بەپێی راپۆرتێکی پەرلەمانی ئێران، زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان توانای دابینکردنی خۆراک و بژێویی رۆژانەی وەک پێویست نییە.


ناوەندنی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، راپۆرتی ساڵانەی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بڵاوکردەوە و لەراپۆرتەکەدا دەرکەوتووە، یەک لەسەر سێی کۆی ٨٥ ملیۆن دانیشتوانی ئەو وڵاتە توانای دابینکردنی پێدوایستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەیان نەبووە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی ھەژاریی لە ساڵی رابردوودا ٤٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٪، ئەوەش بەرزترین رێژەی ھەژارییە کە لە ١٠ ساڵی رابردوودی ئێراندا تۆمارکرابێت.


ھاوکات رۆژنامەی ئیقتیسادی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، لە پێنج ساڵی رابردوودا ھەژاریی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەھیچ شێوەیەک کەمینەکردووە و زیاتر لە ٢٨ ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە لەژێر ھێلی ھەژارییەوەن.


سزا ئابورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئێران، وڵاتەکەی روبەڕوی قەیرانی قوڵی داریی کردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان دروستکردووە، بە جۆرێک لە ١٠ ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی رێژەی ھەژاریی لە ئێران بەرزدەبێتەوە.