ئەمریکا رەتیدەکاتەوە ئامانجی وڵاتەکەی گۆڕینی دەسەڵات بێت لە ئێران و ھاوکات ھۆشداریی دەداتە تاران بۆ ئەوەی وەڵامی تۆڵەی ئیسرائیل نەداتەوە.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن بە پەیامی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تارانی  ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، زیانی گەورە و قوڵ لە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەدرێت.


بلینکن وتیشی، ئیسرائیل و ئەمریکا لە ھاوکاریی بەردەوامدان بۆ رێگریی لە دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و پەرەسەندنی گرژییەکانیش لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە.


ھاوکات، جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا  ئامانجی گۆڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە لە ئێران، چونکە وڵاتەکەی پێشینەیەکی باشی نییە لە ھەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دەسەڵات یان رژێمەکانی ناوچەکە.