تەرمی د. رەشا ئەلعەلی پاش سێ رۆژ لە رفاندنی دۆزرایەوە
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دوای چەند ڕۆژێک لە رفاندنی لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە، لە شاری حومس، رەشا ئەلعەلی ئەکادیمیست و رەخنەگری سوری بە کوژراوی دۆزرایەوە و ئاماژە بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەدەن.
ئەکادیمیست و رەخنەگری سووری رەشا ناسر ئەلعەلی، مامۆستای ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی حومس و ئەندامی یەکێتی نووسەرانی عەرەبی، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە کاتی گەڕانەوەی بەرەو ماڵەکەی خۆی رفێنراو پاش سێ رۆژ لە بێسەرو شوێن بوونی، ئەمڕۆ تەرمەکەی بە چەند پەنجەیەکی قرتێنراوەوە دۆزرایەوە.
پێش رووداوی رفاندنەکەی، دکتۆر رەشا ناسر ئەلعەلی لە سۆشیال میدیا تۆمەتبار کرابوو بە هێرشکردنەسەر خوێندکارە کچە باڵاپۆشەکانی لە زانکۆی حومس لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشودا.
کورتەیەک دەربارەی دکتۆر ڕەشا:
دکتۆر رەشا کچی پارێزەر ناسر ئەحمەد ئەلعەلی بوو کە بە رەخنەگرێکی سەرسەختی رژێمی پێشوی ئەسەد ناسرابوو، یەکێکە لە ئەکادیمیستە دیارەکانی سوریا لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی ئەلبەعس لە ساڵی 1997، و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە نوسینی "نوێ-مۆدێرن" لە زانکۆی عەین شەمس لە میسر لە ساڵانی 2004 و 2009 بەدەستهێناوە. دکتۆرە رەشا چەندین بەرهەمی رەخنەیی بڵاوکردوەتەوە، لەوانە " الأنساق الثقافية في مسرح سعد الله ونوس" (2008)، " ثقافة النسق في السرد النسوي المعاصر" (2011) و " تقنيات قراءة السرد الروائي/ ما قبل النص" (2011). 2012). هەروەها توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە گۆڤارە بەناوبانگە عەرەبی و جیهانیەکاندا بڵاوکردۆتەوە. د.ڕەشا، بە روانینە ڕەخنەگرانەکەی بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگا دەناسرایەوە و وەک شانۆکارێکی دیار لە جیهانی عەرەبیدا ناسرابو.
ڕفاندنی د. ڕەشا ناڕەزایی بەرفراوانی لێکەوتەوە، یەکێتی نووسەرانی عەرەب (بەر لە تیرۆرکردنی) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئیدانەی رفاندنی کردو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئازادکردن و دڵنیابوون لە سەلامەتی.
ئەمڕۆ 2024/1/25 پاش سێ ڕۆژ لە ڕفاندنی، تەرمی د.ڕەشا دۆزرایەوە و ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، د.ڕەشا ئەشکەنجە دراوە و سێ پەنجەشی قرتێنراوە.
ئەم ڕوداوە و چەندین ڕوداوی تر لە سوریای نوێدا، گومانی گەورە دەخاتە سەر دونیا بینی ڕژێمی نوێی سوریا و نووسەران و چالاکوانانیش هۆشیاری دەدەن لە بەرتەسکبوونەوەی ئازادی لە وڵاتەکەیان.