سەدان کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە ئیستانبوڵ و شارەکانی باکوری کوردستان دەستگیرکران.
میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئیستانبوڵ ٣٥ گومانلێکراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و دروستکردنی پشێوی لە شەقامەکان دەستگیرکراون.
دەشڵێت، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا ٤٤ گومانلێکراو دەستنیشانکراون کە لە ناو پەکەکە چالاکی ئەنجام دەدەن.
دەشڵێت، سێ کەس لە دەستگیر کراوەکان لەلایەن پەکەکەوە مەشق و راھێنانیان پێکراوە و رەوانەی ئیستانبوڵ کراون، شەش کەسیشیان پشتیوانی داراییان بۆ ئەندامانی پەکەکە دابینکردووە.
ھەر لەوچوارچێوەیەشدا بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، لە ٣١ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستگیرکراون.
سوپای تورکیا کوشتنی حەوت گەریلای پەکەکەی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند، پەکەکەش کوشتنی پێنج سەربازی تورکیای پشتڕاستکردەوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردەوە، حەوت چەکداری پەکەکەیان لە ناوچەی چنگ-قفڵ کوشتووە، جەختی لەوەشکردوەتەوە بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان.
ھاوکات دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانی تورکیا_ میت رایگەیاند، لە پاش ھێرشە چەکداریەکەی سەر ئەنکەرە، ١٢٠ پێگەی سەر بە پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی زانیاری لەبارەی شوێنەکانەوە ئاشکرا بکات.
ھاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنج شەممە ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکەیان لە چەند ھێرشێکی ئاسمانییدا لە ناوچەکانی خواکورک، گارا، قەندیل و شنگال لە ھەرێمی کوردستان لەچالاکی خستووە.
لە بەرانبەریشدا ھەپەگە رایگەیاند، لە چەند چالاکیەکدا پێنج سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە کە فەرماندەیەکی پلە بەرزیان تێدایە.
دەشڵێت، چالاکیەکان لە ناوچەی زاپ، مەتینا، قەندیل، خواکوڕک، سنین ئەنجامدراون.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، سەرۆکی تورکیا داوای سەرۆکی روسیا کردووە یارمەتی بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی سوریا.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داوای یارمەتی لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا کردووە کار بکات بۆ نزیکبونەوە لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق رێکبکەون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەردۆغان پێیوایە سوریا ھەنگاو بۆ رێککەوتن دەنێت، چونکە رێککەوتنی راستەقینە سودی بۆ ھەردوولا دەبێت.
دەشڵێت، روسیا کاریگەری لەسەر سوریا ھەیە، بۆیە ئەردۆغان داوای لە پوتن کردووە ئەسەد رازی بکات بۆ بانگھێشتی دانوستان لەگەڵیدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ٢٠١١ پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ئاڵۆزی تێکەوت، لەماوەی رابردووشدا تورکیا داوای لە سوریا کرد پەیوەندیەکانیان ئاسایی بکەنەوە، بەڵام سوریا مەرجی کشانەوەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیای لە خاکەکەی دانا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
پەکەکە ھێرشە چەکدارییەکەی ئەنکەرەی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانراوە.
نەپەگە کە یەکەیەکی سەربازی پەکەکەیە رایگەیاند، ھێرشەکە لەلایەن تیمێکی سەربەخۆی کەتیبەی نەمرانەوە ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زانیاری لەسەر ناسنامەی ھێرشبەرەکان ئاشکراکردووە.
ناوەندیی پاراستنی گەل کە بە "نەپەگە" ناسراوە دەڵێت، ھێرشەکە لەلایەن ئاسیا عەلی - مینێ سێڤجین ئەلچیچەک و رۆژگەر ھێلین - عەلی ئۆرەکنەوە ئەنجامدراوە کە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ دانرابوو ھەروەھا بە سەرکەوتویی جێبەجێکراوە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو ھێرشە ھیچ پەیوەندییەکی بە کارنامەی سیاسی مانگی رابردووەوە نییە کە لە تورکیا باسی لێوە دەکرێت.
باسی لەوەشکردووە، ھێرشەکە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە دەڵێن، ھێزی گەریلا لاواز بووە، بۆیە ئامانج لەو کارە ئەوەیە کە بزانرێت ھیچ ئامانجێکی تر نییە لە تورکیا کە ھێزەکانیان نەتوانێت پێی بگەن.
رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە ھێرشێکی چەکداری کرایەسەر کۆمپانیای پیشەسازی فرۆکەوانی ئەنکەرە و بەھۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون، دەمپارتیش ئیدانەی ھێرشەکەی کرد.
ئیسرائیل ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەو بڵاوکردەوە رایگەیاند، تا ئێستا ٨٩٠ سەربازیان کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ٨٩٠ سەربازیان بە پلە جیاوازەکان لە ھێرشی زەمینی و ئاسمانی لە ٧ـی تشرینی یەکەمی رابردوەوە لە غەززە و لە لوبنان کوژراون.
وتیشی، تەنھا لە چەند سەعاتی رابردوودا پێنج سەربازی یەدەگیان کوژران و ٢٠ـی دیکەشیان برینداربوون، ئەوەش لە شەڕێکی رووبەرووبوونەوەیان بووە لە باشووری لوبنان لەگەڵ چەکدارانی حزبوڵا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی سەربازە بریندارەکانیان گەیشتوەتە پێنج ھەزار و ٦٥ سەرباز، کە ٧٥٠ یان رەوشی تەندروستیان ناجێگیرە.
لە ھێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر میوانخانەیەکی باشووری لوبنان، سێ رۆژنامەنووس کوژران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی سوپای ئیسرائیل باشووری لوبنانی بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا لانیکەم سێ رۆژنامەنووس کوژران کە لە میوانخانەیەکدا مابونەوە، کوژراوەکانیش بریتیبوون لە فۆتۆگرافەرێک و ئەندازیارێکی پەخشی کەناڵی ئەلمەیادین و فۆتۆگرافەرێکی کەناڵی ئەلمەنار سەر بە گروپی حزبوڵا.
کەناڵی ئەلمەیادین بڵاویکردووەتەوە، بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆسەر شوێنی مانەوەی کارمەندەکانیان بووە لە ناوچەی حەسبایە لە باشووری لوبنان.
غەسان بن جدو، بەڕێوەبەری کەناڵی ئەلمەیادین دەڵێت، ئیسرائیل بە مەبەست بۆردومانەکەی ئەنجامداوە ئەوەش لە تۆڵەی ئاشکراکردنی تاوانەکانی لەلایەن ئەو رۆژنامەنووسانەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە سوپای ئیسرائیل بۆردومانی نوسینگەی تەلەفزیۆنی ئەلمەیادینی کرد لە بەیروت کە پێشتر چۆڵکرابوو، پێشتریش سێ رۆژنامەنوسی تری کەناڵەکە لە ھێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
لەدوای کوژرانی یەحیا سینوار، بۆ یەکەمجار وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس سەردانی قاھیرە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی میسر بە کەناڵی قاھیرەی ھەواڵی راگەیاندووە، وەفدێکی ئەمنی میسری لەگەڵ وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس لە قاھیرە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەست.
دەشڵێت، ئەو کۆبوونەوەیە لەچوارچێوە ھەوڵەکانی میسر دێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.
ھاوکات، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشوازی لەو ھەنگاوەی میسر کرد بۆ دەستپێکردنەوە دانوستانی ئازادکردنی بارمتەکان.
دەشڵێت، ئیسرائیل داوای لە سەرۆکی مۆساد کردووە سەردانی دەوحە بکات بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکان وەربگرێت و دواتر تاوتوێیان بکات.
ئەمریکا رەتیدەکاتەوە ئامانجی وڵاتەکەی گۆڕینی دەسەڵات بێت لە ئێران و ھاوکات ھۆشداریی دەداتە تاران بۆ ئەوەی وەڵامی تۆڵەی ئیسرائیل نەداتەوە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن بە پەیامی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تارانی ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، زیانی گەورە و قوڵ لە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەدرێت.
بلینکن وتیشی، ئیسرائیل و ئەمریکا لە ھاوکاریی بەردەوامدان بۆ رێگریی لە دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و پەرەسەندنی گرژییەکانیش لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە.
ھاوکات، جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا ئامانجی گۆڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە لە ئێران، چونکە وڵاتەکەی پێشینەیەکی باشی نییە لە ھەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دەسەڵات یان رژێمەکانی ناوچەکە.
بەپێی راپۆرتێکی پەرلەمانی ئێران، زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان توانای دابینکردنی خۆراک و بژێویی رۆژانەی وەک پێویست نییە.
ناوەندنی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، راپۆرتی ساڵانەی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بڵاوکردەوە و لەراپۆرتەکەدا دەرکەوتووە، یەک لەسەر سێی کۆی ٨٥ ملیۆن دانیشتوانی ئەو وڵاتە توانای دابینکردنی پێدوایستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەیان نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی ھەژاریی لە ساڵی رابردوودا ٤٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٪، ئەوەش بەرزترین رێژەی ھەژارییە کە لە ١٠ ساڵی رابردوودی ئێراندا تۆمارکرابێت.
ھاوکات رۆژنامەی ئیقتیسادی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، لە پێنج ساڵی رابردوودا ھەژاریی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەھیچ شێوەیەک کەمینەکردووە و زیاتر لە ٢٨ ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە لەژێر ھێلی ھەژارییەوەن.
سزا ئابورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئێران، وڵاتەکەی روبەڕوی قەیرانی قوڵی داریی کردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان دروستکردووە، بە جۆرێک لە ١٠ ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی رێژەی ھەژاریی لە ئێران بەرزدەبێتەوە.
هێڵی ئاسمانی قەتەر، گەشتەكانی لەگەڵ عیراق و ئێران و لوبنان بۆ كاتێكی نا دیار راگرت.
هێڵی ئاسمانی قەتەر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەەوە، بەهۆی رەوشی ناجێگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە، گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ عیراق و ئێران و لوبنان تا كاتێكی نادیار راگرتووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، گەشتەكانیشیان لەگەڵ ئوردن تەنها لە سەعاتەكانی رۆژدا ئەنجام دەدرێت و هێڵی ئاسمانی قەتەر بە وردی چاودێری رەوشەكە دەكات بۆ دیاریكردنی كاتی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.
كۆمپانیای مایكـرۆسۆفت رایگەیاند، هاككەرانی ئێران جارێكی تر پێگە ئەلكترۆنیەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكایان كردوەتە ئامانج.
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت لە نوسراوێكدا ئاشكرایكردوە، لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی بەرێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هاككەرانی ئێران سورن لەسەر ئەوەی چاودێری هەڵبژاردنەكە بكەن و جارێكی تر هاككەران كە پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە چەند پێگەیەكی ئەلكترۆنی و میدیای ئەمریكی تایبەت بە هەڵبژاردنەكەیان كردوەتە ئامانج.
لایخۆشیەوە وتەبێژی نێردەی ئێران لە نەتەوەیەكگرتوەكان، رەتیكردەوە وڵاتەكەی هەوڵێكی لەو شێوەیە بدات و ئەو تۆمەتانەشی بێ بنەما ناوبردووە، دوپاتیشیكردەوە ئێران هیچ نیازێكی نیە دەست لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا وەربدات.
پێشتریش چەند جارێك ئێران تۆمەتباركراوە بەوەی هەوڵدەدات دەست لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا وەربدات و ئێرانیش هەمیشە تۆمەتەكانی رەتكردوەتەوە.
دوای نزیكەی ٤٣ مانگ لە گۆشەگیری، رێگەدرا برازایەكی ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی بكات و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام بدات.
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەمپارتی و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان لە پلاتفۆرمی ئێكیس رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی مامی كردووە و تەندروستی باش بووە و سەردانەكەش لە چوارچێوەی كۆبوونەوەیەكی خێزانیدا بووە.
راشیگەیاندووە، لە دیدارەكەدا ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییە گشتییەكانی ئەم دواییە كردوەو رایگەیاندوە، گۆشەگیركردنی بەردەوامە و وتوشیەتی، ئەگەر هەل و مەرج بگونجێت ئەوە رۆڵی دەبێت لە گۆڕینی شەڕ بۆ دانوستان.
هاوكات رۆژی دوێنێ، گوڵدان كشاناك رایگەیاندبوو، ٢٩ تشرینی یەكەم گوێیان لە دەنگی عەبدوڵا ئۆجەلان دەبێت، ئەوەش لە چوارچێوەی سەرهەڵدانەوەی گەرانەوەی پرسی ئاشتی كورد لە توركیا.
دواینجار، محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٩ سەردانی ئیمراڵی كرد و چاوی بە براكەی كەوت.
ئۆجەلان رێبەری گشتی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ئۆپراسیۆنێكی میت لە ساڵی ١٩٩٩ و لە كینیا دەستگیركرا و رەوانەی توركیا كرایەوە، دواتریش سزانی لە سێدارەدانی بۆ دەكرا، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەكردنی ئەو سزا لە توركیا، سزاكەی ئۆجەلان گۆڕا بۆ زیندانی هەتا هەتایی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردومانی دیمەشقی پایتەختی سوریای كرد و بەهۆیەوە ژمارەیەك سەرباز كوژران و برینداربوون.
تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ نزیك 3:40 دەقە ئیسرائیل لە ئاڕاستەی بەرزاییەكانی جۆلانەوە بۆردومانی ئەنجامداوە، كە گەڕەكی حەی كفر و سوسە لە دیمەشق گرتوەتەوە، لەگەڵ خاڵێكی سەربازی لە ریفی حومس، كە بەهۆیەوە سەربازێك كوژراوە و حەوتی دیكەش برینداربوون و زیانی ماددیشی لێكەوتووەتەوە.
روانگەی سوریش بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو بۆردوومانەی ئیسرائیل زیانی گیانی هەبووە، بەڵام هیچ ئامارێكی نەخستووەتەڕوو.
لە ساڵی ٢٠١١ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی كردووەتە سەر سوریا بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتییەكەی رابگەیەنێت، كە پێگەكانی سوپای سوریا و ئێران و حزبوڵا دەكاتە ئامانج، لە چەند هەفتەی رابردووشەوە بۆردوومانەكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیادكردووە.
ھێرشێکی چەکداری کرایەسەر کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی ئەنکەرە و بەھۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت، ھێرشەکە تیرۆریستییە، دەمپارتیش ئیدانەی ھێرشەکە دەکات.
لە ناوچەی قەھرەمان کازانی ئەنکەرە تەقینەوەیەک لە بەردەم دەرگای چونەژوورەوەی کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکیا رویدا، دوای تەقینەوەکە چەند چەکدارێک ھێرشیانکردە سەر کۆمپانیای پیشەسازی فرۆکەوانی ئەنکەرە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە رونکردنەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ھێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی لە ناوچەی پیشەسازی قەھرەمان کازان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ٥ کەس کوژراون کە دوانیان لە ھێرشبەرەکان بوون ھەروەھا ١٤ کەسیش برینداربون.
ھاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی کردووە.
ھەروەھا مارک ڕۆتە سکرتێری گشتی ناتۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا ئیدانەی ھێرشەکە دەکات و رایگەیاندوە، لە پاڵ تورکیای ھاوپەیمانمانیان دەمێننەوە و لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکەن.
پەیامێنری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، تۆڕی کرمەڵایەتی ئێکس و ئینستاگرام لە تورکیا راگیراون.
تائێستاش ھیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکەی ئەنکەرە رانەگەیاندووە.
لە بارەی روداوەکەشەوە دەمپارتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی ھێرشەکە دەکات و رایگەیاندووە، دەبێت ئێستا لە ھەمووکات زیاتر ئاشتی بپارێزرێت، چونکە ھێرشەکە لە کاتێکدایە، ئێستا لە تورکیا ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدرێت.
كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند، ئێستا ئەمریكا ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی یەكەمین سەرۆكی ژنی رەشپێست لە مێژوودا.
هاریس لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی نیوز رایگەیاندووە، روون و ئاشكرایە كە ئەمریكییەكان بێ گوێدانە رەگەز ، سەرۆكێكیان دەوێت كە پلانی هەبێت و تێچووی ژیانیان كەمبكاتەوە و پێگەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان بپارێزێت.
راشیگەیاند، نیگەران نییە لە كاریگەرییەكانی جیاكاریی ڕەگەزیی لەسەر هەڵبژاردنەكەی مانگی تشرینی دووەم، پێشیوایە ئەمریكا ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی ژنی ڕەشپێست لە كۆشكی سپی.
ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی تشرینی دووەمدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت، كامالا هاریس دەبێتە یەكەم ژن لە مێژووی ئەمریكادا كە پۆستی سەرۆكایەتی وەربگرێت، هەروەها دووەم كەسی رەش پێستە كە بۆ ئەم پۆستە هەڵدەبژێردرێت، دوای باراك ئۆباما كە ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٧ سەرۆكایەتی ئەمریكای كردووە.
جارێكی دیكە بە چوار موشەك هێرشكرایە سەر بنكەی سەربازی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی سوریا كە راداری ئەو بنكەی كردووەتە ئامانج.
میدیاكانی سوری بڵاویاكردەوە، شەوی رابردوو بە چوار موشەك هێرشكراوەتە سە كێڵگەی غازی كۆنیكۆ لە رۆژهەڵاتی سوریا كە بنكەی سەربازی ئەمریكا تێدایە، راشیانگەیاند، موشەكەكان راداری بنكە سەربازیەكەی ئەمریكایان كردووەتە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەندین تەقیینەوەی بەهێز روویانداوە، كە دەنگەكانی لە دەوروبەری ئەو بنكەیە بیستراوە.
لە دوای حەوتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە ئەو بنكەی ئەمریكا لە سوریا، هەفتانە رووبەروی هێرشدەبێتەوە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە سوریا.