میدیاکانی ئیسرائیل: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کاریگەریی دەکاتە سەر کوردانی رۆژئاوا
هەساو ئەمیر
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، بەرپرسانی وڵاتەکە نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا کار دەکاتە سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویانکردووەتەوە، بەرپرسانی وڵاتەکە نیگەرانییەکانی خۆیان گەیاندووەتە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و دەشڵێن، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نیگەرانییەکی گەورە لە تەل ئەبیب دروست دەکات و ئەگەری ھەیە ئەو ھەنگاوە، کاریگەریی لەسەر کوردەکان لە سوریا دروست بکات.
دۆناڵد تڕەمپ تەنها ماوەی نۆ رۆژە بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربووەتەوە، لەو ماوە کەمەشدا چەندین بڕیاری داوە و تاوتوێی چەندین پرسی کردووە، لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.
ئەگەرچی لە رۆژی 8ی مانگی 12ی رابردوودا رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا رووخا، بەڵام هێشتا شەڕ و پێکدادان لە چەند ناوچەیەکی سنووری وڵاتەکەدا بەردەوامە، لەلایەک تورکیا هێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر ناوچە کوردییەکانی سوریا رانەگەرتووە، لەماوەی رابردووشدا ئیرائیل و ئێران هێرشی چەکدارییان ئەنجام دەدا.
لەگەڵ ئەوەی ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا نییە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە لەئێستادا لەنێوان ھەزار و ١٠٠ سەرباز بۆ دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە سوریا جێگیرکراون.