سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: ئەگەر تاوەکو شەممە دیلەکانمان ئازاد نەکرێن ئاگربەست رادەگرین
هەساو ئەمیر
١٢ی شوباتی ٢٠٢٥
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو رۆژی شەممە دیلەکانی وڵاتەکەی ئازاد نەکرێن، ئەوا ئاگربەست لەگەڵ غەززە رادەگرن.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "ئەگەر تاوەکو رۆژی شەممە دیلەکان ئازاد نەکرێن، ئەوا رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کۆتایی پێ دێت و هێرشەکان بە چڕی دەست پێ دەکەنەوە و هەتا لەناوبردنی حەماس بەردەوام دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس پابەندی بەڵێنەکانی رێککەوتنی نێوانیان نەبووە و هەر بۆیە دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە هەڵدەپەسێردرێت. وتیشی، پێشوازی لە پلانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بۆ داهاتووی غەززە.
پێشتریش لە راگەیاندراوێکدا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەوەیان خستبووە روو، دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەیان و بزووتنەوەی حەماس، تا ئەو کاتەی کە ٩ دیلی دەست حەماس ئازاد نەکرێن، دەست پێ ناکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، عیزەدین قەسام وتەبێژی لیواکانی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، خولێکی دیکەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەکەیان و ئیسرائیل کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، بەهۆی پابەند نەبوونی ئیسرائیل بە ڕێککەوتنەکەوە، دوادەخرێت.
دوێنێش دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو رۆژی شەممە چاوەڕوانی حەماس دەکات بۆ ئازادکردنی دیلەکان، دوای ئەو وادەیە دەرگای دۆزەخ دەکرێتەوە.