وێنە.. ئاوارەکانی فەلەستین دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ باکووری غەززە
هەساو ئەمیر
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی دوێنێ بە هەزاران ئاوارەی فەلەستینی ناڕەزایەتییان دەربڕی و گردبوونەوە، سوپای ئیسرائیل بەرەی نەتساریمی چۆڵ کرد و ئاوارەکانیش دەستیان کرد بە جوڵە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
دوای ئەوەی دوێنێ ھەزاران ئاوارەی فەلەستینی لە شەقامی رەشید لە نزیک میحوەری نەتساریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە گردبوونەوە، داوایان دەکرد لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا رێگایان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل نەتساریمی چۆڵ کرد و لە ئێستاشدا خەڵکی غەززە دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵیش لە ئێستادا چەندین تیمی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بە درێژایی رێگاکە چاودێری گەڕانەوەیان دەکەن.
لەو بارەیەوە سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی ناوخۆی کەرتی غەززە کە سەر بە حەماسە ئەوەیان خستووەتە روو، لە سەعات 7ی بەیانییەوە شەقامی رەشید کراوەتەوە بۆ تێپەڕبوونی خەڵکەکە.