ئەمریكا كاروانێكی هاوكاری سەربازیی لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات و پەیامنێری كوردسات نیوزیش دەڵێت، كاروانەكە لە چوارچێوەی بەرەنگاربونەوەی داعشدایە كە چەك و كەرەستەی سەربازیی لەخۆ گرتووە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە رۆژی شەممە 36 بارهەڵگری سەربازیی ئەمریكا لە هەرێمەوە رەوانەی حەسەكە كراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند: لە ماوەی هەفتەی رابردودا رەوانەكردنی كەرەستەی سەربازیی لە لایەن ئەمریكاوە بۆ رۆژئاوا زۆر زیادیكردوە و جگە لەو كاروانە سەربازیانەی لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانە دەكرێن، ئەمریكا بە فڕۆكەش كەرەستەی سەربازیی بۆ بنكەكانی دەگوازێتەوە.
بە پێی زانیارییەكان ئەو 36 بارهەڵگرە سەربازییەی ئەمریكا كە پێكهاتبون لە زرێپۆش و چەك و كەرەستەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستانەوە و لە رێگەی سنوری وەلیدەوە بۆ رۆژئاوا گوازراوەتەوە و زۆربەشی رەوانەی بنكەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی قسرۆك لە حەسەكە كراوە.
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: لە21ـی شوبات توانیان واسیم تەحسین بەیرەقدار، سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی تیرۆریستی "حراس الدين"ـی سەر بە قاعیدە، لە باکووری رۆژئاوای سوریا بکوژین.
ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم لە لێدوانێکدا رایگەیاند "ئێمە بێ وەستان بەدوای هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا دەگەڕێین و لەناویان دەبەین، بەبێ گوێدانە شوێن و جوگرافیا یان".
بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، ئەم هێرشە ئاسمانییە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازی.
شایەنی باسە، "حراس ئەلدین" گروپێکی تیرۆریستییە کە پەیوەندی راستەوخۆی بە رێکخراوی قاعیدەوە هەیە و لە ناوچەکانی سوریادا چالاکی سەربازی ئەنجام دەدات.
ناوەندێكی توێژینەوەی ئیسرائیلی دەڵێت، وڵاتەكەی نەیتوانیوە ئامانجە سەرەكییەكانی لە شەڕی دژی بزوتنەوەی حەماس بەدیبهێنێت.
ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل شكستی هێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە شەڕی دژی بزوتنەوەی حەماس و لە بەرانبەردا حەماس توانیویەتی بمێنێتەوە و پێویستە ئیسرائیلیش لەئێستا بە دواوە تیشك بخاتەسەر دوو ئامانج.
دەشڵێت، پێویستە ئامانجی یەكەمی ئیسرائیل ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان بێت و دووەمیشیان سود لە بیرۆكەی دۆناڵد ترەمپ وەربگرێت بۆ راگواستنی دانیشتووانی غەززە و هانی وڵاتانی عەرەبیش بدات بۆ سەقامگیری و گەرەنتیكردنی نەگەڕانەوەی حەماس بۆ دەسەڵات.
راشیگەیاند، درێژكردنەوەی ئاگربەست شكستە بۆ ئیسرائیل، چونكە حەماس جارێكی تری خۆی رێكدەخاتەوە و غەززە دەخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی تاران سەبارەت بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی زۆر ڕوونە و رێبەری باڵای ئێرانیش بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە چەكەی حەرام كردووە.
رەوانچی لە لێدوانێكدا وتیشی، ئەمریكا و ئیسرائیل ئەگەر تووشی هەڵەیەك ببن بەرامبەر ئێران، باجەكەی قورس دەبێت بۆیان، دەشڵێت هەلی گەورەی جیاواز لە ناوچەكەدا هەیە و دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندی ئێران و سعودیە كەڵكی لێوەربگرن.
رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەم دواییەی رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، راگەیێندراوێكی بڵاو كردەوە و باس لەوە دەكات ئێران سەلماندوویەتی كە چەكی ئەتۆمی ناوێت.
دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەوەن لە بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوێكی گرنگی وەك ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە بەردەوام بێلایەن و پرۆفێشناڵ و دوور لە لایەنگریی سیاسی بدوێت.
بڕیارە سەینێ بە سەردانێکی رەسمی وەزیری دەرەوەی سوریا بێتە عیراق.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ شەممە، ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە سەردانێکی رەسمی بێتە عیراق. کە ئەوە یەکەم سەردانی ئەو وەزیر دەبێت بۆ بەغداد.
سبەینێ لە سەردانەکەیدا ئەسعەد شیبانی لەگەڵ بەرپرسان کۆدەبێتەوە و تاوتێی دۆخی ئێستای ناوچەکە و چەند پرسێکی هاوبەشی نێوانیان دەکەن.
رۆژی 17ی ئەم مانگە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق باس لە هۆکاری پیرۆزبایی نەکردنی عیراق لە حکومەتی نوێی سوریا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕوانی سەردانی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریان بۆ عیراق و دەیانەوێت کۆببنەوە لەگەڵی و لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوانیان نوێ بکەنەوە.
وتیشی، عیراق چاوەڕوانی ئەوەی کردووە کە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی نیگەرانییەکانیان بڕەوێننەوە و حکومەتی نوێی سوریاش بەشێکی دامەزراوە گرنگەکانی بونیاد بنێتەوە بۆئەوەی رۆڵی گونجاوی خۆیان بگێڕن، کە لەماوەی رابردوودا چەند بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە هەبوون.
وتەبێژی حکومەتی عیراق ئەوەشی خستبووە روو، سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغداد بەمەبەستی گەیشتنە بە خاڵی لێکتێگەیشتنی گونجاو لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بۆئەوەی بە رێز و هەماهەنگییەوە پەیوەندییەکانیانی لەسەر بونیاد بنێن. هەروەها تیایدا چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیار باسدەکەن، کە هەردوو وڵاتەکە گرنگی تایبەتی پێدەدەن.
كاروانێكی تری سەربازیی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە عیراقەوە گەیشتە رۆژئاوای كوردستان.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، كاروانە سەربازییەكە لە دەوازی سنوریی وەلید لە پارێزگای ئەنبارەوە گەیشتووەتە سوریا و رەوانەی بنكەی قەسرك لە دەوروبەری حەسەكە كراوە، كە پێكهاتبوو لە 36 بارهەڵگر كە سندوقی داخراو و ساردكەرەوە و چەكیان لەنێودا بووە و بە روپۆشی رەش داپۆشرابوون.
رەوانەكردنی كاروانە سەربازییەكە بۆ رۆژئاوای كوردستان، لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزكردنی پێگەی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا ئامانجیش لێی زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە رۆژئاوای كوردستان.
لە دوو رۆژی رابردووشدا دوو فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كێڵگەی نەوتی عومەر لە دەوروبەری دێرەزوور نیشتنەوە كە گەورەترین بنكەی سەربازییە لە سوریا.
بەپێی روانگەی سوری، ئەو دوو فڕۆكەیە كەرەستەی سەربازیی و لۆجستییان بۆ بەهێزكردنی بنكە سەربازییەكان لە رۆژئاوای كوردستان هەڵگرتبوو.
سوپای ئیسرائیل ئاشكرایدەكات، یەكێك لەو چوار تەرمەی كە لەلایەن حەماسەوە گەڕێنراونەتەوە، بێ ناسنامەیە و ئەو كەسە نەبووە كە چاوەڕێی بوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەرمی شێری پێپاس كە بڕیاربوو لەگەڵ تەرمی منداڵەكانی رادەستی ئیسرائیل بكرێتەوە، دیار نییە و حەماس تەرمی كەسێكی تری رادەست كردوون كە ناسنامەی دیار نییە و تەنانەت ئیسرائیلیش نییە، دوای ئەوەی لە پشكنینەكان دڵنیابوونەتەوە.
لە هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023، حەماس شێری پێپاس و یاردن پێپاس و دوو كوڕەكەیان بەناوەكانی ئاریێل و كفیر رفاند و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا یاردن بەبێ هاوسەرەكەی و دوو منداڵەكەی ئازاد كرا، هەفتەی رابردووش حەماس رایگەیاند، پێپاس و دوو منداڵەكەی لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا كوژراون.
بڕیاریشە سبەینێ حەماس شەش بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد بكات و هەفتەی داهاتووش تەرمی چوار بارمتەی دیكە رادەستی ئیسرائیل بكرێنەوە.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا داوای كرد بەبێ مەرجی پێشوەختە سزاكانی سەر سوریا هەڵبوەشێننەوە.
فیدان لە وتارێكدا لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست لە شاری جۆهانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا بەڕێوەچوو، وتیشی، بۆ دڵنیابوون لە بوژانەوەی سوریا، پێویستە ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون بەبێ مەرجی پێشوەختە هەڵبگیرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنقەرە پابەندبوونی هەیە بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەریی لەگەڵ سەرجەم گروپە نەتەوەیی و ئایینییەكانی سوریا، جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەشی كردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
وەزیری دەرەوەی توركیا باس لەوەشدەكات، كۆنتڕۆڵكردنی چەكی كیمیایی تا ئێستاش لە پێشینەی كارەكانی توركیایە.
مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی تاران سەبارەت بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی زۆر روونە و رێبەری باڵای ئێران بەرهەم هێنانی ئەو جۆرە چەكەی حەرام كردووە.
رەوانچی لە لێدوانێكدا وتیشی، ئەمریكا و ئیسرائیل ئەگەر تووشی هەڵەیەك ببن بەرانبەر ئێران ئەوا تێچووی قورس دەبێت بۆیان، دەشڵێت هەلی گەورەی جیاواز لە ناوچەكەدا هەیە و دەبێت بۆ گەڕانەوەی پەیوەندی ئێران و سعودیە كەڵكی لێوەربگرین.
هاوكات رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەم دواییەی رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، راگەیێندراوێكی بڵاو كردەوە كە تیایدا باس لەوەدەكات ئێران سەلماندوویەتی كە چەكی ئەتۆمی ناوێت.
دەشڵێت، چاوەروانی ئەوەین لە بەڕیوەبەری گشتیی رێكخراوێكی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ وزە كە بەردەوام بێلایەن و پڕۆفێشناڵ و دوور لە لایەنگریی سیاسی بدوێت.
ئەمڕۆ حەماس تەرمی چوار بارمتە رادەستی ئیسرائیل دەكات، رۆژی شەممەی داهاتوش شەش بارمتەی دیكە ئازاد دەكات.
بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی غەززەدا، ئەمرۆ تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی سوپای ئەو وڵاتە دەكاتەوە كە پێكهاتوون لە دایكێك و دوو منداڵ و پیاوێكی بەتەمەن.
حەماس راشیگەیاند، ئەو چوار بارمتەیە بەمدواییانە بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئەو پێگەی تیدا حەشاردرابوون كوژران.
پێشتر، ئەمە لە كاتێكدایە كە باوكی دوو منداڵە لە سەرەتای مانگی شوبات لە لایەن حەمەساوە ئازاد كرا و دوای ئازادكردنیشی لە دیمەنێكی ڤیدیۆییدا سوپای ئیسرائیلی بە كوشتنی خێزانەكەی تۆمەتبار كرد.
هاوكات، بزوتنەوەی حەماس راشیگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتووش شەش بارمتەی دیكە بە زیندویی ئازاد دەكات.
هەروەها، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، بزووتنەوەی حەماس وڵاتانی نێوەندگیری ئاگاداركردۆتەوە، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان بە یەكجار ئازاد دەكات، بە پێچەوانەوەی قۆناغی یەكەم، كە هەر هەفتەیەك سێ بارمتەی ئازاد كردووە
بەفر و سەرما 18 پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا دەگرێتەوە و بەهۆی ئاستەنگیی هاتوچۆوە پشوو لە خوێندنگەی سەرجەم ئەو پارێزگایانە راگەیەنرا.
شەپۆلی بەفربارین و سەرماوسۆڵەكە پارێزگاكانی وان و دەرسیم، سێرت و جۆلەمێرگ ، موش و ئاگریی لە باكوری كوردستان گرتوەتەوە و پشوش لەو پارێزگایانە راگەیەنراوە.
لە ئێوارەی چوارشەممەوە شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین لە ئیستانبوڵ دەستی پێكردوە و بەهۆیەوە جگە لە سەرما و سۆڵەیەكی زۆر، ئاستەنگی هاتووچۆی لە شەقامە سەرەكییەكانی ئەو شارە دروستكرد.
لە ماوەی رابردودا رێگای دەیان گوندی باكوری كوردستان بەهۆی بارینی بەفرەوە داخرابوو و حكومەتیش رایگەیاند دوای نزیكەی نۆ رۆژ رێگای زیاتر لە 400 گوند كراوەتەوە.
حەماس رەزامەندی نیشاندا بۆ ئازادكردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە و ئیسرائیلیش لێپرسینەوە لە پێنج سەرباز دەكات، لەسەر خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ دیل و دەستگیراوە فەلەستینییەكان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندی نیشانداوە، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان بە یەكجار ئازاد بكات، بە پێچەوانەوەی قۆناغی یەكەم، كە هەر هەفتەیەك سێ بارمتەی ئازاد كردووە.
راشیگەیاندوە، بزوتنەوەی حەماس وڵاتانی نێوەندگیری لەو هەڵوێستەی ئاگاداركردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، لێپرسینەوەیان لەگەڵ پێنج سەربازی یەدەگی سوپا دەستپێكردووە، لەسەر خراپ مامەڵكردن و ئەشكەنجەدانی دیل و دەستگیركراوانی فەلەستین لە گرتووخانەی سەدی تیمان.
رۆژی 19ی مانگی رابردوو، ئاگربەستی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تائێستاش، شەش جار لە رۆژانی شەممەی هەر هەفتەیەك ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەكان لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراوە و تائێستاش 19 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرانبەر سەدان دیل و دەستگیركراوی فەلەستینی ئازادكراون.
بەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی نرخی تمەنەوە، پەرلەمانی ئێران دەیەوێت متمانە لە وەزیری دارایی و ئابووری وڵاتەکەی بسەنێتەوە.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو نمزبوونەوە بەرچاوەی تمەن بەرانبەر بە نرخی دۆلار دیویەتی، پەرلەمانی ئێران دەیەوێت لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا عەبدولناسڕ هەمتی وەزیری دارایی و ئابووری ئێران لەسەر کار لاببات.
دانیشتنەکە کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیشەوە پەخشکرا، ئەحمەد نادری پەرلەمانتار ئەوەی خستە روو، پەرلەمان داواکاری پێگەیشتووە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی و ئابووری، کە رەنگە دانیشتنەکان بە لێسەندنەوەی متمانە لەو وەزیرە کۆتایی پێبێت.
بەپێی یاسای ئێران، ئەو وەزیرەی سکاڵای لەسەرە و داوادەکرێت لێپرسینەوەی لێبکرێت، مۆڵەتی 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتارەکان، کە پێویستە روونکردنەوەی تەواو بدات لەسەر دۆخی ئابووری وڵات، بەر لەوەی دەستبکرێت بە دەنگدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لێی.
دوای ئەوەی ساڵی 2018 دۆناڵد تڕەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و ئێران کەوتە ناو قەیرانێکی ئابووری قوڵەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاشەوە، ماوەی چەند ساڵێکە نرخی تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیشەوە لە سوریا لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا، نرخی تمەن زیاتر رووی لە دابەزین کرد.
لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێم 100 دۆلار بەرانبەر بە نۆ ملیۆن و 300 هەزار تمەنە.
بەهۆی هێرشەكانی توركیا لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا 18 خوێندكار و مامۆستا شەهید بوون.
ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز بڵاوی كردوەتەوە بەهۆی هێرشەكانی توركیا لە دوو مانگی رابردوودا بۆسەر خوێندگە و شوێنی نیشتەجێبون لە كانتۆنی كۆبانێ و فورات 18 خوێندكار و مامۆستا شەهید بوون و هەشت كەسیشیان بریندار بووە.
دەستەی پەورەردە و فێركردنی خۆسەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی ژمارەیەك خوێندنگەیان لە كۆبانێ و كانتۆنەكانی فورات كردووەتە ئامانج بووەتە هۆی شەهیدبوونی مامۆستا و خوێندكاران.
دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە، بەهۆی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دوو خوێندگەی باشووری كۆبانێ بە تەواوەتی خاپور كراوە و ئەو وڵاتە بەبێ گوێدانە پێوەرە نێودەوڵەتی و مرۆییەكان دەست لە بینای خوێندگەكانیش ناپارێزێ.
موقتەدا سەدر سەبارەت بە راگواستنی خەڵكی غەززە پەیامێك ئاڕاستەی میسر و ئوردن كرد و هیوای خواست رێگا نەدەن ئەو جۆرە پلانانە سەربگرن.
موقتەدا سەدر، سەرۆكی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە، لە پلاتفۆرمی ئێكیس لە ژێر ڕۆشنایی پلانەكانی ئەمریكا بۆ راگواستنی خەڵكی غەززە، پەیامێكی ئاڕاستەی ئوردن و میسر كرد، رایگەیاند، هیوایان بە میسر و ئوردن زۆرە كە دژی ئەو پلانەی ترەمپ بوەستنەوە رێگا نەدەن خەڵكی فەلەستین جارێكی دیكە ئاوارەببینەوە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی دۆزی فەلەستین و پاراستنی ئاسایشی ئاشتیانەی ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەلی عیراق بە تەواوەتی ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی ئەو دوو وڵاتە بۆی رێگریبكرێت لە دەستێوەردانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، هەروەها سەدر هیواشی خواست هەموو وڵاتانی ئیسلامی بۆچونیان یەكبخەن و رێگری لە راگواستنەی خەڵكی غەززە بگرن.
ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكانی شاری وان بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 200 خۆپیشاندەر دەستگیر كراون و نزیكەی 300 كەسیش لە باكوری كوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پەكەكە دەستگیركران.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دژی دوورخستنەوەی هاوسەرۆكی شارەوانیی وان لە باكوری كوردستان بەردەوامە و شەوی رابردووش 44 كەس دەستگیركران و بەوەش ژمارەی دەستگیركراونی سێ رۆژی ناڕەزایەتییەكان گەیشتووەتە 216 كەس.
لە لایەكی دیكەوە هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستیان بە هەڵمەتێكی هەڵكوتانەسەر ماڵی خەڵك لە شارەكانی باكوری كوردستان كردوە و لە ماوەی پێنج رۆژدا 282 كەس دەستگیركراون.
سەرچاوەكانی باكوری كوردستان بڵاویان كردووەتەوە زۆربەی دەستگیركراوەكان رۆژنامەنووس و چالاكوان و سیاسەتمەدارن