کوردانی سوریا لە گەڕەکی (ئەشرەفیە و شێخ مەقسود) رێککەوتنێکی گرنگیان لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتی سوریا ئیمزاکردووە, کە بە پێی لێدوانی بەرپرسانی سوریا، ئەمە بەشێکە لەو رێککەوتنەی لەماوەکانی رابردودا ئەحمەد شەرع و مەزڵوم کۆبانێ ئیمزایانکرد.

لە رێککەوتنەکەدا مەرجی پاراستنی تەواوی تایبەتمەندی ئەو دوو گەڕەکە بە ئاسایش و ئیدارە و خزمەتگوزاری و رۆشنبیری و پراکتیزە سیاسییەکانیانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە حەلەب و دانانی میکانیزمی تایبەت بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە دیاریکراوە.
 

دەقی رێککەوتنەکە: 

ئەنجوومەنی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیدار لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و پێکەوەژیان. لە ڕێککەوتنەکەدا مەرجی پاراستنی تەواوی تایبەتمەندی ئەو دوو گەڕەکە بە ئاسایش و ئیدارە و خزمەتگوزاری و ڕۆشنبیری و پراکتیزە سیاسییەکانیانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە حەلەب و دانانی میکانیزمی تایبەت بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە دیاریکراوە.

هەروەها ڕێککەوتنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بازگەکانیان لە هەردوو گەڕەکەکەدا لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.و بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن، هاوکات ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی دانیشتووان بەرزدەکەنەوە بەبێ دەستوەردانی هیچ کوتلەیەک یان گروپێکی چەکداری دیکە. جگە لەوەش ڕێککەوتن کرا لەسەر ئاڵوگۆڕی سەرجەم زیندانییەکان لە نێوان هەردوولا، و پاراستنی سیستەمی پەروەردە( خوێندنی کوردی) وەک خۆی تا بڕیارێکی هەمەلایەنە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدرێت.

دەسەڵاتدارانی سوریا لە حەلەب بەرپرسیارێتی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر گەڕەکەکان لە ئەستۆ دەگرن، لە هەمان کاتدا هەوڵە هاوبەشەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە مسۆگەر دەکەن. هەروەها ڕێککەوتنەکە گەرەنتی ئازادی هاتوچۆی دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە لە ناو شار و دەرەوەی شار بەبێ هیچ هەراسانکردنێک دەکات. هەروەها نوێنەرایەتی تەواو بە هەردوو گەڕەکەکە دەبەخشێت لە ئەنجومەنی پارێزگا و ژووری بازرگانی و دامەزراوەکانی تر، لەگەڵ پشتیوانی لەلایەن پارێزگارەوەو خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی پێشکەش دەکرێت.

ئەم ڕێککەوتنە نوێنەرایەتی قۆناغی یەکەمی پلانێکی گشتگیرتر دەکات کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لە گەڕانەوەی سەلامەتی دانیشتوانی عەفرین، و دانوستانەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەردەوامن. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە حەلەب وەکو یەکەیەکی سیاسی و جوگرافی و نەتەوەیی یەکگرتوو لە ڕۆژاڤا، لە دانوستانەکانی داهاتوودا پێگەیەکی بەرچاوی دەبێت.