توێژینەوەیەکی نوێ زیانەکانی زۆرخەوتنی ئاشکرا کردووە و باس لەوە دەکات، زۆر مانەوە لە جێگادا و خەوتن تاوەکو کاتێکی زۆر، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبوون بە خەمۆکی.

توێژینەوەکە لەسەر 546 خوێندکاری زانکۆ ئەنجام دراوە، بۆ دیاریکردنی "جۆری کرۆنۆ"، کە چەمکێکە بۆ دیاریکردنی خواستی کەسەکان لە کاتەکانی خەوتن و لەخەو هەستان بەکاردێت.

لە توێژینەوەکەدا توێژەران ویستوویانە ئەوە دیاری بکەن، کە چۆن شیوازی خەوتن کار لەسەر تەندروستی دەروونی کەسەکان دەکات، بۆئەوەی لەو رێگایەوە چارەسەرێکی گونجاو بخەنە روو بۆ بەرەوباشتر بردنی ژیانی ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر لە جێگادا دەمێننەوە.

باڵندەکانی شەو

لە توێژینەوەکەدا ئەو کەسانەی کە ئارەزوو دەکەن بە رۆژدا زیاتر لە جێگادا بمێننەوە بە باڵندەکانی شەو ناوهێنراون، توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، زیاتر گەنجەکان ئارەزووی ئەوە دەکەن، بەتایبەت لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی هەرزەکاریدا، کە دواتر بەشێوەیەکی گشتی شێوەی ژیانیان دەگۆڕێت لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی تەمەن.

توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، کە درەنگ مانەوە لە جێگادا بۆماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسانە شەوانەش درەنگ بخەون، ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی لەو کەسانەدا، هەروەها وایان لێدەکات بیرکردنەوەکانیان زیاتر نەرێنی بێت.

لە توێژینەوەکەشدا چارەسەری گونجاو بەو چەند هەنگاوێک دانراوە، کە یەکێکیان ئەوەیە، ئەو کەسانە بۆ رێککردنەوەی شێوە و کاتی خەوتنیان، پێویستە زیاتر گرنگی بدەن بە هۆشیارکردنەوەی خۆیان و ئاشنابوونیان بە زیانەکان، بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەواو خۆیان بگەنە ئەو بڕیارەی ئەو کارە هەڵەیە، کە ئەوەش وایان لێدەکات بەبێ هیچ پاڵنەرێک هەوڵی گۆڕانکاریی بدەن و نەچنەوە سەر شێوازە کۆنەکە.

هەروەها باشتر کردنی سیستمی خواردن و ئەنجمدانی وەرزش و تێڕامان، بە چارەسەرێکی گونجاو دانراوە بۆ ئەوەی لەرووی بایۆلۆجییەوە هاوکاری جەستە بکەن لە وازهێنان لەو خووە و رێککردنەوەی کاری هۆرمۆنەکان بۆ خەوتن لەکاتی گونجاودا.