکرایکردبوو، پسپۆڕانی تایبەتمەند لە توێژینەوەکانیاندا گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو لە دروستکردنی ڤاکسین بۆ ئاوڵەی مەیمون و پێدەچێت لە داھاتوویەکی نزیکدا بەردەست بێت.
(ھانی عقابی) وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامی رێکار و رێنماییەکانیان بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پابەند نەبوونی ھاوڵاتیانیش وەک پێویست بەو رێکار و رێنماییانە، بەڵام توانیویانە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بە باشی کۆنتڕۆڵ بکەن، بە تایبەتیش پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بە ھاوڵاتیان ھۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.
وتیشی، لەسەر ئاستی جیھان، عێراق لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە ژمارەیەکی کەمی ھاوڵاتیانیان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی سوریا بڵاویکردەوە، تائێستا ٢٥٣ کەس تووشی پەتای کۆلێرا بوون، کە ١٨٠ کەسیان لە حەلەب و ٢٩ کەسیان لە دێرەزوور و ٢٥ کەسیان لە حەسەکە و ١٣ کەسیان لە لازقیە و ٤ کەسیش لە حەمس و دوو کەسی دیکەش لە دیمەشقی پایتەختن.
راشیگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆلێرا گەیشتووەتە ٢٣ کەس، کە ٢٠ کەسیان لە حەلەبن و سێ کەسەکەی دیکەش دوو کەسیان لە دێرەزوور و کەسێکیان لە حەسەکەیە.
وەزارەتی تەندروستی سوریا داوای لە ھاووڵاتیان دەکات پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و پاکوخاوێنی و خواردنەوەی ئاو لە سەرچاوە پاکەکان.
رۆژی سێشەممە ئەحمەد مونزەری بەڕێوەبەری ھەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، فڕۆکەیەک بە نزیکەی ٣٠ تۆن ھاوکاری و پێداویستی تەندروستییەوە گەیشتووەتە دیمەشق و ھاوکارییەکانیش بە یەکسانی و بەپێی پێویستی بەسەر ھەموو ناوچەکاندا دابەشدەکرێن، بڕیارە ئەمڕۆش فڕۆکەیەکی دیکەی ھاوکاری رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بگاتە سوریا.
وتەبێژێکی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاندووە، کۆرۆنا تائێستا بارێکی نائاساییە لە جیھاندا و لەم قۆناغەشدا ھەڕەشەی راستەقینەی دروستکردووەتەوە، چونکە ئامارەکانی تووشبوون لە زیادبووندان، بەڵام لەگەڵئەوەشدا دەکرێت بوترێت لەھەموو کات زیاتر ئاسۆی کۆتاییھانی قەیرانەکە روونە، ئەگەر بێتو وڵاتان ئەو کەرەستانە بەکاربھێنن کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆیان دابینکراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کۆتاییھاتنی قەیرانی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی سوریا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی توشبووانی کۆلێرا لە وڵاتەکەیدا بۆ ٢٠١ توشبوو بەرزبۆتەوە کە ١٥٣ توشبوو لە حەلەب و ٢١ لە حەسەکە و ١٤ لە دێرەزوور و ١٠ لە لازقییە و ٢ لە دیمەشق و توشبویەک لە حمس لەتۆمارکراوە.
رونیشیکردووەتەوە، ١٤ توشبوو گیانیان لەدەستداوە کە ١١ لە حەلەب و ٢ لە دێرەزوور و یەکێک لە حەسەکە تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستی سوریا راشیگەیاندوە، چارەسەری پێویست دابین کراوە و دەرمان و پێداویستی پزیشکی زیاتر رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکەن بۆ ھەر ئەگەرێکی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون.
وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، زۆرترین تووشبووی کۆلێرا لە شاری حەلەبە و ژمارەیان ٢٢ کەسە، دواتریش شاری حەسەکە دێت کە ژمارەی تووشبووان ١٣ کەسە، ھاوکات لە دێرەزوور ١٠ کەس و لە لازقییە شەش و لە دیمەشقیش دوو حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون.
تائێستاش لە حەلەب چوار تووشبوو و لە دێرەزووریش دووان و لە حەسەکە یەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویشیکردەوە، چارەسەری پێویستیان لەبەردەستدایە و بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن، بەڵام نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاند، کۆلێرا ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر سوریا و ناوچەکە، داواشیکرد، رێکاری بەپەلە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە بگیرێتەبەر.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، لە ٢٥ی مانگی رابردووەوە ھەشت حاڵەتی گیان لەدەستدان بە پەتای کۆلێرا لە سوریا تۆمارکراون.
ھاوکات نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاند، پەتاکە لەچەند ناوچەیەکی سوریا بڵاوبووەتەوە و ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر سوریا و ناوچەکە، داواشیکرد، رێکاری بەپەلە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە لە سوریا بگیرێتەبەر.
سەرەتای ئەم ھەفتەیە دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆبەڕێوەبەری، سێ حاڵەتی گیان لەدەستدانیان بەپەتاکە پشتڕاستکردووەتەوە و ئاستی تووشبوون بە کۆلێرا لە شارەکانی رەققە و دەوروبەری دێرەزوور زۆرن.
وەزارەتی تەندروستی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە وڵاتەکە تۆمارکراوە کە ھاوڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵە و دوای سەردانێکی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا، لە ٢٠ی مانگی رابردوو گەڕاوەتەوە بۆ ئوردن و ئێستاش دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە کە تووشبووی ئاوڵەی مەیمونە.
وەزارەتی تەندروستی ئوردن داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و دراوسێکانی بە تایبەتی کردووە، رێکاری پێویست بگرنەبەر و پشکنینی ورد بۆ ھەموو کەسانە بکەن کە سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بۆئەوەی بەزوویی رووبەڕووی نەخۆشییەکە ببنەوە و بتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
بە پێی ئامارە نێودەوڵەتییەکانیش تائێستا لە سەرتاسەری جیھان ١٩ ھەزار توشبووی ئاوڵەی مەیمون لە ٧٦ وڵات تۆمار کراون.
مەسعود بۆزی بەڕێوەبەری ئاوی کۆبانێ سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاوی رووبارەکەی فورات ڕایگەیاند، دوای دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی تشرین، کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا ڕێگریدەکات لە پڕبوونی تانکی ئاوەکە. لەبەرئەو ھۆکارەش لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی کۆبانێ کێشەی کەمی ئاو ھەیە.
راشییگەیاند، لە ھێڵی ھاوبەشەوە ئاو بۆ کۆبانێ و گوندەکانی دابیندەکرێت، ھیچ بەدیلێک بۆ ئەم ھێڵە نییە، بۆیە بەردەوام ئاوی شارەکە دەبڕدرێت، ناتوانرێت پەمپەکانی ئاو لێیەوە کاربکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەندێکجار بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە ھەندێک شوێن ھێڵەکانی ئاو راستەوخۆ بە بۆمب دەکرێنە ئامانج و ئەو تیمانەشی کە بۆ چاککردنەوەی تێکچوونەکان دەنێردرێن بەھەمان شێوە لەلایەن داگیرکەرانەوە تەقەیان لێدەکرێت.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە ، تا رۆژی ٣١ ی ئاب ، ٥٠ ھەزار و ٤٩٦ حاڵەتی توشبون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمار کراوە و زۆرترین حاڵەتەکانیش لە ئەوروپا و ھەردوو ئەمریکا بون. بە جۆرێک لە ئەوروپا ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە ٢٢ ھەزار و ٥٧٦ و لە ئەمریکای باکور و باشور گەیشتوەتە ٢٧ ھەزار و ٢٢٨.
ئاوڵەی مەیمون ، لە خێزانی ھەمان ئەو ڤایرۆسەیە کە دەبێتە ھۆی توشبون بە ئاوڵەی مرۆڤ، بەڵام نیشانەکانی ئاوڵەی مەیمون کەمترن کە دیارترینیان، تا و ئازاری جەستە و ماندووبون و دروستبونی جۆرە لیرێکە لەسەر پێست کە بە تەواوی پێستی جەستەدا بڵاودەبێتەوە، ماوەی مانەوەی ئەم نیشانانەش لە نێوان ٥ بۆ ٧ رۆژدا دەبێت.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردووەتەوە، تەنھا لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا پێنج ھەزار و ٩٠٧ تووشبووی نوێی ئاوڵەی مەیمون لەسەر ئاستی جیھان تۆمارکراوە و لە ئێران و ئیندۆنیزیاش یەکەم حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە، بەوەش کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٥ ھەزار تووشبوو لە ٩٨ وڵاتی جیھان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە ھەفتەکانی پێشووتر، ھەفتەی رابردوو تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون ٢١% کەمیکردووە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناش رایگەیاندووە، ھێشتا ئەو ڤایرۆسە ھەڕەشە و مەترسییە لەسەر جیھان و کۆتایی نەھاتووە، ئاشکراشیکردووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لەھەموو جیھاندا یەک ملیۆن کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانیی بڵاویکردووەتەوە، لە ھیندستان ٨٠ منداڵ تووشی ئەنفلۆنزایەکی نوێ بوون بەناوی “ئەنفلۆنزای تەماتە"، ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەبێتە ھۆی دروستبوونی پەڵەی سوور و نیشانەکانی ھاوشێوەی تا.
پزیشکانی بەریتانیش ڕایانگەیاندووە، پەتاکە بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە و ترسیان لەوە ھەیە، ئەو نەخۆشییە بگوازرێتەوە بۆ گەورەکانیش.
روونیشیانکردووەتەوە، پەتاکە شوێنەواری سووربوونەوە و ئازاربەخش لە ھەموو بەشەکانی جەستەدا دروست دەکات و وردە وردە جەستە بە شێوەی تەماتە دەئاوسێت، ھەربۆیە پەتاکە بە ئەنفلۆنزای تەماتە ناسراوە.
"ڕیاز حلفی" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربوون تەنیا بە وەزارەتی تەندروستی ناکرێت، بەڵکو بەرپرسیارێتی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتەکانی دیکە.
بەوتەی ڕیاز حلفی، کۆلێرا کۆنتڕۆڵناکرێت ئەگەر سیستمی ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیان باشتر نەکرێت، و وەزارەتی کشتوکاڵ رۆڵی کارای نەبێت. بەپێی دوایین ئامار، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٨٩ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون لەو ژمارەیە ٥٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترینیان لە پارێزگای زیقار بوون.
بەپێی ئامارەکەی تەندروستی عێراق، پارێزی زیقار زۆرترین ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدانی بەتای خوێنبەربوونی تێدا تۆمارکراوە و تائێستا ١٢٤ کەس تووشبوون و ٢٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
تەندروستی عێراق ئاشکرایکردووە، لە پارێزگاکانی ھەرێم لە دھۆک دوو کەس و لە ھەولێر سێ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون کە کەسێک گیانی لەدەستداوە و لە سلێمانیش ھیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە.
سەبارەت بە کۆلێر، تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٨١٩ کەس لە عێراق تووشی کۆلێرا بوون و ٤ کەسیش بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە کە سێ کەسیان لە کەرکوک بووە و کەسێکیش لە بەغداد.