گرووپی حەوت لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا ٥٠ ملیار دۆلار بە قەرز دەداتە ئۆکراین پوتنیش دەڵێت ئەوە دزیکردنێکی ئاشکرایە و بێوەڵام نابێت.


بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی کە حکومەتی ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، سەرکردەکانی گرووپی حەوت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە پارە بلۆککراوەوکانی روسیا تا کۆتایی ئەمساڵ ٥٠ ملیار دۆلار بە قەرز بدەنە ئۆکراین بە مەبەستی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بەکارھێنان بە بوارە داریی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.


ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو ٥٠ ملیار دۆلارە، ئەمریکا ٢٠ ملیار و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا و کەنەدا و ژاپۆنیش ٣٠ ملیار دۆلارەکەی تر بۆ ئۆکراین دابین دەکەن کە کۆی ئەو بڕە لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا دەردەھێنرێت.


لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیاش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی گرووپی حەوت دزیکردنێکی ئاشکرایە لە سەروەت و سامانی روسیا و ھەر دەستبردنێکیش بۆ پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی بێوەڵام نابێت و سزای توندی دەبێت.