بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی تمەنەوە؛ پەرلەمانی ئێران دەیەوێت متمانە لە وەزیری دارایی و ئابووری بسەنێتەوە
هەساو ئەمیر
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
بەهۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی نرخی تمەنەوە، پەرلەمانی ئێران دەیەوێت متمانە لە وەزیری دارایی و ئابووری وڵاتەکەی بسەنێتەوە.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو نمزبوونەوە بەرچاوەی تمەن بەرانبەر بە نرخی دۆلار دیویەتی، پەرلەمانی ئێران دەیەوێت لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا عەبدولناسڕ هەمتی وەزیری دارایی و ئابووری ئێران لەسەر کار لاببات.
دانیشتنەکە کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیشەوە پەخشکرا، ئەحمەد نادری پەرلەمانتار ئەوەی خستە روو، پەرلەمان داواکاری پێگەیشتووە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی و ئابووری، کە رەنگە دانیشتنەکان بە لێسەندنەوەی متمانە لەو وەزیرە کۆتایی پێبێت.
بەپێی یاسای ئێران، ئەو وەزیرەی سکاڵای لەسەرە و داوادەکرێت لێپرسینەوەی لێبکرێت، مۆڵەتی 10 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئامادەبوون لە پەرلەمان و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتارەکان، کە پێویستە روونکردنەوەی تەواو بدات لەسەر دۆخی ئابووری وڵات، بەر لەوەی دەستبکرێت بە دەنگدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە لێی.
دوای ئەوەی ساڵی 2018 دۆناڵد تڕەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و ئێران کەوتە ناو قەیرانێکی ئابووری قوڵەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاشەوە، ماوەی چەند ساڵێکە نرخی تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیشەوە لە سوریا لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا، نرخی تمەن زیاتر رووی لە دابەزین کرد.
لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێم 100 دۆلار بەرانبەر بە نۆ ملیۆن و 300 هەزار تمەنە.