رۆژنامەی وۆڵ ستیرت جۆرناڵ رایگەیاندووە، هەواڵگری ئەمریکا لە راپۆرتێکدا باسی لە ویستی ئیسرائیل کردووە، بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (WSJ)، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا راپۆرتی داوە لەبارەی خواستی ئیسرائیل و زانیاری ئەوەی تێدایە کە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە کردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ژێرخانی سەربازیی ئێران لاواز بووە و رەنگە چالاکییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد بکات.
لە دووەم راپۆرتیشدا هەواڵگریی ئەمریکاوە ئەوەی خستووەتە روو، لە یەکەم رۆژەکانی سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕەمپەوە، ئیسرائیل لە ئامادەکارییدایە و ئەگەری پشتیوانی ترەمپ بۆ هێرشەکە بەراورد بە بایدن بەرزترە.
ئەوەش هاتووە، لە هێرشەکەدا ئیسرائیل پێویستی بە پشتیوانی سەربازی و تەقەمەنی ئەمریکا دەبێت.
وەزارەتی بەرگری سوریا یەکەم ئاهەنگی دەرچوونی سەربازیی بۆ زیاتر لە ٣٠٠ سەربازی سوپا لە شاری حەلەب رێکخست.
٣٠٠ کەس کە خوازیاری وەرگرتن بوون لە سوپای سوریادا، دوای مانگێک کۆتایی بە مەشق و راهێنانیان هات.
رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی سەربازیی بۆ یەکەمجار دوای ٦١ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی بەعسی سوریا لە گۆڕەپانی سەعدوڵلا ئەلجبووری لە حەلەب بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا جێگری پارێزگاری حەلەب و فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە بەشدار بوون.
وابڕیارە سعودییە میوانداری جامی جیهانی 2034بکات و باڵیۆزی سعودییەش لە بەریتانیا بە نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە؛ ئێمە رێگە نادەین بە خواردنەوەی کحول بە میوانان لە کاتی یارییەکاندا و کولتووری خۆمان ناگۆڕین بۆ کەسانی تر.
خالید بن بندر باڵیۆزی سعودییە لە بەریتانیا دەشڵێت: "ئێمە لە ئێستادا ڕێگە بە خواردنەوە کحولییەکان نادەین، بەڵام میوانەکانمان دەتوانن لەوێ کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، هەموو کەسێک کولتووری تایبەتی خۆی هەیە، ئێمەش دڵخۆشین بە هاتنی خەڵک بۆ ناو کلتورەکەمان، بەڵام نامانەوێت بیگۆڕین بۆ کەسانی تر."
ساڵی 2024 فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ(فیفا) رایگەیاند کە سعودیە شەرەفی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ـی پێدراوە، کە وابڕیارە بە بەشداری 48 وڵات بەڕێوەبچێت، ئەمەش یەکەمجارە لەمێژووی سعودییەدا.
سعودیە لە دوای قەتەر کە ساڵی 2024 میوانداری مۆندیالی کرد، دەبێتە دووەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە میوانداری جامی جیهانی فیفا بکات.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا ئەنجامداو تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دوپات کردەوە.
کۆشکی کریملین رایگەیاند: پوتن لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە بۆ پشتیوانی لە یەکگرتوویی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو دوو سەرۆکە چەند بابەتێکیان تاوتوێ کردووە کە پەیوەندییان بە هاوکاریی کردەیی لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، پەروەردەیی و بوارەکانی دیکەدا هەیە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنە، یەکەم وتووێژی تەلەفۆنی نێوان پوتین و ئەحمەد شەرعە، بەڵام پێشتر لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەلەفۆن قسەی کردووە.
بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە لە 21 پارێزگای ئێران دەوام راگیراوە و کارەبای چەند ناوچەیەکیش پچڕاوە.
شەپۆلی بەفر و باران و سەرما وڵاتانی دراوسێی عیراقی گرتووەتەوە، باکووری کوردستان و تورکیا لەلایەک و رۆژهەڵات و ئێرانیش لەلایەک دیکەوە.
لەئێستادا بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ئێرانی گرتووەتەوە، جوڵە وەستاوە و ناوەندەکانی خوێندن داخراون، دەوام لە سەرجەم فەرمانگەکاندا راگیراوە و بانکەکانیش چەند لقێکی دیاریکراویان کراوەن.
بەپێی هەواڵی میدیاکان، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەوە لە 21 پارێزگای ئەو وڵاتە دەوام راگیراوە، هەروەها ناوەندە تەندروستییەکانیش داخراون، تەنها بەشی فریاکەوتن بە کراوەیی ماوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای توانیز تایبەت بە کارەبا رایگەیاندووە، لە چەند ناوچەیەکدا کارەبا پچڕاوە و سەرقاڵی ئەوەن چی زووە هێڵەکانی کارەبا چاکبەکەنەوە و کارەبا بگەڕێننەوە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
کەشناسیی وڵاتەکەش هۆشداری داوە، شەپۆلی سەرما تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و بەفربارین لە چەند ناوچەیەکیش بەردەوام دەبێت. پێشبینیش دەکات، خێرایی با لە 10 پارێزگا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
بەرپرسانی وڵاتەکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە.
توركیا هێرشەكانی بۆسەر كۆبانێ چڕتر كردوەتەوە و هەسەدەش رایگەیاند، تەنها لە 24 سەعاتی رابردوودا دەوروبەری بەنداوی تشرین 140 جار تۆپباران كراوە.
هێزەكانی سوریای دیموكراتی-هەسەدە بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا هێرشەكانیان دژی كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان زیاتر كردووە، هاوكات چەكدارانی سوری هاوپەیمانی توركیاش 10 گوندی نزیك پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین تۆپباران كردووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنیا لە 24 سەعاتدا گوندەكانی ئەلتینا، جەدە، بیر حەسەن، خەسەق و دیكان و ئەلسانا و گرێ سێڤێ لە لایەن توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانییەوە 140 جار بە تۆپ و هاوەن و كراونەتە ئامانج.
هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شارۆچكەی شێخلەر-یان لە رۆژئاوای كۆبانێیان بۆردومان كرد.
ئەمریكا داواكارییەكی ئیسرائیل بۆ دواخستنی وادەی كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشوری لوبنان رەتدەكاتەوە .
لێپرسراوێكی ئەمریكی بە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"ی راگەیاندووە، واشنتن بریاری داوە پابەند بێت بەو وادەیەی بۆ كشانەوەی كۆتایی سوپای ئیسرائیل لە باشوری دانراوە كە 18ی شوباتە و داواكارییەكەی ئیسرایلی بۆ درێژكردنەوەی وادەكە رەتكردووەتەوە.
هەروەها ئاشكرایكردووە، مۆرگان ئۆرتاگۆس نێردەی ئەرمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانی لوبنان و ئیسرائیلیشی كردووە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ئاگربەستی راگرتنی جەنگ لە باشوری لوبنان و دوپاتیشیكردووەتەوە كە 18ی شوبات وادەیەكی جێگیركراوە بۆ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان .
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو رۆژی شەممە دیلەکانی وڵاتەکەی ئازاد نەکرێن، ئەوا ئاگربەست لەگەڵ غەززە رادەگرن.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "ئەگەر تاوەکو رۆژی شەممە دیلەکان ئازاد نەکرێن، ئەوا رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کۆتایی پێ دێت و هێرشەکان بە چڕی دەست پێ دەکەنەوە و هەتا لەناوبردنی حەماس بەردەوام دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس پابەندی بەڵێنەکانی رێککەوتنی نێوانیان نەبووە و هەر بۆیە دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە هەڵدەپەسێردرێت. وتیشی، پێشوازی لە پلانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بۆ داهاتووی غەززە.
پێشتریش لە راگەیاندراوێکدا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەوەیان خستبووە روو، دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەیان و بزووتنەوەی حەماس، تا ئەو کاتەی کە ٩ دیلی دەست حەماس ئازاد نەکرێن، دەست پێ ناکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، عیزەدین قەسام وتەبێژی لیواکانی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، خولێکی دیکەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەکەیان و ئیسرائیل کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، بەهۆی پابەند نەبوونی ئیسرائیل بە ڕێککەوتنەکەوە، دوادەخرێت.
دوێنێش دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو رۆژی شەممە چاوەڕوانی حەماس دەکات بۆ ئازادکردنی دیلەکان، دوای ئەو وادەیە دەرگای دۆزەخ دەکرێتەوە.
ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی باڵی سەربازی حەماس، کەمێک پێش ئێستا (دووشەممە) رایگەیاند، رادەستکردنی ئەو زیندانییە ئیسرائیلیانەی بڕیار بوو شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن، بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بەرامبەر ئاگربەستەکە دواخرا.
ئەبو عوبەیدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا سەرکردایەتی حەماس، چاودێری پێشێلکارییەکانی دوژمن و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەیان کردووە، لەوانە دواخستنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە، بە ئامانجکردنیان بە بۆردومان و تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، هەروەها نەهێنانی ئەو کەرەستە فریا گوزارییانەی رێککەوتنیان لەسەر کرابوو"
هاوکات وتیشی: بۆیە رادەستکردنی زیندانیانی ئیسرائیلی کە بڕیار بوو رۆژی شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن، تا ئەوکاتەی داگیر کار پابەند دەبێت بە ئاگر بەستەو قەرەبوو کردنەوەی کارەکانی هەفتەی داهاتوو دوادەخرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری نوێی سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند، لە پاش روخانی ئەسەد، هەزاران خۆبەخش پەیوەندیان بە سوپای نوێی سوریاوە کردووە.
لە پۆدکاستێکی دەنگیدا لەگەڵ ئەلیستەر کامپبێل، وتەبێژی پێشووی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و ڕۆری ستیوارت، وەزیری پێشووی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، بە سەرباز کردنی ناچاریمان نەسەپاندووە، بەڵکو بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هاووڵاتییان خۆیان هەڵیان بژاردووە پەیوەندی بە سوپای نوێی سوریاوە بکەن.
شەرع ڕوونیشیکردەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا و لە دوای ململانێکانی 2011 کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نیو ملیۆن کەس، لە ترسی سەرباز گیری ناچاری ژمارەیەکی زۆر گەنج لە سوریا هەڵاتوون و ئەمەش گەورەترین نیگەرانی سورییەکان بوو، بەڵام ئێمە ئەمەمان نەهێشتووە.
لە 29ـی 1، کاتی دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی، ئیدارەی نوێ زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد کە تیایدا فەرمان درابوو هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، جگە لە سوپا و خزمەتگوزارە ئەمنییەکان.
دەزگای پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، شاندی ئیسرائیل لە دۆحە گەڕاونەتەوە و سبەی ئەنجومەنی وەزارەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی باسی لەوەکرد قەتەر ناڕازییە لە لێدوان و هەڵسوکەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە غەززە و بەرەو پێش چوونەکان.
لە بەرامبەردا کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، وابڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی حکومەت دا، تاوتووێی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە بکات، ئەم کۆبونەوەیە هاوشانی لێدوانێکی دەیڤید مینسەر، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیلە کە وتی؛ هەتا نەگەین بە ئامانجەکانمان کۆتایی بە شەڕ ناهێنین.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە بۆ باسکردنە و دارشتنەوەی هەڵوێستی نوێی ئیسرائیلە پێش دەستپێکردنەوەی یەکجاری گفتوگۆکان بۆ ئاگر بەست.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی ماریڤ بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بیر لە بەردەوامیدان بە ئازادکردنی دیلەکان دەکاتەوە و دەیەوێت پێش هاتنی مانگی رەمەزان دیلەکان ئازادبکرێن.
لە نوێترین وتاریدا لە تاران، سەرۆک کۆماری ئێران تانەی لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی داو رایگەیاند ئێران لە ژێر فشاردا ملکەچی هیچ شتێک نابێت و ئیسرائیلیشی بە هۆکاری ناسەقامگیری رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکیدا کە بەبۆنەی یادی 46 ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانەوە پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە سزاکانی ئەمریکا و دواین لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کرد و وتی:"ئەگەر ترەمپ دەیەوێت رێکبکەوین، بۆچی سزاکانی ئیمزاکرد، ئەو راستگۆ نییە لە ویستی بۆ رێککەوتن".
لەوتارەکەیدا مەسعود پزیشکیان وتی:" ترەمپ پیلان لە دژی وڵاتەکەمان دەگێڕێت و ناتوانین متمانە بە لێدوان و بەڵێنەکانی بکەین".
هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، تاران ملکەچی گوشارە دەرەکییەکان نابێت، بەڵام بەدوای شەڕیشدا ناگەڕێت.
پزیشکیان تیشکی خستە سەر پشێوی و روداوەکانی ناوچەکەو ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد و بە هۆکاری ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی هێنا، وتی: "ئیسرائیل نەک هۆکاری نائارامی ئێران بەڵکو هی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەمەش بە پشتیوانی ئەمریکا".
ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران، هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ترەمپ زیاتر لە چەند جارێک رایگەیاندووە کە پێی باشترە لەگەڵ تاراندا بگەنە "رێککەوتنی ئاشتی ئەتۆمی" و ئەمەش وادەکات رێگە بە تاران بدرێت گەشە بکات.
لە هەمان کاتدا هەفتەی رابردوو یاداشتێکی ئیمزاکرد کە بریتی بوو لە دووبارە سەپاندنەوەی سزای توند بەسەر نەوتی ئێراندا.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو سزایانەی بۆ سەر وڵاتەکەی بە "نایاسایی و ناڕەوا ناوبرد"
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، غەززە بووە بە زیندان. دەشڵێت، بەر لە شەڕی غەززە میسڕ رێگای نەداوە وڵاتەکە جێبهێڵن.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، فەڵەستینییەکانی دانیشتووی کەرتی غەززە دەیانەوێت غەززە بەجێبھڵن.
باسی لەوەشکردووە، لە رابردووشدا و بەر لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیرائیل و حەماس، ژمارەیەک داواکارییان لە فەڵەستینییەکان بەدەست گەیشتووە کە دەیانەوێت غەززە بەجێبڵن، "بەڵام میسر رێگای بە فەڵەستینییەکان نەداوە، لەوەی ئارەزومەندانە کەرتی غەززە بەجێبھێڵن".
ناتانیاهۆ وتیشی، "ھەمووان غەززە، بە گەورەترین زیندانی کراوە لە جیھاندا ناو دەبەن، چونکە دانیشتووانەکەی ناتوانن بەجێیبھێڵن و بژاردەی ئەوەیان نییە".
رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس بە زیاتر لە پێنج هەزار موشەک هێرشیکردە سەر ئیرسائیل و لەدوای ئەوەشەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستبوو و تاوەکو ئێستا دوای ساڵێک و چوار مانگ، شەڕ بەردەوامە.
لە لیبیا تەرمی نزیكەی 50 كۆچبەر لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵدا دۆزرایەوە كە هەندێكیان شوێنی گوللە بە جەستەیانەوە بووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی لیبیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە لە شاری كوفرە لە باشوری رۆژهەڵاتی لیبیا دۆزراونەتەوە كە یەكەمیان رۆژی هەینی هەڵدراوەتەوە و تەرمی 19 كۆچبەری تێدا بووە.
دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكانیش ناوەندێكی بازرگانیكردنیان بە مرۆڤ ئاشكراكردووە، لە هەمان ناوچە گۆڕێكی تری بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە تەرمی 30 كەسی تێدا بووە.
كۆمەڵەی عابرینی خێرخوازیش ئاشكرایكردوە، هەندێك لە تەرمەكان شوێنی گولـلەیان پێوەیە و لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەی زیاتر لەوبارەیەوە دەكرێت.
لە ماوەی دوو مانگی هێرشەكانی توركیا و چەكدارانی بۆ سەر باكوری سوریا و رۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 80 كەس شەهیدبون.
دەستەی تەندروستیی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا بەهۆی هێرشی درۆن و بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا ، لەگەڵ پەلاماری چەكدارانی سوری هاوپەیمانی ئەو وڵاتە، 82 هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و 250 كەسیش برینداربون.
زۆرینەی قوربانییەكان لە گوندەكانی مەنبج و نزیك لە بەنداوی تشرین و كۆبانێ بون كە لە بۆردومانی درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەهید بون.
دەستەی تەندروستی ئاماژەی بەوە كردوە لە ماوەی یەك مانگی هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تشرین 24 هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بون و 221 كەسی دیكەش بریندرابون.
بە پێی ئامارەكانی دەستەی تەندروستی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەو دوو مانگەدا لانیكەم 10 منداڵ لە كۆبانێ و سرین و مەنبج بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە شەهید بون.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لە تاران کۆبوونەوە و لە کۆبونەوەکەدا خامنەیی رایگەیاند: پێزانینی خۆی بۆهەوڵەکانی وەفدی دانوستانکاری حەماس دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "بەدەستهێنانی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام جیهانی ئیسلامی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە پاڵپشتیکردن و دابینکردنی فریاگوزاری بۆ گەلی فەلەستین هەڵبگرێت".
لە سەرەتای دیدارەکەدا، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، خەلیل حەیا، وتی: "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس سەرکەوتنێکی هاوبەشی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێرانە".
خامنەیی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ وەفدی حەماس ئاماژەی بەوەکرد: "هێزە داگیرکەرەکان سەرەڕای ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، نەیانتوانی هیچ کام لە ئامانجەکانیان بەدیبهێنن، خەباتی فەلەستین، نەک هەر ئیسرائیلی تێکشکاند، بەڵکو ئەمریکاشی تێکشکاند.
بەگوێرەی ئەوەی کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، خامنەیی ئاماژەی بە گرنگی پلاندانان بۆ کاری فەرهەنگی و میدیایی شانبەشانی هەوڵە سەربازییەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "خەباتی فەلەستین ئاستێکی بەرزی لە بواری میدیا و راگەیاندندا پێشکەش کردووە و بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتیی دەبێت بەردەوام بن لەم شێوازە".
خامنەیی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا کردووە بۆ سەر ئابوری ئێران و جەختی کردەوە لەوەی؛ "ئەم جۆرە هەڕەشانە هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر بیرکردنەوەی نەتەوەکەمان و شێوازی کارکردنمان نابێت".