هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: لە21ـی شوبات توانیان واسیم تەحسین بەیرەقدار، سەرکردەیەکی باڵای ڕێکخراوی تیرۆریستی "حراس الدين"ـی سەر بە قاعیدە، لە باکووری رۆژئاوای سوریا بکوژین.

ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم لە لێدوانێکدا رایگەیاند "ئێمە بێ وەستان بەدوای هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا دەگەڕێین و لەناویان دەبەین، بەبێ گوێدانە شوێن و جوگرافیا یان".

بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، ئەم هێرشە ئاسمانییە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازی.

شایەنی باسە، "حراس ئەلدین" گروپێکی تیرۆریستییە کە پەیوەندی راستەوخۆی بە رێکخراوی قاعیدەوە هەیە و لە ناوچەکانی سوریادا چالاکی سەربازی ئەنجام دەدات.