دەزگای پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، شاندی ئیسرائیل لە دۆحە گەڕاونەتەوە و سبەی ئەنجومەنی وەزارەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی باسی لەوەکرد قەتەر ناڕازییە لە لێدوان و هەڵسوکەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە غەززە و بەرەو پێش چوونەکان. 

لە بەرامبەردا کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، وابڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی حکومەت دا، تاوتووێی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە بکات، ئەم کۆبونەوەیە هاوشانی لێدوانێکی دەیڤید مینسەر، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیلە کە وتی؛ هەتا نەگەین بە ئامانجەکانمان کۆتایی بە شەڕ ناهێنین. 

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە بۆ باسکردنە و دارشتنەوەی هەڵوێستی نوێی ئیسرائیلە پێش دەستپێکردنەوەی یەکجاری گفتوگۆکان بۆ ئاگر بەست. 

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی ماریڤ بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بیر لە بەردەوامیدان بە  ئازادکردنی دیلەکان دەکاتەوە و دەیەوێت پێش هاتنی مانگی رەمەزان دیلەکان ئازادبکرێن.