بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، چەند مووشەکێکی ئاراستەی تەلئەبیب کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژییەکانی دژی خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززە، چەند مووشەکێکیان بە ئاراستەی تەلئەبیب هەڵداوە.
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە غەززەوە ئاراستەی تەلئەبیب کرابوو. هەروەها جەختیان کردەوە کە دوو مووشەکی دیکەش لە چەند ناوچەیەکی دوور کە هیچ هاووڵاتییەکی لێ نەبووە، کەوتوونەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرگریی شارستانی کەرتی غەززە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بۆ سەر کەرتی غەززە دەستی پێکرد، تا ئەمڕۆ بۆ 504کەس بەرزبووەتەوە.
ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئامانجداریان لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە دەست پێکردووە.
بەپێی راگەیاندنەکە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە فراوانکردنی ناوچەی ئەمنی نێوان باکوور و باشووری کەرتی غەززەیە