سەدان کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە ئیستانبوڵ و شارەکانی باکوری کوردستان دەستگیرکران.


میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئیستانبوڵ ٣٥ گومانلێکراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و  دروستکردنی پشێوی لە شەقامەکان دەستگیرکراون.


دەشڵێت، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا ٤٤ گومانلێکراو دەستنیشانکراون کە لە ناو پەکەکە چالاکی ئەنجام دەدەن.


دەشڵێت، سێ کەس لە دەستگیر کراوەکان لەلایەن پەکەکەوە مەشق و راھێنانیان پێکراوە و رەوانەی ئیستانبوڵ کراون، شەش کەسیشیان پشتیوانی داراییان بۆ ئەندامانی پەکەکە دابینکردووە.


ھەر لەوچوارچێوەیەشدا بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، لە ٣١ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستگیرکراون.