وەزارەتی ڕۆشنبیری لوبنان دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند دەستمانکردووە بە پرۆژەیەک بۆ گۆڕینی ئەو خانوەی کە هونەرمەند، فەیروز تێیدا گەورەبووە بۆ مۆزەخانەیەکی هونەری شایستە بە کارەکانی ئەو.

خانوەکە دەکەوێتە زوقاق ئەلبلات لە بەیروت، فەیروز لەوخانوەدا گەورەبووە و زۆرێک لە یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی، کچێنی و هەست و سۆزەکانی، لەوخانوەدا ئەزموون کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری لوبنان، پڕۆژەکە بریتییە لە کڕینەوەی زەوییەکە و نۆژەنکردنەوەی خانووە کۆنەکە بۆ ئەوەی ببێتە مۆزەخانەیەک بۆ شایەدی دان لەسەر مێژوو و پیشەی هونەری فەیروز.

فەیروز لەساڵی 1935 لە زوقاقی سەر بە لوبنان لە دایک بووەو بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە هەوادارێکی زۆری هەیە لە سەر ئاستی جیهان.

ژیانی منداڵی

نوهاد یان فەیروز منداڵی یەکەمی خێزانێکی سادە بوو لە گەڕەکی زوقاق ئەلبەلات لە پایتەختی لوبنان. دراوسێکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ لیزای دایکی کەلوپەلی ماڵەوەیانیان بەکاردەهێنا کە تەنیا یەک ژوور بوو، باوکیشی لە چایخانەیەک کاریدەکرد بە ناوی (لی جور). فەیروز لە منداڵییەوە ئارەزووی گۆرانی گووتنی هەبووە، ماڵەوەیان توانای کڕینی ئامێری ڕادیۆیان نەبووە، بۆیە لەبەر پەنجەرەکە دادەنیشت و گوێی لەو گۆرانییانە دەگرت کە لەدوورەوە دەنگیان دەهات وەک ئوم کەلسوم، محمەد عەبدولوەهاب، ئەسمەهان و لەیلا موراد.

محمەد فلێفل کە یەکێکە لە برایانی فلێفل کە ئاوازی سروودی نیشتیمانی سووریایان دانا، لە ئاهەنگی قوتابخانە لە ساڵی 1946 شتێکی نوێی دۆزییەوە ئەویش دەنگی فەیروز بوو. باوکی فەیروز بیرۆکەی مامۆستا فلێفلی ڕەتکردەوە کە فەیروز لەبەردەم هەموواندا گۆرانی بڵێت، بەڵام دواتر توانی ڕەزامەندی بەدەستبهێنێت بەوەی تەنیا سروودی نیشتیمانی بڵێت. باوکی بەو مەرجە ڕازیبوو کە براکەی "جۆزێف" لەگەڵیدا بچێت بۆ پەیمانگای نیشتیمانی مۆسیقا بۆ خوێندن کە لەلایەن وەدیع سەبرە بەڕێوەدەبرا کە هەر خۆشی دانەری سروودی نیشتیمانی لوبنانی بوو.

فەیروز پەیوەندیکرد بە گرووپی ڕادیۆی لوبنانی دوای چەند مانگێگی کەم لە چوونی بۆ پەیمانگا، هەروەک خۆی باسیدەکات لە چاوپێکەوتنێکدا و دەڵێت: "ئاواتم بوو کە له ڕادیۆ گۆرانی بڵێم وە پێیان گووتم کە مانگانە 100 لیرە وەردەگرم (21 دۆلار). دڵخۆشیم وەسف نەدەکرا، بەڵام لە کۆتایی مانگەکە زۆر بەختیاوەر نەبووم بەهۆی لێبڕینی باجەکان."

فەیروز، بە دەنگێکی هێمنی ژنانە، بە غەمێکی قوڵەوە لە ساتە دژوارەکانی لوبناندا گۆرانی دەچڕی، دەنگی ئەو، ئەمڕۆ بەتەنیا هی لوبنانییەکان نییە، بەڵکو دەنگی بوەتە هەسارەیەک و هەوادارانی بە ئەڤین و بیرکردنەوە لە جوانییەوە تیایدا دەژین.

فەیروز بۆ زۆێک لە گەل و نەتەوەکان گۆرانی ووتووە و تاکە گۆرانیبێژی عەرەبە کە ناوی مەلیک و سەرۆکەکانی نەهێناوە لە گۆرانییەکانیدا. ئەو بۆ ماوەی حەوت مانگ پەخشکردنی  گۆرانییەکانی ڕاگیرا لە لوبنان، چونکە ڕەتیکردەوە گۆرانی بۆ "هواری بو مەدین"ـی سەرۆکی جەزائیر بڵێت.
گۆرانییە نەتەوەییەکانی فەیروز تەمەنێکی درێژتریان هەبووە لەچاو گۆرانییە نەتەوەییەکانی هونەرمەندانی تر و زیاتر لە
60 گۆرانی نەتەوەیی گووتووە، ئەو بەوە بەناوبانگە هەرگیز لوبنان جێ ناهێڵێت، ئەو تەنانەت لە شەڕی ناوخۆ و دوای لەدەستدانی کچە تاقانەکەشیدا ئامادە نەبوو ئەو شارە خوێناوی و غەمگینە جێبهێڵێت، کە جەنگەکان دەیسپێرن بە یەکتری.

ئەو ئێستا تەمەنی 90ساڵە و لە لوبنان لەناو ژیانە بێدەنگ هێمنەکەی خۆیدا، خەریکە رۆژەکانی بە رێدەکات.