ڤاسیپ شاهین، پارێزگاری شارەوانی ئەنقەرە رایگەیاند، تەنیا لە سێ هەفتەی رابردودا لە ئەستەمبوڵ دەست گیراوە بەسەر 86 هەزار و 274 لیتر کحولی ساختە و قاچاخدا و لە ماوەی مانگێکیشدا، 70کەس بە هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ و باج لەسەر کاڵاکان، مردن بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە تورکیادا بووەتە دیاردە و .ڤاسیپ شاهین، پارێزگاری ئەنقەرەش لەو بارەیەوە رایگەیاند، لەم دواییانەدا 33 کەس لە پایتەخت بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسیش لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
ڤاسیپ شاهین ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی بەدوادا گەڕان بۆ دەستگرتن بەسەر کحولی ساختەدا، توانراوە 102تۆن مادەی دژە تەندروستی لەناو جۆرە جیاوازەکانی کحولدا تەنیا لە ناوچەیەک بدۆزنەوە.
شاهین باسی لەوەشکرد، 32 لەو کەسانەی کە کحولی ساختەیان بەرهەمهێناوە و فرۆشتوویانە، دەستبەسەرکراون و بەپێی بڕیاری دادگە 11یان زیندانی کراون، مۆڵەتی فرۆشتنیشیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون.
داود گول پارێزگاری ئیستەنبوڵیش رایگەیاند، لە نێوان 14ـی 1 بۆ و 6ـی شوبات 70کەس بەهۆی خواردنەوە کحولییە ساختەکانەوە لە شارەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمریكا وەڵامی خامنەیی دەداتەوە و دەڵێت بۆئەوەی سزاكانی سەر ئێران قورستر نەبێت، پێویستە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانەكان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی وتەكانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە ئاشكرا لەگەڵ ئەوەی خوازیاری رێگریكردنە لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، لە هەمان كاتیشدا پێداگریی لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەكات.
وتیشی، ئەگەر ئێران نایەوێت دانوستان و گفتوگۆ بكات، روبەڕوی سزای زیاتر و فشاری زۆرتری ئەمریكا دەبێتەوە.
ئەو وەڵامەی ئەمریكا دوای ئەوە دێت كە خامنەیی لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریكا هیچ كاتێك پابەندی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و بە تایبەتیش رێككەوتنی ئەتۆمیی نەبووە، بۆیە سوود لەم ئەزمونەكان وەردەگرن و دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا ناكەن.
ئەمڕۆ حەماس لە پێنجەمین ئاڵوگۆڕدا سێ بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكات و ئیسرائیل 183 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد دەكات.
گروپی قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس ناوی سێ بارمتە ئیسرائیلییەكەی بڵاوكردەوە كە بڕیارە ئەمڕۆ ئازادیان بكات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بڕیاریدا 183 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد بكات كە 18یان سزای هەتاهەتایی و 54یان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەفدێكی ئیسرائیل بگاتە دەوحە بۆ دانوستان لەسەر قۆناغی دووەمی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام حەماس نێوەندگرانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئیسرائیل پابەند نەبووە بەو پرۆتۆكۆڵە مرۆییانەی لەسەری رێككەوتوون.
لە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستدا كە 20 رۆژی بەسەردا تێپەڕیووە، تائێستا 13 بارمتەی ئیسرائیلی و 737 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد كراون.
وەزیری بەرگری سوریا دەڵێت، كێشەی كورد بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر دەكەن.
مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیكەی 100 گروپی چەكدار ئامادەییان دەربڕیووە لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدابن، چەند گروپێكیش هێشتا رەزامەندییان نیشان نەداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بە رێگەی دیپلۆماسی كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە یەكلایكردنەوەی كێشەكان بە رێگەی سەربازی دەبێتە هۆی خوێنڕشتن لە هەردوولا، لەبەرئەوە دەخوازن هەسەدە بچێتە ریزی وەزارەتی بەرگری.
سەبارەت بە پرسی ئامادەیی روسیا لە سوریا، وەزیری بەرگری وتی، سوریا ئامادەیە رێگە بە روسیا بدات بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست بهێڵێتەوە، بەو مەرجەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی سوریادا بێت.
ئەو وەزیرە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریکی، واشنتۆن پۆست وتی: ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ روسیا سوودی بۆ سوریا هەبێت، ئەوا هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرانبەری نییە.
رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان نییە و نابێت دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا بكرێت .
عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی ئاماژەی بۆ دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كرد و رایگەیاند، لە ساڵانی نەوەدەكاندا نزیكەی دوو ساڵ لەگەڵ ئەمریكا و چەند وڵاتێك دانوستاندنیان كرد، پەیماننامەیەك ئامادەكرا، بەڵام ئەمریكییەكان كاریان لەسەر ئەو پەیماننامەیە نەكرد، لەبەرئەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا زیرەكانە و شەرەفمەندانە نییە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات نییە و هیچ كێشەیەك بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا چارەسەر نابێت.
وتیشی، مەبەست لەو پەیماننامەیە بۆ هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا بوو لەسەر ئێران، بەڵام سزاكانی ئەمریكا هەڵنەگیرا، سوود لە ئەزموونەكان وەربگرن، نابێت دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا بكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەپاندنی سزاکانی واشنتۆنی بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی نەوتی خاوی ئێران دەفرۆشن، بە توندی ئیدانە کرد.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بڕیارەکەی حکومەتی نوێی ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران بە رێگەگرتن لە بازرگانی یاسایی ئێران لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییەکانی نایاسایی و ناڕەوایە و پێشێلکارییە بەرامبەر یاسا و پێچەوانەی رێسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
بەقایی لەو راگەیەنراوەدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەم ڕێوشوێنانە رێگری لە ئێران ناکات بۆ بەرەو پێش چوون و هەنگاو نانی زیاتر بۆ پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکانی خۆی.
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆکرد، گەنجینەی ئەمەریکاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزاکان "تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج کە ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران کە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە بۆ چین".
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا سەردانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، یەکەم گەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئەو هێرشانە دێن کە کرانە سەر نوێترین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، رۆبیۆ لە 13تا 18ـی مانگ سەردانی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات، دواتریش دەچێتە ئەورووپا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشنیاری ترەمپیان بۆ ئاوارەبوونی هەمیشەیی فەلەستینییەکان لە غەززە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر خاکی غەززە رەتکردەوە.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لەکاتی ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، فەلەستینییەکانی ئەو کەرتە دەبێت "بەشێوەیەکی کاتی" ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوبیۆ لە میانی گەشتەکەیدا بارودۆخی غەززە و کاردانەوەی ئەو هێرشانەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، تاوتوێ دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە لەژێر رۆشنایی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا.
ترەمپ لە 25ـی 1ـی ئەمساڵەوە چەندین جار پێشنیاری کردووە کە فەلەستینیەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە وەک میسر و ئوردن، بەڵام هەرزوو بیرۆکەکەی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە رەتکرایەوە و لەبری ئەوە چارەسەری؛ دوو دەوڵەت بۆ دوو گەلیان پێشنیارکرد.
وەزارەتی ڕۆشنبیری لوبنان دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند دەستمانکردووە بە پرۆژەیەک بۆ گۆڕینی ئەو خانوەی کە هونەرمەند، فەیروز تێیدا گەورەبووە بۆ مۆزەخانەیەکی هونەری شایستە بە کارەکانی ئەو.
خانوەکە دەکەوێتە زوقاق ئەلبلات لە بەیروت، فەیروز لەوخانوەدا گەورەبووە و زۆرێک لە یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی، کچێنی و هەست و سۆزەکانی، لەوخانوەدا ئەزموون کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری لوبنان، پڕۆژەکە بریتییە لە کڕینەوەی زەوییەکە و نۆژەنکردنەوەی خانووە کۆنەکە بۆ ئەوەی ببێتە مۆزەخانەیەک بۆ شایەدی دان لەسەر مێژوو و پیشەی هونەری فەیروز.
فەیروز لەساڵی 1935 لە زوقاقی سەر بە لوبنان لە دایک بووەو بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە هەوادارێکی زۆری هەیە لە سەر ئاستی جیهان.
ژیانی منداڵی
نوهاد یان فەیروز منداڵی یەکەمی خێزانێکی سادە بوو لە گەڕەکی زوقاق ئەلبەلات لە پایتەختی لوبنان. دراوسێکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ لیزای دایکی کەلوپەلی ماڵەوەیانیان بەکاردەهێنا کە تەنیا یەک ژوور بوو، باوکیشی لە چایخانەیەک کاریدەکرد بە ناوی (لی جور). فەیروز لە منداڵییەوە ئارەزووی گۆرانی گووتنی هەبووە، ماڵەوەیان توانای کڕینی ئامێری ڕادیۆیان نەبووە، بۆیە لەبەر پەنجەرەکە دادەنیشت و گوێی لەو گۆرانییانە دەگرت کە لەدوورەوە دەنگیان دەهات وەک ئوم کەلسوم، محمەد عەبدولوەهاب، ئەسمەهان و لەیلا موراد.
محمەد فلێفل کە یەکێکە لە برایانی فلێفل کە ئاوازی سروودی نیشتیمانی سووریایان دانا، لە ئاهەنگی قوتابخانە لە ساڵی 1946 شتێکی نوێی دۆزییەوە ئەویش دەنگی فەیروز بوو. باوکی فەیروز بیرۆکەی مامۆستا فلێفلی ڕەتکردەوە کە فەیروز لەبەردەم هەموواندا گۆرانی بڵێت، بەڵام دواتر توانی ڕەزامەندی بەدەستبهێنێت بەوەی تەنیا سروودی نیشتیمانی بڵێت. باوکی بەو مەرجە ڕازیبوو کە براکەی "جۆزێف" لەگەڵیدا بچێت بۆ پەیمانگای نیشتیمانی مۆسیقا بۆ خوێندن کە لەلایەن وەدیع سەبرە بەڕێوەدەبرا کە هەر خۆشی دانەری سروودی نیشتیمانی لوبنانی بوو.
فەیروز پەیوەندیکرد بە گرووپی ڕادیۆی لوبنانی دوای چەند مانگێگی کەم لە چوونی بۆ پەیمانگا، هەروەک خۆی باسیدەکات لە چاوپێکەوتنێکدا و دەڵێت: "ئاواتم بوو کە له ڕادیۆ گۆرانی بڵێم وە پێیان گووتم کە مانگانە 100 لیرە وەردەگرم (21 دۆلار). دڵخۆشیم وەسف نەدەکرا، بەڵام لە کۆتایی مانگەکە زۆر بەختیاوەر نەبووم بەهۆی لێبڕینی باجەکان."
فەیروز، بە دەنگێکی هێمنی ژنانە، بە غەمێکی قوڵەوە لە ساتە دژوارەکانی لوبناندا گۆرانی دەچڕی، دەنگی ئەو، ئەمڕۆ بەتەنیا هی لوبنانییەکان نییە، بەڵکو دەنگی بوەتە هەسارەیەک و هەوادارانی بە ئەڤین و بیرکردنەوە لە جوانییەوە تیایدا دەژین.
فەیروز بۆ زۆێک لە گەل و نەتەوەکان گۆرانی ووتووە و تاکە گۆرانیبێژی عەرەبە کە ناوی مەلیک و سەرۆکەکانی نەهێناوە لە گۆرانییەکانیدا. ئەو بۆ ماوەی حەوت مانگ پەخشکردنی گۆرانییەکانی ڕاگیرا لە لوبنان، چونکە ڕەتیکردەوە گۆرانی بۆ "هواری بو مەدین"ـی سەرۆکی جەزائیر بڵێت.
گۆرانییە نەتەوەییەکانی فەیروز تەمەنێکی درێژتریان هەبووە لەچاو گۆرانییە نەتەوەییەکانی هونەرمەندانی تر و زیاتر لە 60 گۆرانی نەتەوەیی گووتووە، ئەو بەوە بەناوبانگە هەرگیز لوبنان جێ ناهێڵێت، ئەو تەنانەت لە شەڕی ناوخۆ و دوای لەدەستدانی کچە تاقانەکەشیدا ئامادە نەبوو ئەو شارە خوێناوی و غەمگینە جێبهێڵێت، کە جەنگەکان دەیسپێرن بە یەکتری.
ئەو ئێستا تەمەنی 90ساڵە و لە لوبنان لەناو ژیانە بێدەنگ هێمنەکەی خۆیدا، خەریکە رۆژەکانی بە رێدەکات.
زانایان هۆشداریی دەدەن لە نائامادەیی تورکیا بۆ بومەلەرزەکانی داهاتوو، ئەمەش ژیانی سەدان هەزار کەسی خستووەتە مەترسییەوە، ئەم هۆشدارییەی زانایان، دوای دوو ساڵ لە بومەلەرزە وێرانکەرەکان دێت لەو وڵاتە.
دکتۆر ناجی گۆرور، بوومەلەرزەناسی تورکیا، بە ئاژانسی ڕۆژنامەوانی ئەڵمانی راگەیاندووە، تەنها لە ئیستەنبووڵ نزیکەی 100 هەزار بینا مەترسی ڕووخانیان لەسەرە و "سەدان هەزار" باڵەخانە ئەگەری داڕوخانیان هەیە.
ئەو شارەزایە دەڵێت، کاریگەریی دارایی کارەساتێکی لەو شێوەیە، رەنگە بگاتە ملیارەها دۆلار.
گۆرور روونیشیکردەوە، دەسەڵاتداران و دانیشتووانی تورکیا درک بەو مەترسییە ناکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی شارەکانی تورکیا بەرگەی بوومەلەرزە بگرن، لە ئاستی پێویستدا نین.
موراد کوروم، وەزیری گەشەپێدانی شارەکانی تورکیا رایگەیاند، ئیستەنبووڵ بەرگەی بوومەلەرزە ناگرێت.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە هێشتا ئاسەواری ئەو دوو بوومەلەرزەیەی مانگی شوباتی ساڵی 2023ـی پێوەدیارە، کە بووە هۆی گیان لەدەست دانی زیاتر لە 53 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس لە تورکیا.
لە ساڵی 1999 بوومەلەرزەیەکیتر بە گوڕی 4.7 پلە، لە ڕۆژهەڵاتی ئیستەنبووڵ ڕوویدا و زیاتر لە17 هەزار کەس گیانیان لەدەست دا.
تورکیا دەکەوێتە سەر هێڵی لاری ئەنادۆڵ کە لە ئیستەنبووڵ پایتەختی تورکیاوە نزیکەو بڕبڕەی پشتی دارایی ئیستەمبووڵە.
دەزگای ئافاد دەڵێت، لەدوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوباتی ساڵی رابردووەوە 56 هەزار و 94 بوومەلەرزە و پاشلەرزە روویانداوە کە 14 یان 6 پلە و 91یان 5 پلە بوون.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) نووسیویەتی: ئیسرائیل غەززە ڕادەستی ئەمریکا دەکات، کاتێک شەڕەکە کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوان لەڕاستیدا چانسی دڵخۆشبوون و سەلامەتی و ئازادبوونیان دەبێت” “ئەمریکا کە لەگەڵ تیمە گەورەکانی گەشەپێدان لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکات، هێواش هێواش و بە وریاییەوە، دەست دەکات بە بنیاتنانی ئەوەی کە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و سەرسوڕهێنەرترین شوێنەکان لەسەر زەوی، بۆ دابینکردنی ئارامی لەوێ، پێویست بە سەربازانی ئەمریکا ناکات و سەقامگیری لە ناوچەکەدا زاڵ دەبێت”.
ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی سێشەممە، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ، لە کۆشکی سپی، نیازی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە و ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لەوێ ئاشکرا کرد، ئەمەش بووە هۆی وەڵامدانەوەی بەربڵاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لەلایەن هاوپەیمانان و نەیارانی ئەمریکاوە، کە بە کۆی دەنگ پشتگیریان لە "چارەسەری دوو دەوڵەتی" دەکرد.
كەناڵێكی ئەمریكی رایگەیاند، ئەمریكا پلانی هەیە بۆ كشانەوەی سەرجەم سەربازەكانی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان، وتەبێژی هەسەدەش دەڵێت هیچ پەیامێكمان لەوبارەوە پێنەگەیشتووە.
كەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریكی لە زاری دوو سەربازی ئەمریكا لە سوریا، بڵاویكردوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و چەند لێپرسراوێكی نزیك لێوەی پلانیان هەیە لە ماوەی 30 بۆ 90 رۆژدا سەرجەم سەربازانی ئەمریكا لە سوریا بكشێننەوە، كە لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد ژمارەی سەربازەكانیان لە 900 سەربازەوە بەرزكردەوە بۆ 2 هەزار سەرباز.
هاوكات، فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە رایگەیاند، هیچ پەیامێكیان لە ئەمریكاوە بە دەستنەگەیشتوە كە نیازیان هەبێت هێزەكەنیان لە سوریا بكشێنەوە.
وتیشی؛ ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە، پارێزگاری لەو دەستکەوتانە دەکەین کە بە دەستمان هێناون.
پێشتر، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێكی سەبارەت بە كشانەوەیان لە سوریا رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك دەست لە كاروباری سوریا وەرنادەن و ئەو سەرلێشێواویەی لەوێ هەیە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و پێویستیان بەوە نییە ئەمریكا ببێتە بەشێك لە سوریا.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، كورد تاكە گەرەنتییە لە سوریا بۆ سنوورداركردنی زیندوونەبوونەوەی داعش.
ژان نۆئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند، سوپاسیان بۆ كوردەكانی عیراق و سوریا هەیە،وتیشی، كورد هاوپەیمانی دڵسۆزیانە، دەستبەردارییان نابن.
راشیگەیاند، تەنها كوردەكان هاوپەیمانیان بووە لە رووبەربوونەوەی تیرۆستانی داعش، كورد تاكە گەرەنتییە لە سوریا بۆ سنوورداركردنی زیندوونەبوونەوەی داعش.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ روخانی ئەسەد كوردەكان وتویانەیە بەشداری تەواوەتی حكومەتی داهاتوی سوریا بكەن. وتیشی، پەیوەندیان بە توركیا و دەسەڵاتە نوێیەكانی دیمەشقەوە كرد بۆ وەستاندنی شەڕ و دەستوەردان لە كاروباری كۆبانی.
راشیگەیاند، كوردەكان بەشداری لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی سوریا دەكەن كە لە 13ی شوباتی هەفتەی داهاتوو لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشنیاری ئەوە دەكات، ئەمریكا دەست بەسەر كەرتی غەززەدا بگرێت و بیكات بە ریڤێرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ لە میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆشكی سپی وتی، ئەمریكا كۆنترۆڵی كەرتی غەززە دەكات و دەبێتە خاوەنی.
دووپاتیشیكردەوە، گەورەترین پشتیوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە، ئەوەش فشارەكانی سەر میسر و ئوردن زیاد دەكات بۆ وەرگرتنی ئاوارەكانی غەززە.
پلانەكەی ترەمپ خۆی دەبینێتەوە لە نیشتەجێكردنی دانیشتوانی كەرتی غەززە لە وڵاتانی دیكە و پاككردنەوەی شارەكە بە تەواوی و دووبارە بنیاتنانەوەی.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ ستایشی پلانەكەی ترەمپی كرد و دووپاتیكردەوە، ئەو هەنگاوە دەتوانێت مێژوو بگۆڕێت و رووخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ بكاتەوە.
دوورگەی ریڤێرا دەكەوێتە كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا، هەریەك لە كرواتیا، سلۆڤینیا و ئیتاڵیاش خاوەنی دوورگەی تایبەت بەخۆیانن بەناوی ریڤێرا.
ئەمڕۆ 28 رۆژە پشتێنەی مرۆیی بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین پێكهێنراوە، بەهۆی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیش بۆ سەر بەنداوەكە 24 كەس شەهید بوون و 221 كەسیش برینداربوون.
بە مەبەستی پاراستنی بەنداوی تشرین لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دانیشتوانی ناوچە جیاجیاكان دەچنە سەر بەنداوی تشرین، سوپای توركیا و گروپەچەدارەكانیش بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر بەنداوەكە، بەپێی ئامارەكانیش لە 8ی كانوونی دووەمی رابردوو تائێستا 24 هاووڵاتی شەهیدبوون و 221 هاووڵاتیش برینداربوون.
لەلایەكی ترەوە دەستەی تەندروستی ئیدارەری خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاندووە، لە هێرشەكان بۆسەر ناوچە جیاجیاكان لە 8ی مانگی رابردوو تا 1ی ئەم مانگە 41 كەس شەهید بوون و 258 كەسی تریش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە 47 هەزار و 518 کوژراو و 111 هەزار و 612 بریندار تا ئێستا، تۆمارکراوە.
لەو ئامارە بڵاوکراوەیەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە: ژمارەی قوربانییەکان بەردەوام لە زیادبوندایە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 20 تەرمی تر، لە ژێر باڵەخانەکاندا دۆزراونەتەوە.
لای خۆیەوە یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئاماژەی بەوەدا، ئەو یارمەتییە پزیشکییانەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەبرێنە ناوەوە 20%ی پێداویستییەکان پڕناکاتەوە..
ڕوونیشی کردەوە، لای خۆیانەوە لیستی وردی پێداویستییە پزیشکییەکانیان ناردوە بۆ ئەو وڵاتانەی بەڵێنی هاوکاری کردنیان پێداون و هۆشداریشیدا لە دواخستنی هاوکارییەکان بە بیانووی جیاواز بۆناو غەززە.
وتیشی؛ داوا لە کەسوکاری قوربانیان و بێسەروشوێنانی جەنگ دەکەین، هاوکاریمان بکەن، بەتۆمارکردنی ناوی کەس و کارییان مەبەستی تەواوکردنی داتایەکی تەواوی قوربانییەکان.
لە دوای 15مانگ لە جەنگ و هێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە راگرت و لە ئێستاشدا بەپێی ئاگر بەستی نێوانیان گۆڕینەوەی دیلەکان بەردەوامە.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا گەیشتە سعودیە و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا یەكەم سەردانی رەسمی بۆ سعودیە بوو كە كاریگەریی گەورەی لەسەر پەیوەندییەكانی سوریا و سعودیە هەیە.
محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و ئەحمەد شەرع كۆبوونەوە و پێشهاتەكانی سوریا و پلانەكانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەو وڵاتە و پەیوەندی نێوان دیمەشق و ریاز و و هەوڵەكانی لابردنی سزاكانی سەر سوریا تاوتوێكران.
ئەوەش لە كاتێكدایە ، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سوریای كرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆبووەوە، رۆژی پێنج شەمەش شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعودیە و محەمەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە پیرۆزباییان لە ئەحمەد شەرع كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا.