سەرەڕای ئەوەی خواستی ئەمریکا بۆ ناردنی خەڵکی غەززە بۆ ئوردون و میسڕ ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، جارێکی دیکە دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، بۆچوونی لەبارەی ئەو پرسەوە نەگۆڕاوە.

لەکاتی گەڕانەوەی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە میامییەوە بۆ واشنتن، لەناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لەوەکرد، ''بۆچوونم لەبارەی ناردنی خەڵکی غەززە بۆ ئوردون و میسڕ نەگۆڕاوە. دەمەوێت ئەوان بتوانن لە ناوچەیەکدا بەبێ ئاژاوە و توندوتیژی بژین".

باسی لەوەشکرد، کاتێک تەماشای کەرتی غەززە دەکەیت، دەبینیت ئەوێ ساڵانێکی زۆر وەک جەهەنەم وابووە، ماوەیەکی زۆرە توندوتیژی لەو ناوچەیەدا باڵادەستە.

وتیشی، "دەمەوێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینم". راشیگەیاند، ئەوان بەڕای من دەتوانن دەستەبەری ئەوە بکەن خەڵکەکان لەو شوێنانەدا بژین کە زۆر ئارامتر و ئاسوودەترن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی 26ی ئەم مانگە، دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە، وتیشی، "غەززە پاکدەکەینەوە".

ئەو لێدوانەی دۆناڵد تڕەمپیش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا و شەوی رابردووش نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دژی ئەو بڕیارەن.