لەدوای کوژرانی یەحیا سینوار، بۆ یەکەمجار وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس سەردانی قاھیرە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.


سەرچاوەیەک لە حکومەتی میسر بە کەناڵی قاھیرەی ھەواڵی راگەیاندووە، وەفدێکی ئەمنی میسری لەگەڵ وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس لە قاھیرە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەست.


دەشڵێت، ئەو کۆبوونەوەیە لەچوارچێوە ھەوڵەکانی میسر دێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.


ھاوکات، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشوازی لەو ھەنگاوەی میسر کرد بۆ دەستپێکردنەوە دانوستانی ئازادکردنی بارمتەکان.


دەشڵێت، ئیسرائیل داوای لە سەرۆکی مۆساد کردووە سەردانی دەوحە بکات بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکان وەربگرێت و دواتر تاوتوێیان بکات.