ئەمڕۆ حەماس لە پێنجەمین ئاڵوگۆڕدا سێ بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكات و ئیسرائیل 183 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد دەكات.

گروپی قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس ناوی سێ بارمتە ئیسرائیلییەكەی بڵاوكردەوە كە بڕیارە ئەمڕۆ ئازادیان بكات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بڕیاریدا 183 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد بكات كە 18یان سزای هەتاهەتایی و 54یان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەفدێكی ئیسرائیل بگاتە دەوحە بۆ دانوستان لەسەر قۆناغی دووەمی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام حەماس نێوەندگرانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئیسرائیل پابەند نەبووە بەو پرۆتۆكۆڵە مرۆییانەی لەسەری رێككەوتوون.

لە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستدا كە 20 رۆژی بەسەردا تێپەڕیووە، تائێستا 13 بارمتەی ئیسرائیلی و 737 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد كراون.