بڕیارە سەینێ بە سەردانێکی رەسمی وەزیری دەرەوەی سوریا بێتە عیراق.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ شەممە، ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە سەردانێکی رەسمی بێتە عیراق. کە ئەوە یەکەم سەردانی ئەو وەزیر دەبێت بۆ بەغداد.

سبەینێ لە سەردانەکەیدا ئەسعەد شیبانی لەگەڵ بەرپرسان کۆدەبێتەوە و تاوتێی دۆخی ئێستای ناوچەکە و چەند پرسێکی هاوبەشی نێوانیان دەکەن.

رۆژی 17ی ئەم مانگە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عیراق باس لە هۆکاری پیرۆزبایی نەکردنی عیراق لە حکومەتی نوێی سوریا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕوانی سەردانی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریان بۆ عیراق و دەیانەوێت کۆببنەوە لەگەڵی و لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوانیان نوێ بکەنەوە.

وتیشی، عیراق چاوەڕوانی ئەوەی کردووە کە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی نیگەرانییەکانیان بڕەوێننەوە و حکومەتی نوێی سوریاش بەشێکی دامەزراوە گرنگەکانی بونیاد بنێتەوە بۆئەوەی رۆڵی گونجاوی خۆیان بگێڕن، کە لەماوەی رابردوودا چەند بەرەوپێشچوونێک لەو بارەیەوە هەبوون.

وتەبێژی حکومەتی عیراق ئەوەشی خستبووە روو، سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغداد بەمەبەستی گەیشتنە بە خاڵی لێکتێگەیشتنی گونجاو لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بۆئەوەی بە رێز و هەماهەنگییەوە پەیوەندییەکانیانی لەسەر بونیاد بنێن. هەروەها تیایدا چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیار باسدەکەن، کە هەردوو وڵاتەکە گرنگی تایبەتی پێدەدەن.