سوپای تورکیا کوشتنی حەوت گەریلای پەکەکەی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند، پەکەکەش کوشتنی پێنج سەربازی تورکیای پشتڕاستکردەوە.


وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردەوە، حەوت چەکداری پەکەکەیان لە ناوچەی چنگ-قفڵ کوشتووە، جەختی لەوەشکردوەتەوە بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان.


ھاوکات دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانی تورکیا_ میت رایگەیاند، لە پاش ھێرشە چەکداریەکەی سەر ئەنکەرە، ١٢٠ پێگەی سەر بە پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی زانیاری لەبارەی شوێنەکانەوە ئاشکرا بکات.


ھاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنج شەممە ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکەیان لە چەند ھێرشێکی ئاسمانییدا لە ناوچەکانی خواکورک، گارا، قەندیل و شنگال لە ھەرێمی کوردستان لەچالاکی خستووە.


لە بەرانبەریشدا ھەپەگە رایگەیاند، لە چەند چالاکیەکدا پێنج سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە کە فەرماندەیەکی پلە بەرزیان تێدایە.


دەشڵێت، چالاکیەکان لە ناوچەی زاپ، مەتینا، قەندیل، خواکوڕک، سنین ئەنجامدراون.