ئەمریكا كاروانێكی هاوكاری سەربازیی لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات و پەیامنێری كوردسات نیوزیش دەڵێت، كاروانەكە لە چوارچێوەی بەرەنگاربونەوەی داعشدایە كە چەك و كەرەستەی سەربازیی لەخۆ گرتووە.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە رۆژی شەممە 36 بارهەڵگری سەربازیی ئەمریكا لە هەرێمەوە رەوانەی حەسەكە كراوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند: لە ماوەی هەفتەی رابردودا رەوانەكردنی كەرەستەی سەربازیی لە لایەن ئەمریكاوە بۆ رۆژئاوا زۆر زیادیكردوە و جگە لەو كاروانە سەربازیانەی لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانە دەكرێن، ئەمریكا بە فڕۆكەش كەرەستەی سەربازیی بۆ بنكەكانی دەگوازێتەوە.

بە پێی زانیارییەكان ئەو 36 بارهەڵگرە سەربازییەی ئەمریكا كە پێكهاتبون لە زرێپۆش و چەك و كەرەستەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستانەوە و لە رێگەی سنوری وەلیدەوە بۆ رۆژئاوا گوازراوەتەوە و زۆربەشی رەوانەی بنكەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی قسرۆك لە حەسەكە كراوە.