تڕەمپ: غەززە پاکدەکەینەوە
هەساو ئەمیر
٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، لەرێگای ئوردون و میسڕەوە دانیشتووانی غەززە دەگوازنەوە، دەشڵێت، غەززە پاکدەکەنەوە.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پلانی پاککردنەوەی غەززە، لەگەڵ ئوردون و میسڕ قسەی كردووە بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دیكەی دراوسێی غەززە.
تڕەمپ غەززەی بە شوێنێکی وێران ناوبرد و وتیشی، دەکرێت ئەو رێکارە کاتی بێت یان درێژخایەن بێت.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی روونکردەوە، ئۆکرانیاش هەروا جێناهێڵن و پلانی راگرتنی شەڕی ئۆکرانیا و روسیاشیان هەیە، وتیشی، بە زووترین کات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیادا قسە دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ١٥ مانگی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززەدا، بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ماوەی چەند مانگێکە باس لە قەیرانی خۆراک و مرۆیی دەکەن لەو کەرتەدا، ئەوە جگە لە سەختی دەستڕاگەیشتن بە غەززە و ناردنی هاوکارییەکان.