كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند، ئێستا ئەمریكا ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی یەكەمین سەرۆكی ژنی رەشپێست لە مێژوودا.

هاریس لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی نیوز رایگەیاندووە، روون و ئاشكرایە كە ئەمریكییەكان بێ گوێدانە رەگەز ، سەرۆكێكیان دەوێت كە پلانی هەبێت و تێچووی ژیانیان كەمبكاتەوە و پێگەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان بپارێزێت. 

راشیگەیاند، نیگەران نییە لە كاریگەرییەكانی جیاكاریی ڕەگەزیی لەسەر هەڵبژاردنەكەی مانگی تشرینی دووەم،  پێشیوایە  ئەمریكا ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی ژنی ڕەشپێست لە كۆشكی سپی.

ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی تشرینی دووەمدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت، كامالا هاریس دەبێتە یەكەم ژن لە مێژووی ئەمریكادا كە پۆستی سەرۆكایەتی وەربگرێت، هەروەها دووەم كەسی رەش پێستە كە بۆ ئەم پۆستە هەڵدەبژێردرێت، دوای باراك ئۆباما كە ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٧ سەرۆكایەتی ئەمریكای كردووە.