بەهۆی شەپۆلی بەفر و سەرماوە لە 21 پارێزگای ئێران دەوام راگیراوە و کارەبای چەند ناوچەیەکیش پچڕاوە.

شەپۆلی بەفر و باران و سەرما وڵاتانی دراوسێی عیراقی گرتووەتەوە، باکووری کوردستان و تورکیا لەلایەک و رۆژهەڵات و ئێرانیش لەلایەک دیکەوە.

لەئێستادا بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ئێرانی گرتووەتەوە، جوڵە وەستاوە و ناوەندەکانی خوێندن داخراون، دەوام لە سەرجەم فەرمانگەکاندا راگیراوە و بانکەکانیش چەند لقێکی دیاریکراویان کراوەن.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەوە لە 21 پارێزگای ئەو وڵاتە دەوام راگیراوە، هەروەها ناوەندە تەندروستییەکانیش داخراون، تەنها بەشی فریاکەوتن بە کراوەیی ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای توانیز تایبەت بە کارەبا رایگەیاندووە، لە چەند ناوچەیەکدا کارەبا پچڕاوە و سەرقاڵی ئەوەن چی زووە هێڵەکانی کارەبا چاکبەکەنەوە و کارەبا بگەڕێننەوە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

کەشناسیی وڵاتەکەش هۆشداری داوە، شەپۆلی سەرما تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت و بەفربارین لە چەند ناوچەیەکیش بەردەوام دەبێت. پێشبینیش دەکات، خێرایی با لە 10 پارێزگا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

بەرپرسانی وڵاتەکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە.