سەرۆک کۆماری ئێران: ترەمپ دەیەوێت چۆک بە وڵاتەکەمان دابدات
رەوەز
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
لە نوێترین وتاریدا لە تاران، سەرۆک کۆماری ئێران تانەی لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی داو رایگەیاند ئێران لە ژێر فشاردا ملکەچی هیچ شتێک نابێت و ئیسرائیلیشی بە هۆکاری ناسەقامگیری رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکیدا کە بەبۆنەی یادی 46 ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانەوە پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە سزاکانی ئەمریکا و دواین لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کرد و وتی:"ئەگەر ترەمپ دەیەوێت رێکبکەوین، بۆچی سزاکانی ئیمزاکرد، ئەو راستگۆ نییە لە ویستی بۆ رێککەوتن".
لەوتارەکەیدا مەسعود پزیشکیان وتی:" ترەمپ پیلان لە دژی وڵاتەکەمان دەگێڕێت و ناتوانین متمانە بە لێدوان و بەڵێنەکانی بکەین".
هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، تاران ملکەچی گوشارە دەرەکییەکان نابێت، بەڵام بەدوای شەڕیشدا ناگەڕێت.
پزیشکیان تیشکی خستە سەر پشێوی و روداوەکانی ناوچەکەو ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد و بە هۆکاری ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی هێنا، وتی: "ئیسرائیل نەک هۆکاری نائارامی ئێران بەڵکو هی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەمەش بە پشتیوانی ئەمریکا".
ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران، هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ترەمپ زیاتر لە چەند جارێک رایگەیاندووە کە پێی باشترە لەگەڵ تاراندا بگەنە "رێککەوتنی ئاشتی ئەتۆمی" و ئەمەش وادەکات رێگە بە تاران بدرێت گەشە بکات.
لە هەمان کاتدا هەفتەی رابردوو یاداشتێکی ئیمزاکرد کە بریتی بوو لە دووبارە سەپاندنەوەی سزای توند بەسەر نەوتی ئێراندا.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو سزایانەی بۆ سەر وڵاتەکەی بە "نایاسایی و ناڕەوا ناوبرد"