نوێترین زانیاری لەبارەی ھێرشە چەکدارییەکەی سەر کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی ئەنکەرە
هادی
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١٥٩
ھێرشێکی چەکداری کرایەسەر کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی ئەنکەرە و بەھۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت، ھێرشەکە تیرۆریستییە، دەمپارتیش ئیدانەی ھێرشەکە دەکات.
لە ناوچەی قەھرەمان کازانی ئەنکەرە تەقینەوەیەک لە بەردەم دەرگای چونەژوورەوەی کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکیا رویدا، دوای تەقینەوەکە چەند چەکدارێک ھێرشیانکردە سەر کۆمپانیای پیشەسازی فرۆکەوانی ئەنکەرە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە رونکردنەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ھێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی لە ناوچەی پیشەسازی قەھرەمان کازان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ٥ کەس کوژراون کە دوانیان لە ھێرشبەرەکان بوون ھەروەھا ١٤ کەسیش برینداربون.
ھاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا ئیدانەی ھێرشەکەی کردووە.
ھەروەھا مارک ڕۆتە سکرتێری گشتی ناتۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا ئیدانەی ھێرشەکە دەکات و رایگەیاندوە، لە پاڵ تورکیای ھاوپەیمانمانیان دەمێننەوە و لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکەن.
پەیامێنری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، تۆڕی کرمەڵایەتی ئێکس و ئینستاگرام لە تورکیا راگیراون.
تائێستاش ھیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکەی ئەنکەرە رانەگەیاندووە.
لە بارەی روداوەکەشەوە دەمپارتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی ھێرشەکە دەکات و رایگەیاندووە، دەبێت ئێستا لە ھەمووکات زیاتر ئاشتی بپارێزرێت، چونکە ھێرشەکە لە کاتێکدایە، ئێستا لە تورکیا ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدرێت.