جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: ڕێبەری باڵا بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی حەرام كردووە
٢١ی شوباتی ٢٠٢٥
مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی تاران سەبارەت بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی زۆر روونە و رێبەری باڵای ئێران بەرهەم هێنانی ئەو جۆرە چەكەی حەرام كردووە.
رەوانچی لە لێدوانێكدا وتیشی، ئەمریكا و ئیسرائیل ئەگەر تووشی هەڵەیەك ببن بەرانبەر ئێران ئەوا تێچووی قورس دەبێت بۆیان، دەشڵێت هەلی گەورەی جیاواز لە ناوچەكەدا هەیە و دەبێت بۆ گەڕانەوەی پەیوەندی ئێران و سعودیە كەڵكی لێوەربگرین.
هاوكات رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەم دواییەی رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، راگەیێندراوێكی بڵاو كردەوە كە تیایدا باس لەوەدەكات ئێران سەلماندوویەتی كە چەكی ئەتۆمی ناوێت.
دەشڵێت، چاوەروانی ئەوەین لە بەڕیوەبەری گشتیی رێكخراوێكی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ وزە كە بەردەوام بێلایەن و پڕۆفێشناڵ و دوور لە لایەنگریی سیاسی بدوێت.