هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا داوای كرد بەبێ مەرجی پێشوەختە سزاكانی سەر سوریا هەڵبوەشێننەوە.

فیدان لە وتارێكدا لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست لە شاری جۆهانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا بەڕێوەچوو، وتیشی، بۆ دڵنیابوون لە بوژانەوەی سوریا، پێویستە ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون بەبێ مەرجی پێشوەختە هەڵبگیرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنقەرە پابەندبوونی هەیە بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەریی لەگەڵ سەرجەم گروپە نەتەوەیی و ئایینییەكانی سوریا، جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەشی كردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

وەزیری دەرەوەی توركیا باس لەوەشدەكات، كۆنتڕۆڵكردنی چەكی كیمیایی تا ئێستاش لە پێشینەی كارەكانی توركیایە.