لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دەروازەی سنووریی رەفەح لە نێوان کەرتی غەززە و میسڕ کرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای هەشت مانگ لە داخستنی، دەروازەی سنووری رەفەح لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بە مەبەستی بردنەدەرەوەی برینداران بۆ میسڕ کرایەوە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕۆژانە ٥٠ بریندار و سێ کەسی هاوڕێی بریندارەکان بۆیان هەیە لە دەروازەکە تێپەڕن.
لە دەروازەکەدا رێگە بە هاتوچۆی دانیشتووانی سنووری غەززە نادرێت و تەنیا رێگە بە دەرچوونیان دەدرێت، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی میسر و دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئیسرائیل 'شین-بێت' چاودێری دەروازەکە دەکەن و رێگە بە دەرچوونیان دەدەن.
دەروازەی سنووری رەفەح لەنێوان کەرتی غەززە و میسڕدایە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی کردبوو، لە 7ی ئایاری 2024وە داخراوە.
لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆسەر ماڵێك 10 كەسی ئەندامانی خێزانێك لە كۆبانێ برینداربوون.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، شەوی شەممە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی ماڵێكیان لە گوندی ئەشمە لە رۆژئاوای شاری كۆبانێ كردوە و سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانە كە حەوت كەسیان منداڵ بوون، بە قورسی برینداربوون.
ئەو منداڵانەی بەهۆی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا برینداربوون تەمەنیان لە نێوان یەك ساڵ بۆ 13 ساڵە و برینی زۆبەشیان سەخت بووە.
پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەكردووە، لەگەڵ بۆردومانی كۆبانێ، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بۆردومانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق-یان كردووە.
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئاگر بەستدا ئیسرائیل 110 زیندانی بەرامبەر بە هەشت بارمتە ئازاد دەکات.
نوسینگەی راگەیاندنی ئوسرای حەماس رایگەیاندووە، ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی ئاگربەست جێبەجێ دەکەن و هەشت بارمتە بەرامبەر بە 110 زیندنیکراو ئازاد دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، 32 کەس لەو 110 کەسە، سزای زیندانی هەتا هەتاییان هەبووە لە ئیسرائیل.
میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن، بارمتەكان بریتین لە ئەربیل یەهود، ئاگام بیرگر، گادی موشی موزیس و لەگەڵ پێنج بارمتەی دیكە تایلەندی.
حەماسیش رایەگیاندووە، بارمتەکان 16 کەسیان سەر بە جوڵانەوەی فەتح، 11یان سەر بە جیهادی ئیسلامی، دووانیان لە شەعبییە، دووانیان لە دیموکراتی و یەکێکیشیان سەر بە حەماسە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، 11رۆژ بەر لە ئێستا و لە رۆژی 19ی ئەم مانگەدا، دوای 15 مانگ ئاگربەست لە غەززە دەستی پێکرد و لەو ماوەیەدا دوو قۆناغی دیکەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان ئەنجامدراوە و بە هەزاران ئاوارەی فەڵەستینیش گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە باکووری غەززە.
سەرەڕای ئەوەی خواستی ئەمریکا بۆ ناردنی خەڵکی غەززە بۆ ئوردون و میسڕ ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، جارێکی دیکە دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، بۆچوونی لەبارەی ئەو پرسەوە نەگۆڕاوە.
لەکاتی گەڕانەوەی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە میامییەوە بۆ واشنتن، لەناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لەوەکرد، ''بۆچوونم لەبارەی ناردنی خەڵکی غەززە بۆ ئوردون و میسڕ نەگۆڕاوە. دەمەوێت ئەوان بتوانن لە ناوچەیەکدا بەبێ ئاژاوە و توندوتیژی بژین".
باسی لەوەشکرد، کاتێک تەماشای کەرتی غەززە دەکەیت، دەبینیت ئەوێ ساڵانێکی زۆر وەک جەهەنەم وابووە، ماوەیەکی زۆرە توندوتیژی لەو ناوچەیەدا باڵادەستە.
وتیشی، "دەمەوێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینم". راشیگەیاند، ئەوان بەڕای من دەتوانن دەستەبەری ئەوە بکەن خەڵکەکان لەو شوێنانەدا بژین کە زۆر ئارامتر و ئاسوودەترن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی 26ی ئەم مانگە، دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە، وتیشی، "غەززە پاکدەکەینەوە".
ئەو لێدوانەی دۆناڵد تڕەمپیش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا و شەوی رابردووش نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دژی ئەو بڕیارەن.
میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، بەرپرسانی وڵاتەکە نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا کار دەکاتە سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویانکردووەتەوە، بەرپرسانی وڵاتەکە نیگەرانییەکانی خۆیان گەیاندووەتە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و دەشڵێن، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نیگەرانییەکی گەورە لە تەل ئەبیب دروست دەکات و ئەگەری ھەیە ئەو ھەنگاوە، کاریگەریی لەسەر کوردەکان لە سوریا دروست بکات.
دۆناڵد تڕەمپ تەنها ماوەی نۆ رۆژە بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربووەتەوە، لەو ماوە کەمەشدا چەندین بڕیاری داوە و تاوتوێی چەندین پرسی کردووە، لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.
ئەگەرچی لە رۆژی 8ی مانگی 12ی رابردوودا رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا رووخا، بەڵام هێشتا شەڕ و پێکدادان لە چەند ناوچەیەکی سنووری وڵاتەکەدا بەردەوامە، لەلایەک تورکیا هێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر ناوچە کوردییەکانی سوریا رانەگەرتووە، لەماوەی رابردووشدا ئیرائیل و ئێران هێرشی چەکدارییان ئەنجام دەدا.
لەگەڵ ئەوەی ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا نییە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە لەئێستادا لەنێوان ھەزار و ١٠٠ سەرباز بۆ دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە سوریا جێگیرکراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان دژی راگواستنی خەڵکی غەززە بۆ ئوردون و میسڕ ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، دژی ئەو بڕیارەن.
ماتیۆ سالتمارش وتەبێژی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان دژی هەرچەشنە گواستنەوەیەکی زۆرەملێی دانیشووانی غەززەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "نەتەوە یەکگرتووەکان دژی هەر بیرۆکەیەکە کە ببێتە هۆی کۆچی زۆرەملێی خەڵک، یان بابەتێکی هاوشێوەی کە پەیوەندیدارە بە پرسی مافەکانی مرۆڤەوە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی 26ی ئەم مانگە، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە، وتیشی، "غەززە پاکدەکەینەوە".
میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، دوو سەربازی ئیسرائیلی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەستگیرکراون.
میدیاکان ئەوەیان خستووەتە روو، لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە مانگی ئەیلوولەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، دوو سەربازی ئیسرائیلی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئێران لە بەرامبەر بڕە پارەیەک لەسەردەمی جەنگدا" دەستگیرکراون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە (شین-بێت)، دوو سەربازی وڵاتەکەی بە ناوەکانی یوری ئەلیاسفۆف و جۆرج ئاندریۆف لە سەرەتای کانوونی دووهەم لە حەیفا دەستگیر کردووە.
دوای لێکۆڵینەوەکان لە لایەن شین-بێت و پۆلیسی ئیسرائیلەوە ئەوە خراوەتە روو یوری ئەلیاسفۆف ماوەیەکی زۆر لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی لە پەیوەندیدا بووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە زانیاری پێداون.
بەپێی ئەم راپۆرتانە، یوری ئەلیاسفۆف لە بەشی بەرگریی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل دابووە و لە کاتی ئەرکدا دەستی بە زانیارییە نهێنییەکان راگەیشتووە و بە ئێرانی داون. هەروەها توانیوێتی یەکێک لە هاوڕێیەکانی بە ناوی جۆرج ئاندریۆف قایل بکات بۆ ئەوەی زانیاری بۆ ئێران کۆ بکاتەوە.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەلیاسفۆف لە بەرامبەر ئەو زانیارییانەدا دوو هەزار ٥٠٠ دۆلاری لە ئێران وەرگرتووە و ئاندریۆف'یش ٥٠ دۆلاری وەرگرتووە.
دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە، (شین-بێت) و پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە لە ماوەی رابردوودا چەندین سەربازیان دەستگیر کردووە کە پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەبووە.
حکومەتی غەززە رایگەیاند، لە دوێنێوە دوای کردنەوەی شەقامی رەشید و گەڕانەوەی ئاوارەکانی غەززە، زیاتر لە 300 هەزار فەڵەستینی لە باکووری کەرتەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئۆفیسی راگەیاندنی حکومەتی غەززە بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، دەست کرا بە گەڕانەوەی ئاوارەکان لە باشووری کەرتی غەززەوە بەرەو باکوور.
دوای ئەوەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا بە ھەزاران ئاوارەی فەڵەستینی لە شەقامی رەشید لە نزیک میحوەری نەتساریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە گردبوونەوە و داوایان کرد لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا رێگایان پێ بدرێت بگەڕێنەوە باکووری کەرتی غەززە، ئیسرائیل نەتارسیمی چۆڵ کرد و دوێنێ ئاوارەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئەمریكا درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بۆ 18ی مانگی داهاتوو راگەیاند. تەندروستی لوبنانیش دەڵێت، 22 كەس لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شارۆچكەكانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون.
كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تاوەکو 18ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئیسرائیل و لوبنان و ئەمریكاش دانوستان دەستپێدەكەن لەبارەی گەڕانەوەی ئەو لوبنانیانەی لە دوای 7ی ئۆكتۆبەری 2023ـەوە دەستگیركراون.
حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنانیش رایگەیاند، رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئاژانسی هەواڵی لوبنان ئاشكرای كردووە، ئیسرائیل تەقینەوەیەكی بەهێزی لە ناوچەی كەفەركەلا لە باشووری لوبنان ئەنجامداوە.
بەپێی ئامارێكیش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی لوبنانەوە بڵاوكراوەتەوە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە، 22 كەس لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ شارۆچكەكانیان لە باشوری لوبنان كوژراون.
دوای ئەوەی دوێنێ بە هەزاران ئاوارەی فەلەستینی ناڕەزایەتییان دەربڕی و گردبوونەوە، سوپای ئیسرائیل بەرەی نەتساریمی چۆڵ کرد و ئاوارەکانیش دەستیان کرد بە جوڵە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
دوای ئەوەی دوێنێ ھەزاران ئاوارەی فەلەستینی لە شەقامی رەشید لە نزیک میحوەری نەتساریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە گردبوونەوە، داوایان دەکرد لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا رێگایان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل نەتساریمی چۆڵ کرد و لە ئێستاشدا خەڵکی غەززە دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵیش لە ئێستادا چەندین تیمی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بە درێژایی رێگاکە چاودێری گەڕانەوەیان دەکەن.
لەو بارەیەوە سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی ناوخۆی کەرتی غەززە کە سەر بە حەماسە ئەوەیان خستووەتە روو، لە سەعات 7ی بەیانییەوە شەقامی رەشید کراوەتەوە بۆ تێپەڕبوونی خەڵکەکە.
بومەلەرزەیەک سنووری نێوان ئێران و عیراقی هەژاند و بەپێی ئاماری ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران، گوڕەکەی 5.1 پلە بووە بەپێوەری رێختەر.
ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاندووە، بومەلەرزەکە سەعات 4ی بەرەبەیان رویداوە و گوڕەکەی 5.1 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەقی بومەلەرزەکە قەسری شیرین بووە لە کرماشان و لە قوڵایی هەشت کیلۆمەترەوە رویداوە.
بومەلەرزەکە بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانیشدا هەستی پێکراوە.
بەپێی ئاماری ناوەندەکە، بەر لەو بومەلەرزەیە، لە سەعات 3 و 14 خولەکی شەودا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلە رویداوە و لەدوای بومەلەرزە سەرەکییەکەش چەند پاشەلەرزەیەک بە گوڕەکانی 3 پلە و 2.8 پلە و 3.1 پلە رویانداوە.
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە سوریا رایگەیاند، سزاكانی رۆژئاوا رێگرن لە گەرانەوەی ئاوارەكان بۆ ئەو وڵاتە.
فیلیپۆ گراندی كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای چەند سەعاتێك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا و گەمارۆكانی وڵاتانی رۆژئاوای كرد كە بەسەر سوریادا سەپێنراوە.
ئەو کۆمسیارە سزاکانی بە بەربەستێكی گەورە ناوهێنا لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سوریا لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەوەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوام بێت، پێویستە ئابووری زیندوو بكرێتەوە، خزمەتگوزارییەكان بگەڕێنرێنەوە، ئاسایش مسۆگەر بكرێت و بەرنامەیەكی زۆر گرنگ بۆ ئاوەدانكردنەوە دابنرێت.
رۆژی 8ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.
دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە، دەشڵێت، غەززە پاکدەکەنەوە.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پلانی پاککردنەوەی غەززە، لەگەڵ ئوردون و میسڕ قسەی كردووە بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دیكەی دراوسێی غەززە.
تڕەمپ غەززەی بە شوێنێکی وێران ناوبرد و وتیشی، دەکرێت ئەو رێکارە کاتی بێت یان درێژخایەن بێت.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی روونکردەوە، ئۆکرانیاش هەروا جێناهێڵن و پلانی راگرتنی شەڕی ئۆکرانیا و روسیاشیان هەیە، وتیشی، بە زووترین کات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیادا قسە دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ١٥ مانگی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززەدا، بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ماوەی چەند مانگێکە باس لە قەیرانی خۆراک و مرۆیی دەکەن لەو کەرتەدا، ئەوە جگە لە سەختی دەستڕاگەیشتن بە غەززە و ناردنی هاوکارییەکان.
ماوەی ئاگربەستی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل كۆتایی هات و سوپای ئیسرائیل هۆشداری بە لوبنانیەكان دەدات نەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی باشوری ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ بەپێی ئەو وادەیەی دانرابوو ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی كۆتایی هات، بەڵام سوپای ئیسرائیل تائێستا لە باشوری ئەو وڵاتە نەكشاوەتەوە.
میدیای لوبنان بڵاویكردەوە، ئیسرائیل هێرشی كردوەتەسەر باشوری لوبنان و پێنج كەس برینداربوون.
بەپێی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوانیان دەبێت لەمڕۆوە ئیسرائیل هێزەكانی لە باشووری لوبنان بكشێنێتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتەوە خەڵكی لوبنان كە نەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی باشوری وڵات.
شەوی 27 ی 11 ی 2024 ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل بۆماوەی 60 ڕۆژ چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
دوای چەند ڕۆژێک لە رفاندنی لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە، لە شاری حومس، رەشا ئەلعەلی ئەکادیمیست و رەخنەگری سوری بە کوژراوی دۆزرایەوە و ئاماژە بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەدەن.
ئەکادیمیست و رەخنەگری سووری رەشا ناسر ئەلعەلی، مامۆستای ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی حومس و ئەندامی یەکێتی نووسەرانی عەرەبی، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە کاتی گەڕانەوەی بەرەو ماڵەکەی خۆی رفێنراو پاش سێ رۆژ لە بێسەرو شوێن بوونی، ئەمڕۆ تەرمەکەی بە چەند پەنجەیەکی قرتێنراوەوە دۆزرایەوە.
پێش رووداوی رفاندنەکەی، دکتۆر رەشا ناسر ئەلعەلی لە سۆشیال میدیا تۆمەتبار کرابوو بە هێرشکردنەسەر خوێندکارە کچە باڵاپۆشەکانی لە زانکۆی حومس لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشودا.
کورتەیەک دەربارەی دکتۆر ڕەشا:
دکتۆر رەشا کچی پارێزەر ناسر ئەحمەد ئەلعەلی بوو کە بە رەخنەگرێکی سەرسەختی رژێمی پێشوی ئەسەد ناسرابوو، یەکێکە لە ئەکادیمیستە دیارەکانی سوریا لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئەلبەعس لە ساڵی 1997، و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە نوسینی "نوێ-مۆدێرن" لە زانکۆی عەین شەمس لە میسر لە ساڵانی 2004 و 2009 بەدەستهێناوە. دکتۆرە رەشا چەندین بەرهەمی رەخنەیی بڵاوکردوەتەوە، لەوانە " الأنساق الثقافية في مسرح سعد الله ونوس" (2008)، " ثقافة النسق في السرد النسوي المعاصر" (2011) و " تقنيات قراءة السرد الروائي/ ما قبل النص" (2011). 2012). هەروەها توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە گۆڤارە بەناوبانگە عەرەبی و جیهانیەکاندا بڵاوکردۆتەوە. د.ڕەشا، بە روانینە ڕەخنەگرانەکەی بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگا دەناسرایەوە و وەک شانۆکارێکی دیار لە جیهانی عەرەبیدا ناسرابو.
ڕفاندنی د. ڕەشا ناڕەزایی بەرفراوانی لێکەوتەوە، یەکێتی نووسەرانی عەرەب (بەر لە تیرۆرکردنی) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی رفاندنی کردو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئازادکردن و دڵنیابوون لە سەلامەتی.
ئەمڕۆ 2024/1/25 پاش سێ ڕۆژ لە ڕفاندنی، تەرمی د.ڕەشا دۆزرایەوە و ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، د.ڕەشا ئەشکەنجە دراوە و سێ پەنجەشی قرتێنراوە.
ئەم ڕوداوە و چەندین ڕوداوی تر لە سوریای نوێدا، گومانی گەورە دەخاتە سەر دونیا بینی ڕژێمی نوێی سوریا و نووسەران و چالاکوانانیش هۆشیاری دەدەن لە بەرتەسکبوونەوەی ئازادی لە وڵاتەکەیان.
وەفدی ئیمڕاڵی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی دووەمیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنەكان بە ئۆجالان راگەیاندووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەوڵەكانی ئۆجەلان بۆ ئەم قۆناغە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی ئامادەكارییەكان بەیاننامەی پێویست بڵاودەكرێتەوە.
ئەوەشیان خستووەتە روو، "بەردەوام دەبین لە تێكۆشان و پەیوەندیەكانمان، هیوای بەشداری بەنرخ لە هەموو بەشەكانی كۆمەڵگا بۆ ئەم قۆناغە دەخوازین".
ئەوەش هاتووە، "هەر كاتێك پێشكەوتن رووبدات رای گشتیی لێ ئاگادار دەكەینەوە، ئەم پرۆسەیە بۆ هەر كەسێك ژیانێكی ئازاد و هاوبەش دەڕەخسێنێت".