تەندروستی غەززە: ژمارەی قوربانییەکان بەردەوام لە زیادبوندایە
٣ی شوباتی ٢٠٢٥
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە 47 هەزار و 518 کوژراو و 111 هەزار و 612 بریندار تا ئێستا، تۆمارکراوە.
لەو ئامارە بڵاوکراوەیەی وەزارەتی تەندروستی غەززەدا هاتووە: ژمارەی قوربانییەکان بەردەوام لە زیادبوندایە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 20 تەرمی تر، لە ژێر باڵەخانەکاندا دۆزراونەتەوە.
لای خۆیەوە یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ئاماژەی بەوەدا، ئەو یارمەتییە پزیشکییانەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەبرێنە ناوەوە 20%ی پێداویستییەکان پڕناکاتەوە..
ڕوونیشی کردەوە، لای خۆیانەوە لیستی وردی پێداویستییە پزیشکییەکانیان ناردوە بۆ ئەو وڵاتانەی بەڵێنی هاوکاری کردنیان پێداون و هۆشداریشیدا لە دواخستنی هاوکارییەکان بە بیانووی جیاواز بۆناو غەززە.
وتیشی؛ داوا لە کەسوکاری قوربانیان و بێسەروشوێنانی جەنگ دەکەین، هاوکاریمان بکەن، بەتۆمارکردنی ناوی کەس و کارییان مەبەستی تەواوکردنی داتایەکی تەواوی قوربانییەکان.
لە دوای 15مانگ لە جەنگ و هێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە راگرت و لە ئێستاشدا بەپێی ئاگر بەستی نێوانیان گۆڕینەوەی دیلەکان بەردەوامە.