ئەحمەد شەرع: هەزاران خۆبەخش پەیوەندییان بە سوپای نوێی سوریاوە کردووە
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری نوێی سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند، لە پاش روخانی ئەسەد، هەزاران خۆبەخش پەیوەندیان بە سوپای نوێی سوریاوە کردووە.
لە پۆدکاستێکی دەنگیدا لەگەڵ ئەلیستەر کامپبێل، وتەبێژی پێشووی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و ڕۆری ستیوارت، وەزیری پێشووی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، بە سەرباز کردنی ناچاریمان نەسەپاندووە، بەڵکو بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هاووڵاتییان خۆیان هەڵیان بژاردووە پەیوەندی بە سوپای نوێی سوریاوە بکەن.
شەرع ڕوونیشیکردەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا و لە دوای ململانێکانی 2011 کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نیو ملیۆن کەس، لە ترسی سەرباز گیری ناچاری ژمارەیەکی زۆر گەنج لە سوریا هەڵاتوون و ئەمەش گەورەترین نیگەرانی سورییەکان بوو، بەڵام ئێمە ئەمەمان نەهێشتووە.
لە 29ـی 1، کاتی دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی، ئیدارەی نوێ زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد کە تیایدا فەرمان درابوو هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، جگە لە سوپا و خزمەتگوزارە ئەمنییەکان.