مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی تاران سەبارەت بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی زۆر ڕوونە و رێبەری باڵای ئێرانیش بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە چەكەی حەرام كردووە.

رەوانچی لە لێدوانێكدا وتیشی، ئەمریكا و ئیسرائیل ئەگەر تووشی هەڵەیەك ببن بەرامبەر ئێران، باجەكەی قورس دەبێت بۆیان، دەشڵێت هەلی گەورەی جیاواز لە ناوچەكەدا هەیە و دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندی ئێران و سعودیە كەڵكی لێوەربگرن.

رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەم دواییەی رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، راگەیێندراوێكی بڵاو كردەوە و باس لەوە دەكات ئێران سەلماندوویەتی كە چەكی ئەتۆمی ناوێت.

دەشڵێت، چاوەڕوانی ئەوەن لە بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوێكی گرنگی وەك ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە بەردەوام بێلایەن و پرۆفێشناڵ و دوور لە لایەنگریی سیاسی بدوێت.