وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
رەوەز
٧ی شوباتی ٢٠٢٥
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا سەردانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، یەکەم گەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئەو هێرشانە دێن کە کرانە سەر نوێترین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، رۆبیۆ لە 13تا 18ـی مانگ سەردانی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات، دواتریش دەچێتە ئەورووپا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشنیاری ترەمپیان بۆ ئاوارەبوونی هەمیشەیی فەلەستینییەکان لە غەززە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر خاکی غەززە رەتکردەوە.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لەکاتی ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، فەلەستینییەکانی ئەو کەرتە دەبێت "بەشێوەیەکی کاتی" ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوبیۆ لە میانی گەشتەکەیدا بارودۆخی غەززە و کاردانەوەی ئەو هێرشانەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، تاوتوێ دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە لەژێر رۆشنایی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا.
ترەمپ لە 25ـی 1ـی ئەمساڵەوە چەندین جار پێشنیاری کردووە کە فەلەستینیەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە وەک میسر و ئوردن، بەڵام هەرزوو بیرۆکەکەی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە رەتکرایەوە و لەبری ئەوە چارەسەری؛ دوو دەوڵەت بۆ دوو گەلیان پێشنیارکرد.