ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی باڵی سەربازی حەماس، کەمێک پێش ئێستا (دووشەممە) رایگەیاند، رادەستکردنی ئەو زیندانییە ئیسرائیلیانەی بڕیار بوو شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن، بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بەرامبەر ئاگربەستەکە دواخرا.

ئەبو عوبەیدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا سەرکردایەتی حەماس، چاودێری پێشێلکارییەکانی دوژمن و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەیان کردووە، لەوانە دواخستنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە، بە ئامانجکردنیان بە بۆردومان و تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، هەروەها نەهێنانی ئەو کەرەستە فریا گوزارییانەی رێککەوتنیان لەسەر کرابوو" 

هاوکات وتیشی: بۆیە رادەستکردنی زیندانیانی ئیسرائیلی کە بڕیار بوو رۆژی شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن، تا ئەوکاتەی داگیر کار پابەند دەبێت بە ئاگر بەستەو قەرەبوو کردنەوەی کارەکانی هەفتەی داهاتوو دوادەخرێت.