هەواڵگری ئەمریکا: ئیسرائیل دەیەوێت هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
هەساو ئەمیر
١٣ی شوباتی ٢٠٢٥
رۆژنامەی وۆڵ ستیرت جۆرناڵ رایگەیاندووە، هەواڵگری ئەمریکا لە راپۆرتێکدا باسی لە ویستی ئیسرائیل کردووە، بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (WSJ)، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا راپۆرتی داوە لەبارەی خواستی ئیسرائیل و زانیاری ئەوەی تێدایە کە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە کردووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ژێرخانی سەربازیی ئێران لاواز بووە و رەنگە چالاکییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد بکات.
لە دووەم راپۆرتیشدا هەواڵگریی ئەمریکاوە ئەوەی خستووەتە روو، لە یەکەم رۆژەکانی سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕەمپەوە، ئیسرائیل لە ئامادەکارییدایە و ئەگەری پشتیوانی ترەمپ بۆ هێرشەکە بەراورد بە بایدن بەرزترە.
ئەوەش هاتووە، لە هێرشەکەدا ئیسرائیل پێویستی بە پشتیوانی سەربازی و تەقەمەنی ئەمریکا دەبێت.