خامنەیی داوادەکات ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورە نەکرێت و ناتەنیاھۆش دەڵێت، لە ھێرشەکەدا زیانی گەورەیان بە توانای بەرگری و بەرھەمھێنانی مووشەکی ئێرانیان گەیاندووە.


عەلی خامنەیی، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رایگەیاند، نابێت ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورەبکرێت و بە پێچەوانەشەوە، ھاوکات پێویستە ھەڵەکانی حکومڕانی ئیسرائیل راست بکرێنەوە.


ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئیسرائیل لە ھێز و ئیرادەی گەلی ئێران تێبگات و دانبنێت بە تواناکانیاندا دژی ئەو وڵاتە.


ھاوکات، بنیامین ناتەنیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەدوایین ھێرشیان بۆ سەر ئێران، زیانی گەورەیان بە توانای بەرگری و بەرھەمھێنانی مووشەکی ئەو گەیاندووە، ھێرشەکەش تەواوی ئامانجەکانی پێکاوە، وتیشی، لەناوبردنی یەحیا سەنواری سەرۆکی حەماس، دەرفەتێکی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ناو غەززە رەخساندووە و و نابێت لە دەستی بدەن.