دوو سەربازی ئیسرائیلی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەستگیرکران
هەساو ئەمیر
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، دوو سەربازی ئیسرائیلی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەستگیرکراون.
میدیاکان ئەوەیان خستووەتە روو، لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە مانگی ئەیلوولەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، دوو سەربازی ئیسرائیلی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئێران لە بەرامبەر بڕە پارەیەک لەسەردەمی جەنگدا" دەستگیرکراون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە (شین-بێت)، دوو سەربازی وڵاتەکەی بە ناوەکانی یوری ئەلیاسفۆف و جۆرج ئاندریۆف لە سەرەتای کانوونی دووهەم لە حەیفا دەستگیر کردووە.
دوای لێکۆڵینەوەکان لە لایەن شین-بێت و پۆلیسی ئیسرائیلەوە ئەوە خراوەتە روو یوری ئەلیاسفۆف ماوەیەکی زۆر لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی لە پەیوەندیدا بووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە زانیاری پێداون.
بەپێی ئەم راپۆرتانە، یوری ئەلیاسفۆف لە بەشی بەرگریی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل دابووە و لە کاتی ئەرکدا دەستی بە زانیارییە نهێنییەکان راگەیشتووە و بە ئێرانی داون. هەروەها توانیوێتی یەکێک لە هاوڕێیەکانی بە ناوی جۆرج ئاندریۆف قایل بکات بۆ ئەوەی زانیاری بۆ ئێران کۆ بکاتەوە.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەلیاسفۆف لە بەرامبەر ئەو زانیارییانەدا دوو هەزار ٥٠٠ دۆلاری لە ئێران وەرگرتووە و ئاندریۆف'یش ٥٠ دۆلاری وەرگرتووە.
دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە، (شین-بێت) و پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە لە ماوەی رابردوودا چەندین سەربازیان دەستگیر کردووە کە پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەبووە.